کامران قاسمی، زیندانیی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ورمێ، دوای بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ قبووڵکردنی داواکارییەکانی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەمەوە (٥ی مارس) بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لە ئاست ڕێگریکردنی بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتلاعاتدا لە پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی و ئازادیی مەرجدار، مانی لە خواردن گرتبوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کامران قاسمی ڕۆژی ڕابردوو دوای بەڵێنی بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ قبووڵکردنی داوای ئازادیی مەرجدار لە خاکەلێوەی ساڵی داهاتوودا (ئاوریلی ٢٠٢٤) بە شێوەی کاتی کۆتایی بە مانگرتنەکەی لە قەرەنتینەی ئەم زیندانەدا هێناوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە دوێنێ دوای کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکە گەڕێنراوەتەوە بۆ بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی ئەم زیندانە.

کامران قاسمی سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر لە نیوەی ماوەی سزای ٧ ساڵ و نیو بەندکرانی تێپەڕاندووە و بەپێی یاسا مافی وەرگرتنی ئازادیی مەرجداری هەیە، بەڵام بە هۆی ناڕەزامەندی و ڕێگریکردنی بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتلاعاتەوە تا ئێستا لە مافی پشووی کاتی و ئازادیی مەرجدار بێبەش کراوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەی لە ڕۆژی ١٥ی ڕەشەمەدا (٥ی مارس) بە فەرمانی بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و هاوکات لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەیش بێبەش کرابوو.

بە وتەی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ، بەرپرسانی زیندان و نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات لە ناو زینداندا لە ڕێگای گوشار و هەڕەشەکردنەوە لە زیندانیان و بنەماڵەکانیان، پێدانی هەرجۆرە مۆڵەتێکی پشووی دەرمانی، وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پسپۆڕانە و ئازادیی مەرجداریان بەستووەتەوە بە هاوکاریکردنی زیندانیان و بنەماڵەکانیانەوە لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەکاندا.

لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەشەمەدا (٢٦ی فێبرییە) شاهین گەلەداری، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی «هەکی»ی شاری ورمێ کە لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارەدا سزای ٢ ساڵ بەندکرانی تێدەپەڕاند، بە هۆی ڕێگریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکانەوە لە پێدانی مۆڵەتی پشووی دەرمانی و بێبەشکران لە مافی ئازادیی مەرجدار، لە بەندی سەرووئەمنیی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ورمێدا دەستی دایە خۆکوشتن و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەروەها ڕۆژی ٩ی ڕەشەمەیش (٢٨ی فێبرییە) دوای هێرشکردنی گاردی زیندان بۆ سەر ئەم بەندە، حەسەن عومەرپوور، زیندانیی کورد، ئاگری لە جەستەی خۆی بەر دا کە قاچەکانی بە قورسی سووتان. هاوکات یەکێک لە هاودۆسیەکانیشی بە ناوی ئەشکان عوسماننژاد لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا تووشی سووتان بوو.

کامران قاسمی، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کەیوان ڕەشۆزادە، ئومید سەعیدی، نایب حاجیزادە و عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە.

دادگای ئەم هاووڵاتییانە دوای ساڵێک مانەوە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە کۆمەڵەدا، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. سزاکەی کامران قاسمی دوای پێشکەشکردنی داوای قبووڵکردنی بڕیارەکە و بەپێی یاسا گۆڕدرا بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لەگەڵ ئومید سەعیدی و کەیوان ڕەشۆزادەدا و وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست نادیاربوونی چارەنووسیان و گوشارەکانی نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات و جێبەجێنەکردنی یاسای جیاکردنەوەی زیندانیان لە بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا، بۆ ماوەی حەفتەیەک مانیان لە خواردن گرت.

هەروەها ڕۆژی ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٠ (٢٦ی ژوەنی ٢٠٢١) بنەماڵەی کامران قاسمی لە کاتی دیدارکردندا لە لایەن هێزەکانی زیندانەوە بێڕێزی و سووکایەتییان پێ کرا و ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایی و دەنگهەڵبڕینی ئەم زیندانییە سیاسییە، بەڵام هێزەکانی گاردی زیندان لە بەرچاوی بنەماڵەکەیدا پەلامار و ئەشکەنجەیان دا.