دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی دژ بە کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی، بە سەدان هاووڵاتی لە شارەکانی پارێزگای کوردستاندا دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکان و زیندانی ناوەندیی سنە. گواستنەوەی ئەم ڕێژە بەربڵاوەی دەستبەسەرکراوان بۆ زیندانی ناوەندیی سنە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ئێجگار زۆری ژمارەی بەندکراوان و هەر ئەمەیش کێشە و گرفتی فراوانی بۆ بەندکراوان و دەستبەسەرکراوان دروست کردووە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئیدارەی گشتیی ڕێکخراوەی زیندانەکانی پارێزگای کوردستان بە هاوکاریی دامودەزگا ئەمنییەکان کۆمیتەیەکی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دۆخە پێک هێناوە و مێهرداد عەباسی، بەرپرسی پاراستنی زانیارییەکانی ئیدارەی گشتیی ڕێکخراوەی زیندانەکانی پارێزگا، کراوەتە سەرۆکی ئەم کۆمیتەیە. ئەندامانی تری کۆمیتەکە بریتین لە کوولیوەند، بەرپرسی یەکەی پارێزگاری لە زیندان، ئەمینی، بەرپرسی بەشی پاراستنی زیندان، عەباس فێعلەگەری، سەرۆکی بەشی پشکنینی زیندان و مێهدی قەوامی کە لە فەرمانبەرانی زیندانە.

مێهرداد عەباسی کە پێشتر بەرپرسی پاراستنی زانیارییەکانی زیندان بووە، لە مەرگی گوماناویی دوو بەندکراوی تاوانە ئاساییەکاندا بە ناوەکانی خەسرەو جەمالیفەر و ئارام زەمانی لە چەند ساڵی ڕبردوودا دەوری هەبووە.

گواستنەوەی سەدان خۆپیشاندەری دەستبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی بەندکراوان و بەم پێیەش گرفتی وەک کەمبوونی بەرچاوی شوێن، کەمبوونەوەی بەرچاوی بەشەخواردن، نەبوونی پێداویستیی تەندروستی و تەنانەت کەمبوونی کەلوپەلی ناو فرۆشگەی زیندانی لێ کەوتۆتەوە. کۆی ئەمانە بوونە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتیی بەندکراوان و ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەزبەر (١ی ئۆکتۆبر) تێکهەڵچوونی قورس لە نێوان بەندکراوان و یەکەی پارێزگاریکردن لە زینداندا ڕووی دا کە گاردی زیندان ناڕەزایەتییەکانی بە قورسترین شێوە و بە لێدان و ئەشکەنجەی بەندکراوان سەرکوت کرد.

هێزەکانی گاردی زیندان دوای ناڕەزایەتیی بەندکراوان هێرشیان کردۆتە سەر بەندە جیاوازەکانی زیندان و بە باتۆم زیندانییەکانیان داوەتە بەر لێدانی قورسەوە.

ژمارەی بەندکراوانی ئەم زیندانە تا پێش دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان نزیکەی ٦٥٠ کەس بوو، بەڵام دوابەدوای گواستنەوەی سەدان دەستبەسەرکراو بۆ ئەم زیندانە ئێستە زیاتر لە هەزار بەندکراو لەو زیندانەدا ڕاگیراون، ئەمە لە حاڵێکدایە کە زیندانەکە تەنها بۆ نزیکەی ٤٠٠ کەس جێگەی هەیە.

جیا لەمانە، چەندەها جار دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە کەوتوونەتە بەر لێدانی یەکەی پارێزگاریکردن لە زیندانەوە کە مێهدی قەوامی دەوری سەرەکیی لە لێدانەکاندا هەبووە.

دەوترێت دۆخی ڕاگرتنی بەندکراوانی ئەم زیندانە لە دوو حەفتەی ڕابردوودا زۆر خراپ بووە و لە حاڵێکدا کە نزیکەی ٢٠٠ خۆپیشاندەر لە هۆڵە وەرزشییەکەی زیندان ڕاگیراون، ژمارەیەکی تریشیان ڕەوانەی ناو بەندەکانی تر کراون.

دوابەدوای گواستنەوەی دەستبەسەرکراوان بۆ بەندە گشتییەکان، هاتوچۆی ڕۆژانەی نێوان بەندەکان قەدەغە کراوە و هەر بەندێکیش گۆڕدراوە بۆ بەندی گشتی کە لە ٤٠ تا ١٢٠ بەندکراویان تێدایە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکان، خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراو بە نۆبە و بە شێوەی ڕۆژانە ڕادەستی دامودەزگا ئەمنییەکان دەکرێن و دواتر لە حاڵێکدا کە بە قورسی ئەشکەنجە دراون دەبرێنەوە بۆ زیندان.