خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دژ بە کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی پێی نایە نێو چوارەم حەفتەوە؛ سەرەڕای بارودۆخی قورسی ئەمنی و سەربازی، تا ئێستایش ئەم ناڕەزایەتییانە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە هەندێ شاری وەک سنە، سەقز، دێولان، دیواندەرە، کرماشان، مەریوان، مەهاباد، بۆکان، کامێران، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی و قوروەدا درێژەی هەیە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا لانیکەم ٣٠ کەس کە ٥ منداڵیشیان تێدایە، لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، پیرانشار، دیواندەرە، سەقز، سنە، مەریوان، کرماشان، شاباد، ئیلام، قەزوین، وەرامین و کەرەج بە تەقەی هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەت و بەسیج کوژراون.

هەر لەم ماوەیەدا لانیکەم ٨٢٥ خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکان بریندار بوون و لانیکەم ٣ خۆپیشاندەر لە شارەکانی دیواندەرە، ورمێ و بیجاڕ بە هۆی ئەوەی گوللەی ساچمە بەر دەموچاویان کەوتووە، یەکی چاوێکیان لەدەست داوە.

لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٢٠٠٠ خۆپیشاندەر لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا لە شارەکانی ورمێ‌، شنۆ، تیكاب، مەهاباد، پیرانشار، سه‌رده‌شت، بۆكان، دیوانده‌ره‌، قوروه‌، سه‌قز، بیجار، مه‌ریوان، بانه‌، دێۆلان، كامێران، جوانڕۆ، پاوه‌، كرماشان، سەلاسی باوەجانی، شاباد، ئیلام و ئاودانان ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

چەند خۆپیشاندەرێک کە لەبەر بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەدا دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە یان بە بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کراون، باس لە ئەشکەنجەدانی خۆیان و دەستبەسەرکراوانی تر لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شارە جیاوازەکاندا دەکەن.

بە وتەی ئەم کەسانە، ژمارەیەکی زۆر لە دەستبەسەرکراوان کە لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە بە قورسی ئەشکەنجە درابوون و ئاسەواری ئەشکەنجەکە لەسەر جەستەیان دیار بوو، تا ئێستایش ئازاد نەکراون.

یه‌كێك لەو‌ خۆپیشانده‌رانەی كه‌ چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وپێش لە ورمێ ئازاد کراوە بە تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: «لە چەند حەفتەی ڕابردوودا نزیکەی ٢٥٦ کەس کە لە لایەن دامودەزگا جۆراوجۆرە ئەمنییەکانەوە لە گەڕەکە جیاوازەکانی ورمێدا دەستبەسەر کرابوون، گوازراونەتەوە بۆ بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، زۆربەی ئەم کەسانە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی پۆلیسی ئەمنییەتی ورمێ، ناسراو بە پۆلیسی ٩ پلەکانە، ڕاگیراون و لەم ماوەیەدا هێزە ئەمنییەکان بە قورسی بە باتۆم ئەشکەنجەیان داون. دەستبەسەرکراوان دوای چەند ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان لە دەستبەسەرگەی ٩ پلەکانە، براونەتە بەردەم لقی ١٠ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ و تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە و هەرکامەیان حوکمی ٦ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بۆ دەرکراوە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «لانیکەم ٥٠ منداڵ کە لە ناو خۆپیشاندانەکاندا دەستبەسەر کرابوون، لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئەمنییەتەوە ڕەوانەی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت کراون. هەروەها ٢٥٦ کەسی دیکەیش براونەتە بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کە بۆ ڕاگرتنی دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە چۆڵ کرابوو. لە کاتی گواستنەوەی دەستبەسەرکراواندا بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، گاردی زیندان لە حەوشەی سەرەکیی زینداندا تۆنێلی تۆقاندنیان دروست کردووە و دەستبەسەرکراوانیان ناچار کردووە بەو تۆنێلەدا تێپەڕن و بە قورسی لێیان داوان».

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا زیادی کرد: «لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی شاری ورمێدا لانیکەم ٣٨٥ کەس دەستبەسەر کراون و لە دەستبەسەرگەکانی پۆلیسی ئەمنییەت، ئاگاهی، ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپادا ڕاگیراون. هیچ زانیارییەک لەسەر دەیان خۆپیشاندەر لە بەردەستدا نییە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنمدا بریندار ببوون».

هاووڵاتییەکی تر لە شاری کرماشان بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «دەیان خۆپیشاندەر کە لە خۆپیشاندەکانی شاری کرماشاندا دەستبەسەر کراون لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە سەربازگەی نەبیی ئەکرەمی سپادا ڕاگیراون. دەستبەسەرکراوان کە لە ناویاندا منداڵیش هەیە، بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراونەتە ژێر ئەشکەنجەی قورسەوە».

بە وتەی ئەم هاووڵاتییە، لانیکەم ٦٥٠ خۆپیشاندەر لە لایەن دامودەزگای وەک پۆلیسی ئەمنییەت، دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە خۆپیشاندەکانی شاری کرماشاندا دەستبەسەر کراون.

هەندێ لە خۆپیشاندەران کە لەم ڕۆژانەی دواییدا ئازاد کراون، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیان وت کە لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، سەقز، دیواندەرە، مەریوان، سنە، کامێران، کرماشان، شاباد، جوانڕۆ، قوروە و بیجاڕدا لە کاتی دەستبەسەربووندا بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە بە باتۆم و شیش بە قورسی ئەشکەنجە دراون.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس لە شارە جیاوازەکاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سنە درێژەی پەیدا کردووە، هێزەکانی پۆلیس، بەسیج و جلوبەرگ مەدەنی لە گەڕەکە جیاوازەکانی ئەم شارەدا ماڵی هاووڵاتییانیان بە گازی فرمێسکڕێژ و چەکی ساچمەزەن کردووەتە ئامانج.

چەندین سەرچاوە لە شاری سنە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیان وت: «یەکەی ماتۆرسیکلێتی پۆلیس و بەسیجی سپای پاسداران لە ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەردا (١٤ی ئۆکتۆبر) لە شەقامی جامی جەم دەرگای ماڵی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانیان داوەتە بەر دەسڕێژ. هەروەها لە چەند شەوی ڕابردوودا ماڵی هاووڵاتییانی گەڕەکی بەهارانیان کردووەتە ئامانج کە بە هۆی هەناسەتەنگیی گازی فرمێسکڕێژەوە چەندین هاووڵاتی ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکان کراون».

ناسنامەی ئەو خۆپیشاندەرانەی بە تەقەی هێزەکانی پۆلیس و بەسیجی سپای پاسداران کوژراون بەم چەشنەیە:

١. موحسین محەممەدی، خەڵکی دیواندەرە، لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوو و ڕۆژی دواتر لەبەر قورسبوونی برینەکانی لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەست دا.

٢. فەرەیدوون مەحموودی، خەڵکی سەقز کە ٣٣ ساڵان و باوکی دوو منداڵ بوو لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی شاری سەقزدا کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و گیانی لەدەست دا.

٣. ڕەزا لوتفی، خەڵکی دێولان، لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و گیانی لەدەست دا.

٤. فەرجاد دەروێشی، ٢٣ ساڵان، خەڵکی گوندی بالۆی ورمێ لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان (٢٠ی سێپتامبر) لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی گەڕەکی وەلیعەسری ورمێدا کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و گیانی لەدەست دا.

٥. زەکەریا خەیاڵ، ١٦ ساڵان و خەڵکی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان (٢٠ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی پیرانشاردا کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و گیانی لەدەست دا.

٦. مینوو مەجیدی، ٥٥ ساڵان، دایکی سێ مداڵ و خەڵکی کرماشان، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە شەقامی نەوبەهاری کرماشان کوژرا.

٧. فواد قەدیمی، ٣٩ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی دیواندەرە، لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دیواندەرەدا بریندار بوو و دوای دوو ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەست دا.

٨. دانش ڕەهنما، ٢٥ ساڵان، خەڵکی گوندی بالۆی ورمێ، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکەی ئەم گوندەدا بە تەقەی هێزەکانی بەسیج کوژرا.

٩. عەبدوڵڵا مەحموودپوور، ١٦ ساڵان، خەڵکی گوندی بالۆی ورمێ، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکەی ئەم گوندەدا بە تەقەی هێزەکانی بەسیج کوژرا.

١٠. ئەمین مەعریفەت، ١٦ ساڵان، خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکەی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.

١١. میلان حەقیقی، ٢١ ساڵان، خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکەی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.

١٢. سەدرەدین لیتانی، ٢٧ ساڵان، خەڵکی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکەی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.

١٣. موحسین قەیسەری، ٢٥ ساڵان، خەڵکی ئیلام، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە شەقامی تاڵەقانیی ئیلام کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و کوژرا.

١٤. ئەمیرعەلی فوولادی، خەڵکی شاباد، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە نزیک قایمقامییەت (فەرمانداری)ی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی هێزە چەکدارەکان و کوژرا.

١٥. سەعید محەممەدی، ٢٢ ساڵان، خەڵکی شاباد، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە نزیک قایمقامییەت (فەرمانداری)ی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی هێزە چەکدارەکان و کوژرا.

١٦. ئیمان محەممەدی، ٢٢ ساڵان، خەڵکی شاباد، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە نزیک قایمقامییەت (فەرمانداری)ی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی هێزە چەکدارەکان و کوژرا.

١٧. ڕەزا شەهپەرنیا، ٢٣ ساڵان، خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرماناندا (٢٠ی سێپتامبر) لە کرماشان کەوتە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکان و دەیان ساچمە بەر لەشی و گوللەیەکیش بەر دڵی کەوت و کوژرا. تەرمەکەی دوای دوو ڕۆژ بە وەرگرتنی بەڵێننامە ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و لە کرماشان ئەسپەردە کرا.

١٨. ئەمیرحسەین بەساتی، ١٦ ساڵان، خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) لە مەودای چەندمەترییەوە کەوتە بەر دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزەکانی پۆلیس و کوژرا.

١٩. محەممەد زارعی، هاووڵاتیی خەڵکی سونقوڕی پارێزگای کرماشان و دانیشتووی قەرچەکی وەرامین، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارە لە ناوچەی «باقرئاوا» بە تەقەی هێزە چەکدارەکان کوژرا.

٢٠. عەلیڕەزا فەتحی، ٢٢ ساڵان، خەڵکی سونقوڕی پارێزگای کرماشان، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) لە ناوچەی پیشەسازیی ئەلوەندی قەزوێن بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.

٢١. ڕووزبێهـ خادمیان، ٣٢ ساڵان، خەڵکی سونقوڕی پارێزگای کرماشان و دانیشتووی کەرەج، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.

٢٢. عەبدولسەلام قادر گەلوان، خەڵکی شنۆ کە لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) بە تەقەی هێزە چەکدارەکان بریندار ببوو، ڕۆژی ٤ی ڕەزبەر (٢٦ی سێپتامبر) لەبەر قورسبوونی برینەکانی لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.

٢٣. سەمەد بەرگی‌نیا، ٥٢ ساڵان و خەڵکی پیرانشار کە لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرماناندا (٢٠ی سێپتامبر) بە تەقەی هێزە چەکدارەکان بریندار ببوو، ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر (٢٨ی سێپتامبر) لەبەر قورسبوونی برینەکانی لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.

٢٤ موختار ئەحمەدی، خەڵکی مەریوان، ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەزبەر (١ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە چەکدارەکان کوژرا.

٢٥. نیما شەفەقدووست، منداڵی ١٦ ساڵانی دانیشتووی گەڕەکی کوشتارگای ورمێ، لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر تەقەی هێزەکانی پۆلیس، دەیان ساچمەی بەرکەوت و بە قورسی بریندار بوو. تەرمی ئەم منداڵە ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەر (٥ی ئۆکتۆبر) لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

٢٦. پەیمان مینبەری، ٢٥ ساڵان، خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر گوللەی هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان و لە پشتەسەرەوە پێکرا و گیانی لەدەست دا.

٢٧. داریووش عەلیزادە، خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا لە شەقامی سیرووس کەوتە بەر گوللەی هێزە ئەمنییەکان و کوژرا.

٢٨. محەممەد ئەمینی، ٣٣ ساڵان، خەڵکی سنە، شەوی ١٦ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا لە گەڕەکی کارئامووزی لە مەودای نزیکەوە کەوتە بەر گوللەی هێزە ئەمنییەکان و کوژرا.

٢٩. یەحیا ڕەحیمی، خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبر) لە حاڵێکدا کە بە ئۆتۆمبێلی پرایدەکەی خۆی لە سێ ڕیانی تاج لە ڕۆیشتندا بوو، لەبەر هۆڕین لێدان کەوتە بەر دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان و کوژرا.

٣٠. ئارین موریدی، لاوی خەڵکی سەلاسی باوەجانیی پارێزگای کرماشان، لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبر) لە یەکەم ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوو و ڕۆژی دواتر لەبەر قورسبوونی برینەکانی لە ناوەندێکی پزیشکیی کرماشان گیانی لەدەست دا.