بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوانیوەڕۆی پێنجشەممە ١٧ی سەرماوەز (٨ی دێسامبر) هاووڵاتییەکی ٢٣ ساڵانی کورد بە ناوی شادمان ئەحمەدی دوای ئەوەی دەستبەسەر کراوە لە دەستبەسەرگەی بنکەی پۆلیسی دێولان گیانی لەدەست داوە.

ئەم هاووڵاتییە دوانیوەڕۆی پێنجشەممە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا دەستبەسەر کراوە و دوای چەند کاتژمێر بنەماڵەکەی ئاگادار کراونەتەوە کە منداڵەکەیان لە دەستبەسەرگەدا گیانی لەدەست داوە.

بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندووە کە کوڕەکەیان لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی پۆلیسدا کوژراوە.

کاناڵێکی تێلێگرامیی نزیک لە سپای پاسدارانی کوردستان پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی «تێکدانی کەلوپەلی گشتی، تۆقاندن و تێکدانی ئارامیی گشتی» لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دێولاندا دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەرانسەریی خەڵکی ئێرانەوە لە دوای کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی، تا ئێستا لانیکەم ١١٥ هاووڵاتیی کورد لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شار و گوندەکانی کوردستان و ناوچەکانی تری ئێراندا بە دەستی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. ١٢ کەس لە گیانبەختکردووان منداڵ بوون.