بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی جەواد ئایاتی، هێدی نازمی، پەیمان مەنسووری و فایەق حسەینپوور کە لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەڵاڕێزاندا (٢٠ی نۆڤامبر) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەستبەسەر کراون، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدان.

ئەم چوار هاووڵاتییە لە ساتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیان پێ نەدراوە. بەرپرسانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەهاباد بە بنەماڵەی ئەم چوار هاووڵاتییەیان ڕاگەیاندووە کە تا کاتێک ئەم کەسانە ددان بە تاوانباربوونی خۆیاندا نەنێن لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا دەمێننەوە.

دەوترێت ئەم چوار هاووڵاتییە دوای ئەوەی لە مەهاباد دەستبەسەر کران یەکسەر ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراون و بە مەبەستی قبووڵکردنی ئەو تۆمەتانەی لە لایەن لێپرسەوەکانەوە ڕووبەڕوویان کراوەتەوە، خراونەتە ژێر زەخت و گوشارەوە.