بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی چوارشەممە ١٤ی بەفرانبار (٤ی ژانڤییە) پەرهام پەروەری، وەرزشکاری دەستبەسەرکراو لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا، دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە کراوە.

ئەم لاوە ٢٥ ساڵەیەی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران، لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەردا (٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە تاران دەستبەسەر کرا و ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعات لە زیندانی ئێڤین کرا.

ناوبراو لە کاتی لێپرسینەوەکاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی دراوە، بە شێوەیەک کە تا ئێستایش ئاسەواری ئەشکەنجەکان لەسەر جەستەی ماوەتەوە. هەروەها لە ماوەی دەستبەسەربوون لە بەندی ٢٠٩دا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر گوشارە و هەڕەشەوە.

پەرهام پەروەری لە لایەن دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤینەوە، لەبەر بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا تۆمەتی «موحارەبە»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.