لە ڕۆژانی ڕابردوودا تەوحید (لوقمان) دەروێش، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی خۆی و لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تەورێز، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تەورێزەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ئەهواز و هەروەها ٥ میلیارد تمەن غەرامە لە بەرژەوەندیی بانکدای بەسەردا سەپاوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بەفرانبار (٨ی ژانڤییە) ئەم زیندانییە سیاسییە لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا وتوویەتی کە حوکمەکەی لە ناو زیندانی تەورێزدا پێ ڕاگەیەنراوە».

مەسعوود شەمس‌نژاد، پارێزەری پلە یەکی یاسایی، حەفتەی پێشوو ڕایگەیاند کە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تەورێز ڕێگەی پێ نەداوە ئەرکی پارێزەریی دۆسیەکەی تەوحید دەروێش بگرێتە ئەستۆ.

تەوحید دەروێش لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەردا (٢٩ی سێپتامبر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تەورێز دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆی و دیداری بنەماڵەی پێ نەدراوە و لە دوایین پێوەندیی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر ئەشکەنجەوە.

تەوحید دەروێش کە تەمەنی ٢٧ ساڵ و شۆفێری ئێسنەپ بووە، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «گرناویک»ی ناوچەی کوتولی شاری خۆیە. بنەماڵەی دەروێش لە بوومەلەرزەکەی ڕەشەمەی ١٣٩٨دا (فێبرییەی ٢٠٢٠) ماڵەکەیان ڕووخاوە و هەر بۆیە ناچار بوون گوندەکەیان بەجێ بێڵن و لە شاری خۆی نیشتەجێ بن.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەردا (٢٩ی سێپتامبر) دوای ئەوەی چەند موسافیرێکی لە خۆیەوە بردووەتە تەورێز، لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. هێزە ئەمنییەکان هۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبراویان گەڕاندووەتەوە بۆ بەشداریکردنی لە سووتاندنی بانکێک لە خۆپیشاندانەکانی تەورێزدا.