میلاد کەریمی و موحسین بەشیری، ئەو دوو زیندانییە کە لە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەنداندا (٣١ی ژانڤییە) دوای ڕاگەیاندنی مانگرتن لە خواردن ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراون، تا ئێستایش بەردەوامن لە مانگرتنەکەیان. هەروەها ئێوارەی دووشەممە ١٧ی ڕێبەندان (٦ی فێبرییە) دوو بەندکراوی تر بە ناوەکانی حەمید ڕووزئەفزا و سالار محەممەدی بە قورسی کەوتوونەتە بەر لێدانی هێزەکانی پاسەوانی و گاردی زیندان و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر خراونەتە ژوورە تاکەکەسییەکانەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، میلاد کەریمی و موحسین بەشیری لە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندانەوە (٣١ی ژانڤییە) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست نەگواستنەوەیاندا بۆ زیندانی ئەو شارانەی شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانیانە، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ مانیان لە خواردن گرتووە و تا ئێستاش درێژەیان بە مانگرتنەکەیان داوە و هاوکات لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەیش بێبەش کراون.

زیندانییەکی تر بە ناوی موحسین مورادی کە لەگەڵ ئەم دوو زیندانییەدا مانی لە خواردن گرتبوو، دوای ٣ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە و گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو بەندی گشتی.

هاوکات بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی دووشەممە ١٧ی ڕێبەندان (٦ی فێبرییە) دوو بەندکراوی خەڵکی ورمێ بە ناوەکانی حەمید ڕووزئەفزا و سالار محەممەدی لەبەر ئەوەی لە کاتی سەرژمێریدا هاتوچۆیان بە ناو بەندەکەدا کردووە، لە لایەن دوو پاسەوانی زیندانەوە بە ناوەکانی بابایی و سوگولی و چەندین کەسی تر لە ئەندامانی هێزەکانی گاردی زیندان، بە قورسی بە باتۆم لێیان دراوە و ئەشکەنجە کراون. ئەم دوو زیندانییە پاش ئەشکەنجەدران خراونەتە ژووری تاکەکەسییەوە و تەنها دوای ئەوەی کە ناچار کراون واز لە شکاتەکەیان بهێنن کە بە هۆی ئەو لێدان و ئەشکەنجەیەوە لەسەر فەرمانبەرانی زیندان تۆماریان کردبوو، ڕۆژی ڕابردوو گەڕێنراونەتەوە بۆ ناو بەندی گشتی.