لەڕۆژانی ڕابردوودا هادی ڕوستەمی، زیندانیی مەحکووم بە بڕینەوەی ئەندامی جەستە، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» لە لایەن دادگای کەیفەریی ورمێوە سزای ٨ مانگ بەندکران و ٤٥ قامچیی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم حوکمە لە کۆتاڕۆژەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (مارسی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ورمێوە دەر کراوە و دوێنێ سێشەممە ٨ی خاکەلێوە (٢٨ی مارس) لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا بەم زیندانییە ڕاگەیەنراوە.دەوترێت دۆسیەکە لەسەر داوای فەرهاد حاجبیی میاندواوی، بەرپرسی بەشی پشکنینی زیندانی ناوەندیی ورمێ، کراوەتەوە.

هادی ڕوستەمی پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٩دا (٢٠٢٠) هەر بەم تۆمەتە سزای ٨ مانگ بەندکران و ٦٠ قامچیی بەسەردا سەپابوو کە سزای قامچییەکە لە گوڵانی ١٤٠٠دا (مەیی ٢٠٢٠) لە دادگای ورمێ جێبەجێ کرابوو.

هادی ڕوستەمی، باوکی منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت و خەڵکی ئیلام، لە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ (٢٥ی ئاگۆستی ٢٠١٧) لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان لە شاری ورمێ دەستبەسەر کرا.

هادی ڕوستەمی پێشتر لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ کۆمیسیۆنی لێبخۆشبوون و بەخشینی دەزگای دادوەریی ئێران و هەروەها ڕاپۆرتکاری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران کە نوسخەیەکیشی نێردرابوو بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نووسیبووی: «من، زیندانی هادی ڕوستەمی کوڕی ناسر بە ژمارە دۆسیەی ١٠٠٤٠٣ لە دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست و چەندین میلیارد غەرامەی ڕادەستکردنەوەی ماڵی دزراوم بەسەردا سەپاوە. لە پێنج ساڵ لەمەوپێشەوە تا ئێستە لە زینداندام و لە ئیدارەی ئاگاهیی چەندین شار و لەوانە ورمێ، ئەردەبیل و بەندەر ئەنزەلی خراومەتە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییەوە».
ئەم زیندانییە لە درێژەی نامەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە لە کۆی ئەو ٢٨ حاڵەتی دزینە کە لە دۆسیەکەیدا ئاماژەی پێ کراوە ئاگای لە ٢٠ حاڵەتیان نییە و دادگایش بەبێ گوێگرتن لە داکۆکییەکانی حوکمی بێبەزەییانەی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی بەسەردا سەپاندووە.
ئەم حوکمە لە لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی بەردەم لقی ٨ی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ کراوە.