سەجاد مورادیوەندان، هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان کە نزیکەی ٢ مانگ لەمەوپێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا، لە ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمەوە (١٤ی مارس) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست مانەوە لە دۆخی دەستبەسەربووندا، بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتووە. دەوترێت دۆخی تەندروستیی ئەم هاووڵاتییە ناجێگیر و مایەی نیگەرانییە و تا ئێستا بەرپرسانی زیندان و دادگای ئیلام ئامادە نەبوون بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی بکەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هاووڵاتییە کە لەبەر مەترسیی دەستبەسەربوون بە ناچاری شاری ئاودانانی بەجێ هێشتنبوو، ڕۆژی ١٠ی رێبەندانی ساڵی ڕابردوو (٣٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری مەسجدسولەیمان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام. پاشان بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و ڕۆحییەوە.

دەوترێت ددانێکی ئەم هاووڵاتییە لەژێر ئەشکەنجەدا شکاوە و دوای چەند حەفتە لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامدا، ڕەوانەی دەستبەسەرگەی کاتیی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراوە.

دادگای ئیلام و ئاودانان بە هۆی زەخت و گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتەوە تا ئێستا ئامادە نەبوون بڕیاری دەستبەسەربوونەکەی بگۆڕن بۆ بڕیاری بارمتە، هەر بۆیە ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمەوە (١٤ی مارس) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست مانەوە لە دۆخی دەستبەسەربووندا، بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتووە.