ڕۆژی ڕابردوو ٣١ی گوڵان (٢١ی مەی) کەسانی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر مەزاری ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز و جامی سەر بەردەکەیان شکاندووە. هەروەها لە چەند حەفتەی ڕابردوودا دامودەزگا ئەمنییەکانی سەقز بە هەڕەشە و گوشار ڕێگرییان کردووە لە دروستکردنی کەپر بەسەر مەزارەکەی ژینا ئەمینییەوە.

ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: «بە داخەوە سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە کەسانێکی سووک و بێشەرم کە لە ڕابردوویشدا هاوشێوەی ئەم کارانەیان کردووە، هێرشیان کردووەتە سەر مەزاری نەمر ژینا ئەمینی و شێواندوویانە، ئەو وێنانەی لە لایەن دایک و باوکی ژیناوە بە دەستی من گەیشتووە ئەم هەواڵە پشتڕاست دەکاتەوە».

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: «تەنانەت ڕێگرییان کردووە لە دروستکردنی کەپرێک بەسەر مەزاری ژیناوە و ئەو لەحیمکارەیش کە بڕیار بووە کەپرەکە دروست بکات، ناچار کراوە واز لە دروستکردنی بهێنێت، ئەگینا دووکانەکەی دادەخەن».

ئەشکان ئەمینیی برای ژینا ئەمینی ڕۆژی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی وێنەی جامە شکاوەکانی سەر بەردەقەبری خوشکەکەی بۆ دووهەم جار لە چەند مانگی ڕابردوودا لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆی، نووسیویەتی: «جامی سەر گۆڕەکەیشت ئازاریان دەدات، هەزار جار بیشکێنن دیسان دروستی دەکەینەوە، با بزانین کێ ماندوو دەبێت».

ژینا ئەمینی، کچەکوردی خەڵکی سەقز، ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو (١٣ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە شەقامێکی تاران لە لایەن گەشتی ئیرشادەوە (دەوریەی پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقیی کۆماری ئیسلامیی ئێران) بە توندیتیژییەوە و لەبەر «حیجاب» دەستبەسەر کرا و کەمتر لە دوو کاتژمێر دوای گواستنەوەی بۆ بنکەی پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقیی تاران لە شەقامی وزەرا، بە هۆی قورسبوونی ئەو لێدان و زەبرانەوە کە لە لایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادەوە بەر سەری کەوتبوو، لەسەر خۆ چوو و ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەسرای تاران کرا. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ژینا لە کاتێکدا ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو کە بە هۆی قورسبوونی ئەشکەنجەکانەوە تووشی مەرگ (وەستان)ی مێشک ببوو. ژینا سێ ڕۆژ دواتر لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرماناندا (١٦ی ئۆکتۆبر) لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەست دا.

ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی وەک ڕەوتی هەمیشەیی خۆی و لە سیناریۆیەکی دووبارەدا هۆکاری مردنی ژینا ئەمینیی گەڕاندەوە بۆ «جەڵدەی دڵ» لە ئەنجامی «نەخۆشیی پێشووتر»دا، بەڵام بنەماڵەکەی وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم بانگەشەیە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە منداڵەکەیان پێش دەستبەسەرکران بەتەواوی تەندروست بووە. هەروەها چەند شایەتحاڵێک کە خۆیان لە ڕیزی دەستبەسەرکراوانی گەشتی ئیرشاد لە کات و شوێنی دەستبەسەرکردنی ژینا و لە هەمان ئەو ئۆتۆمبێلە و لەگەڵ ژینادا بوون، دواتر پشتڕاستیان کردەوە کە هێزەکانی پۆلیس ئەشکەنجەی ژینایان داوە و ئەمە بووەتە هۆی شکانی کاسەسەری. بە وتەی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، تا ئێستا هیچ ڕێکار و بەدواداچوونێکی یاسایی لە ئاست دۆسیەکەیدا نەگیراوەتە بەر و لێکۆڵینەوەکان بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر و بنەماڵەکەی بەڕێوە چووە.