پەرهام پەروەری، وەرزشکاری خەڵکی سەقز، دوای نزیکەی ٩ مانگ دەستبەسەربوون لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە سزای ١٠ ساڵ بەندکران لە زیندانی جاسک و پێنج ساڵ بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کۆبوونەوەی دادگای پەرهام پەروەری ڕۆژی ٧ی جۆزەردان (٢٧ی مارس) بە ئامادەبوونی مازیار تاتایی، پارێزەی پەرهام، لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد بەڕێوە چوو، لەم دادگایەدا کۆمەڵێک تۆمەت و لەوانە «موحارەبە» ڕووبەڕووی پەرهام پەروەری کرایەوە و ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی جۆزەردان (٢٠ی ژوەن) حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە.

سروە سووزەنی، دایکی ئەم وەرزشکارە، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە بەپێی حوکمەکە، کوڕەکەی سزای ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی جاسکی پارێزگای هورموزگان و هەروەها پێنج ساڵ بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپاوە.

پەرهام پەروەری، وەرزشکاری ٢٥ ساڵانی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران، لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە تاران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی بەندی ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعات لە زیندانی ئێڤین.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکردندا کەوتە بەر ئەشکەنجە و لێدانی قورسی هێزە ئەمنییەکانەوە، بە چەشنێک کە ئاسەواری ئەو ئەشکەنجانە تا ئێستایش لەسەر جەستەی ماوەتەوە. هەروەها لە ماوەی لێپرسینەوەکاندا لە بەندی ٢٠٩، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر گوشار و هەڕەشەی فراوانەوە. دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین لەبەر بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا تۆمەتی «موحارەبە»ی ڕووبەڕووی پەرهام پەروەری کردبووەوە.

ئەم وەرزشکارە کوردە لە رێکەوتی ١٤ی بەفرانباری ١٤٠١دا (٤ی ژانڤییە) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە یان هەمان زیندانی فەشافوویە کرابوو.