هادی ڕوستەمی، زیندانیی مەحکووم بە بڕینەوەی ئەندامی جەستە، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە باسی لە مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکەی خۆی لە ڕۆژانی داهاتوودا کردووە.

ئەم زیندانییە کە خەرمانانی ١٣٩٦ (ئاگۆستی ٢٠١٧) بە تۆمەتی «دزی» دەستبەسەر کرا و سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی بۆ دەرچووە، لە پەیامەکەیدا کە ئاڕاستەی ڕێکخراوە داکۆکیکارەکان لە مافەکانی مرۆڤ کراوە، ڕایگەیاندووە کە لەبەر دەنگهەڵبڕین لە ئاست ئەم حوکمەدا ٦ جار لە ساڵانی ڕابردوودا دوور خراوەتەوە بۆ زیندانە جیاوازەکانی ئێران و چەندەها جار بە قورسی ئەشکەنجە دراوە.

ئەم بەندکراوە لە پەیامەکەیدا هەروەها وتوویەتی کە نامەی بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوانە ڕێبەر، سەرۆکی دەزگای دادوەری و داواکاری گشتیی ئێران ناردووە: «چەندین جار سەبارەت بە دۆسیەکەم نامەم نووسیوە، بۆ سەرۆکی دەزگای دادوەری، بۆ پارلەمان و بۆ ڕێبەر. هیچیان وەڵامیان نەداومەتەوە. بە ناچار لە ساڵی ١٤٠١دا (٢٠٢٢) کە بۆ گواستنەوەی دۆسیەکەم برابوومە زیندانی تارانی گەورە، پەنام بردە بەر ڕێکخراوە جیهانییەکان، چەند جارێکیش قسەم کرد بەڵکوو ئەوان دەنگم ببیسن. لە وڵاتەکەی خۆمدا چەندین جار نامەم بۆ داواکاری گشتی، ڕێبەر، سەرۆکی پارلەمان و… نووسی بەڵام هیچیان دەنگی منیان نەبیست».

ئەم بەندکراوە لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژە دەکات بە هەڕەشەکانی عەتەباتی، سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و پەیمان خانزادە، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ، کە وتوویانە حوکمەکەت جێبەجێ دەکەین، ئەو لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت: «ڕۆژی ڕابردوو ٩ی گەلاوێژ (٣١ی جولای) هەڕەشەیان لێ کردم کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانم جێبەجێ دەکەن».

لە خوارەوە دەتوانن ئەم پەیامە دەنگییە ببیسن کە نوسخەیەکی بۆ بڵاوکردنەوە نێردراوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان:

هادی ڕوستەمی پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٩دا (٢٠٢٠) بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» سزای ٨ مانگ بەندکران و ٦٠ قامچیی بەسەردا سەپابوو کە سزای قامچییەکە لە گوڵانی ١٤٠٠دا (مەیی ٢٠٢٠) لە دادگای ورمێ جێبەجێ کرابوو. هەروەها لە کۆتاڕۆژەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (مارسی ٢٠٢٣) لەسەر داوای فەرهاد حاجبیی میاندواوی، بەرپرسی بەشی پشکنینی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ورمێوە بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» سزای ٨ مانگ بەندکران و ٤٥ قامچیی بەسەردا سەپا.

هادی ڕوستەمی، باوکی منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت و خەڵکی ئیلام، لە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ (٢٥ی ئاگۆستی ٢٠١٧) لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان لە شاری ورمێ دەستبەسەر کرا.

هادی ڕوستەمی پێشتر لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ کۆمیسیۆنی لێبخۆشبوون و بەخشینی دەزگای دادوەریی ئێران و هەروەها ڕاپۆرتکاری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران کە نوسخەیەکیشی نێردرابوو بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نووسیبووی: «من، زیندانی هادی ڕوستەمی کوڕی ناسر بە ژمارە دۆسیەی ١٠٠٤٠٣ لە دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست و چەندین میلیارد غەرامەی ڕادەستکردنەوەی ماڵی دزراوم بەسەردا سەپاوە. لە پێنج ساڵ لەمەوپێشەوە تا ئێستە لە زینداندام و لە ئیدارەی ئاگاهیی چەندین شار و لەوانە ورمێ، ئەردەبیل و بەندەر ئەنزەلی خراومەتە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییەوە».

ئەم زیندانییە لە درێژەی نامەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە لە کۆی ئەو ٢٨ حاڵەتی دزینە کە لە دۆسیەکەیدا ئاماژەی پێ کراوە ئاگای لە ٢٠ حاڵەتیان نییە و دادگایش بەبێ گوێگرتن لە داکۆکییەکانی حوکمی بێبەزەییانەی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی بەسەردا سەپاندووە.

ئەم حوکمە لە لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی بەردەم لقی ٨ی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ کراوە. 

کۆمیسیۆنی لێخۆشبوون و بەخشینی دەزگای دادوەری لە ساڵی ١٤٠٢دا (٢٠٢٣) سزای بڕینەوەی ئەندامی جەستەی ئەو دوو هاودۆسیەیەکی ئەم زیندانییەی هەڵوەشاندەوە.