سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبەر) هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا، ئەمجەد ئەمینیی باوکی ژینا لە کاتی چوونەدەرەوەدا لە ماڵەکەی خۆیان لە شاری سەقز دەستبەسەر کراوە و دوای چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە و هەڕەشە و هۆشداریدان لەسەر بەڕێوەنەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی منداڵەکەی، گەڕاندوویانەتەوە بۆ ماڵەوە. هێزە ئەمنییەکان هەروەها ماڵەکەیان گەمارۆ داوە و مۆڵەتی چوونەدەرەوە بە بنەماڵەی ژینا نادەن.

دایک و باوکی ژینا پێشتر بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وتبوویان کە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی منداڵەکەیان لەسەر مەزارەکەیدا بەڕێوە دەبەن. هێزە ئەمنییەکان لە دوو حەفتەی ڕابردوودا چەندین جار ئەمجەد ئەمینییان بانگهێشتی بەردەم ئیدارەی ئیتلاعات کردووە و داوایان لێ کردبوو ئەو بەیاننامەیە بە درۆ بخاتەوە و ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژ بەڕێوە نەبات.

لێپرسەوە ئەمنییەکان هەروەها هەڕەشەیان لە باوکی ژینا کردووە کە لە ئەگەری چالاکبوون و بڵاوکردنەوەی پەیام لە لایەن هەرکام لە ئەندامانی بنەماڵەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و چوونەسەر مەزاری ژینا و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵیادەکەی، منداڵەکەی تریان، ئەشکان، دەستبەسەر دەکەن.

پێشتر و لە درێژەی گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانی حکومەتدا بۆ سەر بنەماڵەی ژینا ئەمینی، ڕۆژی ١٤ی خەرمانان (٥ی سێپتامبەر) سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی لە شاری سەقزی زادگەی ژینا ئەمینییەوە بە دەستمان گەیشتووە، دامودەزگا ئەمنییەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ڕۆیشتنی خەڵک بۆ گۆڕستانی ئایچیی ئەم شارە، دەرچەیەکی ئاوبەندی چراوەیسیان کردووەتەوە و بەم شێوەیە هەم ڕێگای سەرەکی و هەم ڕێگای لاوەکیی گۆڕستانەکەیان داخستووە.