بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گوڵان (٩ی مەی) دوو بەندکراو بە ناوەکانی عەبدولحسەین ئیمامی موقەدەم و حسەین پەنجەک کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزڵ حەساری کەرەج کراون.

عەبدولحسەین ئیمامی موقەدەم خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان، نزیکەی ١٣ ساڵ لەمەوپێش و حسەین پەنجەک، خەڵکی تاران، نزیکەی ١٠ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کران و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا.