نیوەڕۆی دووشەممە ١٥ی گەڵاڕێزان (٦ی نۆڤامبەر) ٢ بەندکراو بە ناوەکانی ئەمین خورشیدی و ئەکبەر فەڕوخی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)یان بۆ دەرچووبوو، بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە بە بنەماڵەی ئەم دوو بەندکراوە ڕاگەیەنراوە کە ئەگەر نەتوانن ڕەزایەتی بنەماڵەی کوژراوەکان وەربگرن، بەرەبەیانی سبەینێ سزای ئەم دوو کەسە جێبەجێ دەکرێت.

ئەمین خورشیدی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «نرگێ»ی ورمێ، نزیکەی ١٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرا و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو. ئەکبەر فەڕوخی، هاووڵاتیی تورکی خەڵکی ورمێیش نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش هەر بەم تۆمەتە دەستبەسەر کرا و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.