بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ئێستەدا ٩ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی کورد بە ناوەکانی کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، پژمان فاتیحی، وەفا ئازەربار، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و ڕەزا ڕەسایی کە لە زیندانەکانی قزلحەساری کەرەج، کرماشان و دەستبەسەرگەیەکی نهێنیدا ڕاگیراون، لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەدانی خێرادان. ئەم زیندانیانە پێشتر لە زنجیرە موحاکمەیەکی نادادپەروەرانەدا بە هەندێ تۆمەتی وەک «افساد فی‌الارض»، «موحارەبه»، «سیخوڕی بۆ ئیسراییل» و «ئەنجامدانی کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وێڕای هۆشداریدان لەمەڕ مەترسیی لەسێدارەدانی ئەم ٩ زیندانییە سیاسی و مەزهەبییە کوردە و هەموو زیندانیانی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام لە ئێراندا، لەوانە موجاهید کوورکوور، فەرشید حسەینزێهی، مەنسوور دێهمەردە و…، هاودەنگ لەگەڵ بنەماڵەکانیان و ڕای گشتیدا داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانیانە و بە گشتی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە ئێراندا دەکات.

کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، فەرهاد سەلیمی و ئەنوەر خزری، چوار زیندانیی مەزهەبیی کورد کە لە بەندی ئەمنی زیندانی قزلحەساری کەرەج ڕاگیراون، تۆمەتبارانی یەک دۆسیەن و ٣ هاودۆسیەی دیکەیان بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی و داوود عەبدوڵڵاهی لە دوو مانگ و نیوی ڕابردوودا لە سێدارە دراون و ئێستە مەترسیی لەسێدارەدانی خێرای ئەوانیش لە ئارادایە.

 ئەم چوار زیندانییە مەزهەبییە لە ڕۆژی ١٣ی بەفرانبارەوە (٣ی ژانڤییە) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست لەسێدارەدانی داوود عەبدوڵڵاهی و مەترسیی لەسێدارەدانی خۆیاندا، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج مانیان لە خواردن گرتووە.

ئەم ٧ هاووڵاتییە لە مەودای نێوان ناوەڕاستی سەرماوەز تا سەرەتای ڕێبەندانی ١٣٨٨دا (دێسامبەری ٢٠٠٩ تا ژانڤییەی ٢٠١٠) لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و بۆ ماوەی چەندین مانگ لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا (مارسی ٢٠١٦) ئەم زیندانیانە بە هەندێ تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت». «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» و «افساد فی‌الارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە دادگایی کران و ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ (٢٥ی مەیی ٢٠١٦) بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و لە کۆتایی ١٣٩٥دا (٢٠١٧) حوکمەکە هەڵوەشایەوە.

دوای هەناردنی دۆسیەکە بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا (مەیی ٢٠١٨) ئەم ٧ زیندانییە جارێکی تر بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپایەوە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران و لە ڕێبەندانی ١٣٩٨دا (ژانڤییەی ٢٠٢٠) وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

سەرەڕای هەموو هەوڵ و تێکۆشانەکانی بنەماڵەکانیان و دەنگهەڵبڕینی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی و داوود عەبدوڵڵاهی لە ڕۆژانی ١٤ی گەڵاڕێزان، ٨ی سەرماوەز (٥ و ٢٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣) و ١٢ی بەفرانباردا (٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دران.

پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار چوار زیندانیی سیاسیی کوردن کە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا ڕووبەڕووی سیاسەتی «بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ» بوونەتەوە و دیار نییە لە کامە شوێندا بەند کراون.

ئەم چوار ئەندامەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕۆژی ١ی گەلاوێژی ١٤٠١ (٢٣ی جولایی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە گوندێکی ورمێ دەستبەسەر کران و بنەماڵە و پارێزەرەکەیان نەتەنها تا ئێستا هیچ پێوەندی و دیدارێکیان لەگەڵیاندا نەکردووە، بەڵکوو تەنانەت ناشزانن لە کام زینداندا ڕاگیراون.

پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار چەند مانگ لەمەوپێش لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی «موحارەبە» و «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا و لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەم حوکمە لە دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە.

دوای ئەوەی دانپیانی زۆرەملێی ئەم زیندانییە سیاسییانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرلەنوێ لە تەلەڤیزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو کرایەوە و بوو بە مایەی پەرەسەندنی ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەیان، ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە ڕێکەوتی ٢٤ی بەفرانباردا (١٤ی ژانڤییە) لە بەردەم زیندانی ئێڤیندا گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییانەیان بەڕێوە برد.

ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، هاووڵاتیی کوردی یارسانی خەڵکی شاری سەحنەی پارێزگای کرماشان، لە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) شەش رۆژ دوای ڕێوڕەسمی ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کۆمەڵگەی یارسان کە لەژێر کاریگەریی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا بوو بە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی جەماوەری، لە شەهریاری پارێزگای تاران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شاری سەحنە. ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ ماوەی حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی سەحنەدا خرایە ژێر ئەشکەنجەی قورسەوە تاکوو تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتن»ی نادر بەیرامیدا قبووڵ بکات.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ئەمساڵدا (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەریی یەکی کرماشانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر محەممەدڕەسوول حەق نەجاتی و ڕاوێژکاریی ئەمین محەممەدی، بە تۆمەتی «هاودەستی و ئەنجامدانی کوشتنی بەئەنقەست»ی نادر بەیرامی، سەرۆکی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەحنە، «هاودەستی و ئەنجامدانی بریندارکردنی بەئەنقەست بەبێ کوشتن»، «نمایشکردن و خۆنواندن بە چەقۆوە» و «تێکدانی ئارامیی گشتی لە ڕێگای ئاژاوە و مشتومڕەوە» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)، پێدانی دیە، ساڵێک بەندکران و ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە کۆتایی سەرماوەزدا (دیسامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ١٧ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران و بنەماڵەی نادیر بایرامی داوایان کردووە سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە زۆر خێرا جێبەجێ بکرێت. ڕەزا ڕەسایی ئێستا لە بەندی ٧ی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ڕاگیراوە.