دۆخی تەندروستیی کەیوان ڕەشۆزادە، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە حەوتەم ڕۆژی مانگرتنی وشکدایە، بووەتە مایەی نیگەرانییەکی گەورە. ئەم زیندانییە لە ڕۆژی ١٤ی خەرمانانەوە (٥ی سێپتامبەر) دوابەدوای گواستنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ مانگرتنی وشک لە خواردنی دەست پێ کردووە و لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەیش بێبەش کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە لە جەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی زیندانی ورمێ لە وەڵامی داواکارییەکانی ئەم زیندانییە سیاسییەدا هەڕەشەی دۆسیەسازی و دوورخستنەوەیان لێ کردووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە کە لە ڕۆژی ١٤ی خەرمانانەوە (٥ی سێپتامبەر) بە هۆی دەربڕینی ناڕەزاییەوە لە بەرانبەر بارودۆخی بەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێدا و لەسەر فەرمانی بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە، ڕایگەیاندووە تا کاتێک داوای ئازادیی مەرجداری قبووڵ نەکرێت درێژە بە مانگرتنە وشکەکەی دەدات.

کەیوان رەشۆزادە سەرەڕای ئەوەی نیوەی حوکمە ٧ ساڵ و ٦ مانگییەکەی تێپەڕاندووە، لەبەر ناڕازیبوونی ئیدارەی ئیتلاعات و بەرپرسانی زیندان لە مافی یاسایی ئازادیی مەرجدار بێبەش کراوە.

ڕۆژی ١٤ی خەرمانان (٥ی سێپتامبەر) کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسی لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەندەکەیان لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە، ناڕەزایی خۆیان لە ئاست بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانەوە لە لایەن ژمارەیەکی تر لە زیندانیانەوە لە ژوورەکانی ئەم بەندەدا ڕاگەیاند. دوای دروستبوونی دەمەقاڵە لە نێوان زیندانیانی سیاسی و بەرپرسانی زینداندا، کەیوان ڕەشۆزادە و کامران قاسمی برانە بەردەم بەشی وەرگرتن، کامران قاسمی دوای چەند کاتژمێرێک گەڕایەوە ناو بەند و کەیوان ڕەشۆزادەیش ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا. ئەم زیندانییە سیاسییەیش وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست ڕاگرتنی خۆی لە ژووری تاکەکەسیدا مانگرتنی وشک لە خواردنی ڕاگەیاند.

کەیوان ڕەشۆزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، ئومید سەعیدی، نایب حاجیزادە و عەبدولعەزیز محەممەدپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.

دادگای ئەم هاووڵاتییانە دوای ساڵێک لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە کۆمەڵەدا، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. حوکمەکە دوای پێشکەشکردنی داوای قبووڵکردنی بڕیار و بەپێی یاسا گۆڕدرا بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لەگەڵ ئومید سەعیدی و کامران قاسمیدا و وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست نادیاربوونی چارەنووسیاندا و گوشارەکانی نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات و جێبەجێنەکردنی یاسای جیاکردنەوەی زیندانیان، لە بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا بۆ ماوەی حەفتەیەک مانیان لە خواردن گرت. کەیوان ڕەشۆزادە لە جۆزەردانی ١٤٠١یشدا (ژوەنی ٢٠٢٢) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دژایەتیکردنی بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لەگەڵ داواکارییەکەیدا بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک مانی لە خواردن گرتبوو.