خالید زەمانی، زیندانی سیاسیی کورد کە سزای ٣٠ ساڵ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی یەزددا تێدەپەڕێنێت، سەرەڕای تەواوبوونی زیاتر لە نیوەی سزاکەی، بە هۆی دژایەتیکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری خۆیەوە لە مافی ئازادکردنی مەرجدار بێبەش کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەم مانگانەی ڕابردوودا شۆرای پۆلێنبەندیی زیندانی ناوەندیی یەزد و دادوەری چاودێری زیندان ڕەزامەندیی خۆیان بۆ داوای ئازادکردنی مەرجداری خالید زەمانی نیشان داوە، بەڵام بە هۆی دژایەتیکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە مافی ئازادیی مەرجدار و مۆڵەتی پشووی کاتی لەم زیندانییە سیاسیە کوردە زەوت کراوە.

خالید (سادق) زەمانی لە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ١٣٨٧دا (٣٠ی ژوەنی ٢٠٠٨) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری خۆی دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی چەندین حەفتە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەدا خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە دوای ماوەیەک لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی خۆیەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەورۆزی بە تۆمەتی «موحارەبە» لە رێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای «بڕینەوەی دەستی چەپ و قاچی ڕاست»ی بەسەردا سەپا.

دوای تانەدانی خالید زەمانی لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و لەوێ هەڵوەشایەوە و ئەم زیندانییە سیاسییە دوای ماوەیەک لە لایەن دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە سزای ٣٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی یەزدی بەسەردا سەپا.

دوای پەسەندکرانی حوکمەکە، خالید زەمانی لە ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٨٨دا (١ی دیسامبەری ٢٠٠٩) لە زیندانی خۆیەوە دوور خرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی یەزد.

پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە پشتبەستن بە مادەیەکی نوێی یاسای سزادانی ئیسلامی داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی پێشکەش کردبوو، بەڵام ئەم داواکارییە لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە ڕەت کراوەتەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە یەکێکە لە هاودۆسیەکانی زیندانیی سیاسیی کورد فەسیح یاسەمەنی کە لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٣٨٨دا (٨ی ژانڤییەی ٢٠١٠) لە زیندانی خۆی لە سێدارە درا.