زیندانیی سیاسیی کورد زەینەب جەلالیان کە ڕەشەمەی ئەمساڵ پێی نایە نێو پانزەهەمین ساڵی بەندبوون، پێشتر لە ساڵی ١٣٩٧دا نامەیەکی سەرئاوەڵای بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە و باسی بێبەشکرانی خۆیی کرد لە هەرچەشنە مافێکی پێڕاگەیشتن و خزمەتگوزاریی پزیشکی. ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٩ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٩دا لە زیندانی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی کرماشانەوە دوور خرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی یەزد و لەو کاتەوە مافی دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵەی پێ نەدراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەم زیندانییە سیاسییە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا بۆ دووهەم جار تووشی کۆرۆنا بووە و وەک هەمیشە مافی پێڕاگەیشتن و خزمەتگوزاریی پزیشکیی لێ زەوت کراوە. ناوبراو کە لەبەر ماوەی دوورودرێژی بەندکران و دۆخی دژواری زیندان لەگەڵ چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆردا دەستەویەخەیە، دوای یەکەم تووشبوونی بە کۆرۆنا لە زیندانی قەرچەک، تووشی ئاسم (هەناسەتەنگی)یش بووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە بۆنەی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە و هەروەها پازدەهەمین ساڵی بەندکرانی زەینەب جەلالیان، نامەکەی ئەم زیندانییە سیاسییە بە دەنگی خۆی بڵاو دەکاتەوە کە دەقەکەی پێشتر لە ساڵی ١٣٩٧دا لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاو کرابوویەوە.

ڕێز و سڵاوم بۆ ئێوە کە لە پێناو دادپەروەریدا خەبات دەکەن

من ئەم نامەیە بۆ کەسانێک دەنووسم کە ڕێز لە مافەکانی ئەویدی دەگرن و هەوڵی بۆ دەدەن.

من یازدە ساڵە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدام و سەرەڕای هەموو نەخۆشییەکانم داوای خزمەتگوزاریی پزیشکییم لەم ڕژێمە نەکردووە.
پێش هەمووی چاوەکانم نەخۆش کەوتن و پاشان گورچیلەکانم و سییەکانم، ئینجا زەختی خوێنم بەرز بوویەوە و پاش ئەوەیش ناودەمم تووشی بەفرەک بوو، دواجاریش ددانەکانم خراپ بوون و ناچارم بەرەوڕووی ئێشێکی گەورە ببمەوە، چونکوو ماوەی سێ مانگە داوای ددانپزیشکم کردووە و بەرپرسانی زیندان هیچ هەنگاوێکیان بۆ هەڵنەگرتووم. هیچکام لە مافەکانی من وەک زیندانییەکی سیاسی ڕەچاو ناکرێت و بەردەوام خۆم ڕادێنم لەگەڵ ئێشەکانمدا بژیم. وەکوو دایکێک کە منداڵە نائارامەکەی بە لالاییەکانی دەلاوێنێت، ئاوا خۆم لەگەڵ ئێشەکانمدا ڕاهێناوە. چونکوو بە باشی دەمزانی ئەگەر داوای دەرمانکردنیش بکەم هەروەک ئێستە هیچ وەڵامێک وەرناگرم. ئەم حکوومەتە ڕیاکار و درۆزنە؛ منیان نەبردۆتە لای دوکتور بەڵام دۆسیەی پزیشکییان بۆ دروست کردووم و لە ڕاگەیاندنەکانیاندا ئەو بەڵگەنامە ساختانەیان بڵاو کردۆتەوە کە بڵێن زەینەب جەلالیانمان بردۆتە لای دوکتور.  ئەمە درۆیەکی ڕووتە. ئەم حکوومەتە هیچ نیشانەیەکی مرۆڤایەتیی پێوە نییە و لە هەموویشی خراپتر بەکارهێنانی ئەو وێنانەیە کە ساڵی ١٣٨٧ گرتبوویان. لە ڕاستیدا بەکاریان هێنان تاکوو ڕێکخراوە داکۆکیکارەکان لە مافەکانی مرۆڤ بە لاڕێدا ببەن و ڕای گشتی فریو بدەن.
ئایا ئەشکەنجەکردنم، ساڵەها هێشتنەوەم لە ژوورە شێدارەکاندا و بێبەشکردنم لە تەلەفۆن و دیدار بەس نوبوو؟ بۆ بێبایەخترین و سادەترین داواکارییەکانم دەیان شەرت و مەرج دیاری دەکەن. وەک جەللادێک کە سەرم لە لەشم جیا دەکاتەوە و بە بزەیەکی شیرینەوە پێم بڵێ هەستەوە و ڕێ بکە. چەن قێزەونە ئەو مامەڵەیەی ئەم جەللادانە لەگەڵ مندا دەیکەن.
ئایا کەسێک کە وەکوو ئەم جەللادانە بیر نەکاتەوە و نەجووڵێتەوە، دەبێ بمرێت؟ یان لە زینداندا بژاکێت و بشەمزێت؟ ئەمە لۆژیکی ڕەشی نکۆڵیکردنە لە سروشت. ئەی ئەم گشتە ڕەنگ و جیاوازییانە چی لێ دەکەن؟ ئایا کەسێک کە وەک ئێوەی جەللاد تینووی خوێن نەبێ دەبێ بمرێت؟
ئەی جەللادەکان!

دەنگی ئازادیخوازیی من لە پشت نەردەکانی زیندانەوە دەبیسن؟ با خەیاڵتان ئاسوودە بکەم؛ بە جەستەم خەباتم نەکردووە کە ئاخ هەڵکێشم بۆ بەندبوونی جەستەم. مرۆڤی ئازاد بە باوەڕ و ئەندێشەی خەبات دەکات نەک بە جەستەی، خۆشبەختانە ئێوەی جەللادیش ناتوانن باوەڕەکانی هیچ ئازادیخوازێک توندی زیندان بکەن.
لای من تەنانەت مردن و ئازارکێشان لە پێناو ئازادیدا قبووڵکراو و بەچێژە. لە ڕاستیدا ئێوە لە ڕیشەی خۆتان دەدەن و هەموو هەوڵەکانتان بێهوودە بووە و هەر فەشەل دێنێت.
هیچ کەس و هیچ شتێک هێندە بەهێز نییە کە بتوانێ بەر بە گەیشتنی من بە ئامانجەکانم بگرێت. بەتەنیا خۆم لە هەمووتان بەهێزترم و درێژە بە ڕێگاکەم دەدەم.

ماڵئاوا

زەینەب جەلالیان

زیندانی خۆی

جۆزەردانی ١٣٩٧