تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەرمانان (١٢ی سێپتامبەر) دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام بە ناوەکانی فەخریە ئومیدی و بەتوول ئومیدی بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە ڕەوانەی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراون.

ئەم دوو خوشکە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری ئیلام دەستبەسەر کرابوون، ڕۆژی سێشەممە دوای ڕاگەیاندنی تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و دەرکردنی بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراون.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان،تەنها لەم حەفتەیەدا لانیکەم ٤٦ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارەکانی مەریوان، سەقز، دیواندەرە، بانە، بۆکان و شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.