لەسەر چارەنووسی وریشە مورادی بە کۆدی ڕێکخراوەیی «جوانا سنە»، لە ئەندامانی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە نزیکەی ٢ مانگ لەمەوپێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژ (١ی ئاگۆست) وریشە مورادی، لە ئەندامانی کەژار، لە دەروازەی شاری سنە لە لایەن هێزەکانی وەزرەتی ئیتلاعاتەوە لەوپەڕی توندوتیژیدا دەستبەسەر کراوە.

بنەماڵەی ئەم چالاکە سیاسییە لە ٥٥ ڕۆژی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی دامودەزگا ئەمنییەکان و دادگای سنەیان کردووە بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی وریشە پێ نەداون.

دەوترێت ئەم چالاکە سیاسییە دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کراوە و دوای چەند ڕۆژ گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە تاراندا.

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ ٤ی ڕەزبەر (٢٦ی سێپتامبەر) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەم ئەندامەی خۆیی لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیی «سیاسی و ڕێکخستنی ژنان» لە کوردستاندا ڕاگەیاندووە و داوای لە ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ کردووە لە ئاست «بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ» و «سیناریۆسازیی دامودەزگا ئەمنییەکان»دا دژ بەم چالاکە سیاسییە بێدەنگ نەبن.