سەرەڕای تێپەڕینی ٦ مانگ لە دەستبەسەرکردنی وریشە مورادی، بە کۆدی ڕێکخراوەیی «جوانا سنە» و لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، تا ئێستایش بەبێ ئەوەی چارەنووسی دیاری بکرێت لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاراندایە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە لەم حەفتانەی دواییدا سزانامەیەک بۆ ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) دەرکراوە و دۆسیەکەی نێردراوەتە بەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی.

وریشە مورادی ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە دەروازەی شاری سنەدا و لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا. ئەم ئەندامەی کەژار سەرەتا برایە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و نزیکەی ٢ حەفتە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە خرایە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

ئەم چالاکە سیاسییە لە کۆتایی گەلاوێژدا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباردا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای ٤ مانگ لێپرسینەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە.

ماڵپەڕی «بێتاوان» کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەڵاڕێزان (٨ی نۆڤامبەر) هەواڵی دەستبەسەرکردنی ٣ کەسی بڵاو کردبووەوە کە یەکیان وریشە مورادی بوو. ئەم ماڵپەڕە ئەمنییە بەبێ ئاماژەکردن بە بەرواری دەستبەسەرکردنیان، ڕایگەیاندبوو کە ئەم کەسانە ئەندامی «پژاک» بوون.

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٢٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەم ئەندامەی خۆیی لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیی «سیاسی و ڕێکخستنی ژنان» لە کوردستاندا ڕاگەیاندبوو و داوای لە ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ کردبوو لە ئاست «بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ» و «سیناریۆسازیی دامودەزگا ئەمنییەکان»دا دژ بەم چالاکە سیاسییە بێدەنگ نەبن.