ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خاکەلێوە (٣ی ئاوریل) سەکینە پەروانە، زیندانیی سیاسیی کورد کە سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی لە زیندانی مەشهەددا تێدەپەڕاند، گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاران.

سەکینە پەروانە ڕۆژی ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (٤ی ئاوریلی ٢٠٢٣) لە ترمیناڵی مەشهەد لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە و دوای ١٠ ڕۆژ لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی مەشهەد کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خاکەلێوە (٣ی ئاوریل) بە هۆکاری نادیار لە زیندانی ناوەندیی مەشهەدەوە گوێزراوەتەوە بۆ زیندانی ئێڤین. ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێشتر لەبەر ئەوەی بنەماڵەکەی دانیشتووی شاری قووچانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوین، داوای کردبوو بیگوێزنەوە بۆ زیندانی ئەم شارە.

سەکینە پەروانە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا بە هۆی ڕێگریکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە مافی پشووی کاتی و وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە. هەروەها لە یەک ساڵی ڕابردوودا و بە فەرمانی بەرپرسی بەشی پاراستنی زیندان ژمارە تەلەفۆنی پارێزەرکەی لە ناو کارتی تەلەفۆنەکەیدا بلۆک کرابوو و ئەم ژنەزیندانییە لە هەموو قۆناغەکانی دادگای سەرەتا و پیاچوونەوەدا لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو و هەوڵەکانی بۆ پێوەندیکردن بە پارێزەرەوە و وەرگرتنی ڕاوێژی یاسایی بێئەنجام بووە. هاوکات بەرپرسانی زیندانی مەشهەد پێوەندییە تەلەفۆنییەکانیان لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بەرکورت کردبووەوە و تەنها بە ئامادەبوونی بەرپرسانی بەشی پاراستنی زیندان و بە مەرجی قسەکردن بە زمانی فارسی مۆڵەتی پێوەندیکردنی کورتی پێ دەدرا.

سەکینە پەروانە، خەڵکی شاری قووچانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، ڕۆژی ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (٤ی ئاوریلی ٢٠٢٣) لە ترمیناڵی مەشهەد لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە و ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوە (١٤ی ئاوریل) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی مەشهەد کرا. هاوکات شۆفێری ئەو تاکسییەش کە سەکینەی گەیاندبووە ترمیناڵ، لە لایەن ئەو هێزانەوە بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر دەستبەسەر کرابوو و بە قورسی ئەشکەنجەیان دابوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە سەرەتای خەرمانانی ١٤٠٢دا (کۆتایی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەشهەدەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «پیلانگێڕی» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» بە گشتی سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای چەند حەفتەیەک لە لایەن لقی ٣٥ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوییەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

سەرەڕای ئەوەی پارێزەرێکی یاسایی لە مەشهەد ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەرکی پارێزەریی سەکینە پەروانە ڕاگەیاندبوو، بەڵام دادوەری لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامی و لقی ٣٥ی دادگای پیاچوونەوە ڕێگرییان لێ کردبوو و نەیانهێشتبوو بچێتە سەر دۆسیەکە و تانە لە حوکمەکە بدات.

دەوترێت دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەشهەد، بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەم زیندانییە سیاسییەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی دەرەوەی ئێراندا کە چووەتە سەر مەزاری عەلی موزەفەری، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری قووچان، وەک بەڵگەی سەلماندنی ئەو تۆمەتانە لە قەڵەم داوە.

سەکینە پەروانە پێشتریش چەندین جاری دیکە ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن، سزادان و بەندکران بووەتەوە. یەکەم جار لە پاییزی ١٣٩٨دا (٢٠١٩) کاتێک کە نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بوو، لە دووتوێی پلانێکی ئەمنی و لە کاتی دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و دوای گوازرانەوە بۆ سەرسنوور، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ له‌ نێوان ده‌ستبه‌سه‌رگه‌كانی مه‌ریوان و سنه‌دا سووڕاندیانەوە و‌ دواجار گواستیانەوە بۆ زیندانی ئێڤین. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٩دا (٢٥ی ژوەنی ٢٠٢٠) نامەیەکی سەرئاوەڵای بڵاو کردەوە و وێرای ئاماژەدان بە پیلانی دامودەزگا ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرکردنی لە شاری سلێمانیدا، نووسیبووی کە لە قۆناغی ده‌ستبەسە‌ربوون لە بەندی دووی ئەلف، ٢٠٩ و بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاران، لە دۆخێکی دژواردا خراوەتە ژێر سه‌ختترین ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی و دەروونییەوە.

پەیام دوڕئەفشان، پارێزه‌ری پێشووی ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه، رۆژی ٥ی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٩٩ (٢٥ی مەی ٢٠٢٠) ڕایگەیاند که سزای ٥ ساڵ زیندان و ٣ ساڵ قەدەغەکردنی‌ ئه‌ندامێتی له‌ ده‌سته‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپ و تاقمی دژبەری حکوومەتدا بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» بە سەر سەکینە پەروانەدا سەپاوە.

سەکینە پەروانە لە خاکەلێوەی ١٣٩٩دا (ئاوریلی ٢٠٢٠) لەبەر نووسین و وتنەوەی دروشم لە زیندانی ئێڤیندا، گواسترایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین و دوای ٤ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا، ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمین‌ئاوای شاری‌ڕەی کرا. ئەم ژنەزیندانییە لە ١٤ی پووشپەڕی ١٣٩٩ (٤ی ژولای ٢٠٢٠) لە حاڵێکدا کە ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە بە لەشیەوە دیار بوو، سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین و دادگایەک لە گەلاوێژی هەمان ساڵدا بە تۆمەتی «ئاژاوەنانەوە لە زینداندا» سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاند.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە گەڵاڕێزانی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لە زیندانی ئێڤینی تارانەوە ڕەوانەی زیندانی قووچان و زیندانی ناوەندیی مەشهەد کرا و لە قۆناغی بەندبووندا چەندین جار برایە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەشهەد و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێی تەلەڤیزیۆنی، خرایە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە. سەکینە پەروانە هەروەها لە ماوەی زیندانیبووندا و وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا، چەندین جار مانی لە خواردن گرتبوو.

سەکینە پەروانە ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١ (١٥ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە چوارەم ساڵی زیندانیبوونیدا و دوابەدوای ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی گشتی، لە زیندانی ناوەندیی مەشهەد ئازاد کرا. بەڵام ماوەیەکی کورت دوای ئازادبوون، جارێکی تر لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەشەمەدا (٧ی مارس) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و دوای ٤ ڕۆژ ئازاد کرا. دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دوای ئازادبوونی سەکینە لە زیندان لە ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١دا (فێبرییەی ٢٠٢٣) تا ئێستە کە دیسان لە زینداندایە، ئامادە نەبووە بەڵگەنامە کەسییەکانی ئەم هاووڵاتییە، لەوانە ناسنامە و …، ڕادەست بکاتەوە.