کۆبوونەوەی دادگاییکردنی وریشە مورادی، لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە بڕیار بوو ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە (٩ی ئاوریل) لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاراندا بەڕێوە بچێت، بە هۆی ئامادەنەبوونی دادوەر «عەمووزاد»ەوە دوا خرا بۆ کاتێکی تر.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، پێشتر لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر «سەڵەواتی» لە بانگهێشتنامەیەکدا بە پارێزەرانی وریشە مورادیی ڕاگەیاندبوو کە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوە (٩ی ئاوریل) دادگاکە بەڕێوە دەچێت. بەڵام هەمان ڕۆژ دوای ناردنی ئەم زیندانییە سیاسییە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە بۆ  لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران و ئامادەبوونی پارێزەرەکان، دادوەر سەڵەواتی ڕایگەیاندووە کە بە هۆی ئامادەنەبوونی دادوەری دووهەمی دادگاکەوە، دادوەر عەمووزاد، کۆبوونەوەی دادگا بۆ کاتێکی تر دوا دەخرێت.

پێشتر لە سزانامەکەی لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی تاراندا تۆمەتی «بەغی» ڕووبەڕووی وریشە مورادی کراوەتەوە و داوا کراوە مادەکانی ٢٨٨ و ٤٩٩ی یاسای سزادانی ئیسلامیی بۆ جێبەجێ بکرێت.

بەپێی مادەی ٢٨٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی، «هەرکات ئەندامانی گرووپی باغی پێش تێکهەڵچوون و بەکارهێنانی چەک دەستگیر بکرێن، ئەگەر هێشتا ڕێکخستن و سەرکردایەتیی گرووپەکە مابێت سزای بەندکرانی پلە سێ و ئەگەر ڕێکخستن و سەرکردایەتیی گرووپەکە نەمابێت سزای بەندکرانی پلە پێنجیان بەسەردا دەسەپێت». هەروەها بەپێی مادەی ٤٩٩ی یاسای سزادانی ئیسلامی، «هەرکەسێک کە ئەندام بێت لە دەستە یان کۆمەڵە یان لقی کۆمەڵەیەکدا کە دەیهەوێ ئاسایشی نیشتمانی تێک بدات، سزای سێ مانگ تا پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا دەسەپێت مەگەر ئەوەی بسەلمێت ئاگای لە ئامانجەکانی ئەو گرووپ و دەستەیە نەبووە».

ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا کاتی دەرکردنی سزانامە و ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ بەردەم دادگا، لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو.

وریشە مورادی ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشاندا و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا. ئەم ئەندامەی کەژار لە ١٣ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا.

وریشە مورادی بە درێژایی ئەو چەند مانگە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.

ئەم ژنەزیندانییە پێش ئەوەی ببێتە ئەندامی کەژار لە ڕۆژئاوای کوردستان لە شەڕی داعشدا بەشداریی کردووە و لە هێرشێکی داعشدا لە کۆبانێ برینداریش بووە.

ماڵپەڕی «بێتاوان» کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ڕۆژی ١٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٢ (٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣) هەواڵی دەستبەسەرکردنی سێ کەسی بڵاو کردبووەوە کە یەکیان وریشە مورادی بوو. ئەم ماڵپەڕە ئەمنییە بەبێ ئاماژەکردن بە بەرواری دەستبەسەرکردنیان، ڕایگەیاندبوو کە ئەم کەسانە ئەندامی «پژاک» بوون.

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٢٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەم ئەندامەی خۆیی لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیی «سیاسی و ڕێکخستنی ژنان» لە کوردستاندا ڕاگەیاندبوو و داوای لە ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ کردبوو لە ئاست «بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ» و «سیناریۆسازیی دامودەزگا ئەمنییەکان»دا دژ بەم چالاکە سیاسییە بێدەنگ نەبن.