زەینەب جەلالیان، کۆنترین و تاکەزیندانیی سیاسیی ژنی مەحکووم بە بەندکرانی هەتاهەتایی لە ئێراندا، لە پەیامێکدا لە زیندانی یەزدەوە داوای لە خەڵکی ئێران کرد لە «هەڵبژاردنەکان»دا بەشداری نەکەن.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە کە پێی ناوەتە نێو حەڤدەیەم ساڵی بەندکرانەوە و بە درێژایی ئەم ساڵانە لە مافی پشووی کاتی و دەرمانی پزیشکی بێبەش کراوە، لە پەیامەکەیدا وتوویەتی: «من لەبەر ئێوە لە پشت میلەکانی زینداندا دەمێنمەوە و ئێوەیش لەبەر من تەنها یەک ڕۆژ لە ماڵەکانی خۆتاندا بمێننەوە و لەم هەڵبژاردنە فۆرمالیتەیەدا بەشداری مەکەن».

دەقی پەیامەکەی زەینەب جەلالیان لە زیندانی یەزدەوە کە بە دەستی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە:

من زەینەبم! زەینەب جەلالیان، ژنەخەباتگێڕی کورد کە ١٦ ساڵە، نە! با دروستتر بڵێم؛ ١٦ ساڵ و ٤ ڕۆژە لە پشت میلەکانی زیندانەوەم. شازدە ساڵە لەبەر ئازادی و مافی خەڵکی وڵاتەکەم لە پشت میلەکانی زینداندا دەژیم.

پێم خۆشە دوای ١٦ ساڵ دیلبوون تەنها لەبەر ئازادی، داواتان لێ بکەم وەک ساڵانی ڕابردوو نەڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

خەڵکی بەڕێزی ئێران، بەشێکی بچووک لە ئێوە ٤٤ ساڵە دەنگ بەم حکومەتە ستەمکارە دەدەن، بەو هیوایە کە دۆخی ژیانتان باشتر بێت. بەڵام بە داخەوە دەبینین کە دۆخی ژیان هەموو ڕۆژ خراپ و خراپتر دەبێت. لە خراپتربوونی دۆخی ئەم وڵاتەدا هەمووتان بەرپرسیارن. بەرپرسیارن چونکوو بە دەنگدان بەم حکومەتە ستەمکارە تەمەنی ستەمکاران درێژ دەکەنەوە.

من لەبەر ئێوە لە پشت میلەکانی زینداندا دەمێنمەوە و ئێوەیش لەبەر من تەنها یەک ڕۆژ لە ماڵەکانی خۆتاندا بمێننەوە و لەم هەڵبژاردنە فۆرمالیتەیەدا بەشداری مەکەن.

ڕێز و خۆشەویستیی فراوانم