ئەمڕۆ حەڤدەیەم ساڵڕۆژی دەستبەسەرکردنی زەینەب جەلالیان، کۆنترین و تاکەزیندانیی سیاسیی ژنی مەحکووم بە سزای بەندکرانی هەتاهەتاییە لە ئێراندا. زەینەب بە درێژایی هەموو ئەم ساڵانە لە مافی پشووی کاتی بێبەش کراوە و لە شازدە ساڵی ڕابردوودا چەندەها جار بە شێوەی نایاسایی لە نێوان زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا جێگۆڕکێی پێ کراوە.

زه‌ینه‌ب جه‌لالیان ساڵی ١٣٦١ی هه‌تاوی (١٩٨٣) له‌ گۆندی سنووریی «دێم قشڵاق»ی سه‌ر به‌ شاری ماكۆ له‌ پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا له‌ دایك بوو‌. زەینەب ساڵی ١٣٧٨ (١٩٩٩) لەگەڵ خوشکێکیدا چوونە هەرێمی کوردستان و سەرەتا بوو بە ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ‌ک‌ک) و ساڵی ١٣٨٢ (٢٠٠٣) دوای دامەزرانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بوو بە ئەندامی بەشی ژنانی ئەم حیزبە.

زه‌ینه‌ب جه‌لالیان لە ساڵانی ١٣٨٤ و ١٣٨٥دا (٢٠٠٥ و ٢٠٠٦) بە مەبەستی کاری ڕێکخستن بە نهێنی گەڕایەوە بۆ ناوخۆ و لە پارێزگاکانی کوردستان و کرماشاندا دەستی بە کار کرد. ڕۆژی ٧ی‌ ڕەشەمەی‌ ١٣٨٦ (٢٥ی فێبرییەی ٢٠٠٨) له ناو پاسێکدا لە‌ کامێرانەوە بۆ كرماشان دەچوو کە لە دەروازەی ئەم شارەدا (قازانچی) لە بەرچاوی دەیان سەرنشینی پاسەکەدا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كرا. زەینەب لە مانگە سەرەتاییەکانی دوای دەستبەسەرکردن و تەنانەت لە قۆناغی بەندکران و زیندانیشدا چەندەها جار خراوەتە بەر سەختترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە نۆ مانگ دوای دەستبەسەرکران لە دادگایەکدا کە ڕۆژی ١٣ی سەرماوەزی ١٣٨٧ (٣ی دیسامبەری ٢٠٠٨) بەبێ پارێزەر لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشاندا بە سەرۆکایەتیی عەلی مورادی بەڕێوە چوو، بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای «چالاکیی چەکدارانەی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەندامبوون لە پژاکدا، گواستنەوە و هەڵگرتنی چەکوچۆڵی سەربازی و بانگەشەکردن بۆ گرووپە دژبەرەکانی حکومەت» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

دەرکردنی ئەم سزایە لە کاتێکدا بوو کە هەر بەپێی دادنامەکەی خودی ئەو دادگایەیش، زەینەب لە کاتی دەستبەسەرکراندا چەکی پێ نەبووە و هیچ جۆرە کەرەستەیەکی سەربازیشی لێ نەدۆزراوەتەوە. دیسان هەر بەپێی ناوەرۆکی ئەو دادنامەیە، فەرمانبەرانی وەزارەتی ئیتلاعاتیش نەیانتوانیوە هیچ بەڵگەیەک پێشکەشی دادگا بکەن کە بەشداریکردنی زەینەب لە چالاکییەکی چەکداریدا بسەلمێنێت. بەڵام دادوەری دادگاکە بە وەرگرتنی گریمانەی ئەگەری بەشداربوونی لە چالاکیی چەکداریدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندبوو.

بە وتەی پارێزەرەکانی، زەینەب جەلالیان لە هەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوەدا نکۆڵیی لە بەشداریکردن لە هەرجۆرە چالاکییەکی چەکداریدا دژ بە کۆماری ئیسلامی کردووە و ڕایگەیاندووە کە سەرجەم چالاکییەکانی سیاسی و بەپێی گەڵاڵەکانی بەشی ژنان و ڕاگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بووە.

لە مانگی ڕەزبەری ١٣٩٠ (ئۆکتۆبەری ٢٠١١) و هاوکات لەگەڵ سەفەری عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدا بۆ کرماشان، لەسەر پێشنیاری کۆمیسیۆنی لێبوردن و لێخۆشبوونی دەزگای دادوەریی ئەم پارێزگایە، زەینەب کەوتە بەر «لێخۆشبوونی ڕێبەر» و سزاکەی بە پلەیەک دابەزاندن لە لەسێدارەدانەوە گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

ئەمیرسالار داوودی، پارێزەری یاسایی، پێشتر لە وتووێژێکدا وێڕای جەختکردن لەسەر ئەوەی کە نە زەینەب و نە پارێزەرەکانی

داوای ئەو لێخۆشبوونەیان نەکردبوو و ڕاستەوخۆ خودی کۆمیسیۆنی لێبوردن و لێخۆشبوونی پارێزگای کرماشان داوای کردبوو، ڕەوتی هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی بەم جۆرە ڕوون کردبۆوە: «هۆکاری پێشنیارەکەی کۆمیسیۆنی لێبوردن و لێخۆشبوونی پارێزگای کرماشان بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگا ڕاپۆرتی یەکەمی خۆیان کە تێیدا وتبوویان زەینەب چەکدار بووە و چەکیشی بەکار هێناوە، وەرگرتەوە و ڕایانگەیاند کە لەوەدا هەڵەیان کردووە. ئەم ڕاپۆرتە لە دۆسیەکەدا هەیە و ژمارەی نامەکەیش لە بەردەستدایە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی ڕاپۆرتەکەی ئیدارەی ئیتلاعات کە پێشتر کرابووە بنەمای دەرکردنی سزا بۆ زەینەب، ئەم جارە تەنها کرایە بنەمای لێخۆشبوون لە سزای لەسێدارەدان؟ لە ڕاستیدا بەپێی ئەم ڕاپۆرتە داواکاری گشتی دەیتوانی داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوە بکات».

زەینەب جەلالیان لە حاڵێکدا پێ دەنێتە نێو حەڤدەیەم ساڵی بەندکرانەوە کە پێشتر پارێزەرەکەی، ئەمیرسالار داوودی، ڕایگەیاندبوو کە بەپێی یاسای نوێی سزادانی ئیسلامی کە ساڵی ١٣٩٢ (٢٠١٣) پەسەند کرا و بەپێی ڕێسای «جێبەجێکردنی یاسای نوێ یان زیادکراو لەسەر حاڵەتە پێشووەکان لە ئەگەری گونجاوتربوونیدا بۆ تۆمەتبار»، سزای زەینەب جەلالیان ناتوانێت لە ١٥ ساڵ زیاتر بێت و هەر بۆیە مانەوەی پارێزوانەکەی لە زینداندا پێچەوانەی یاسایە: «یاسای سزادانی ئیسلامی لە ساڵی ١٣٩٢دا بۆ تۆمەتی بەرەنگاربوونەوەی چەکداری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا یان ئەندامبوون لە گرووپە چەکدارەکاندا گۆڕانکاریی بەسەردا هات. لە ڕاستیدا یاسای موحارەبە کە زەینەب بەپێی ئەو یاسایە سزا دراوە، بۆ تۆمەتە سیاسییەکان لاچووە و لەباتیی ئەوە تۆمەتی «بەغی»یان داناوە. بەپێی ئەم یاسایە، ئەگەر ئەندامی گرووپێکی چەکدار پێش بەدەستهێنانی دەرفەتی بەکارهێنانی چەک دەستبەسەر بکرێت، تا کاتێک کە سەرکردایەتیی ئەو گرووپە هەبێت سزای ١٠ تا ١٥ ساڵ بەندکرانی بۆ دەرئەچێت. ئەم یاسایە نەتەنها بۆ زەینەب بەڵکوو ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوانی تریش دەگرێتەوە و ئەگەر جێبەجێیان کردبا، سزاکەی زەینەب دەگۆڕدرا بۆ بەندکرانی پلە سێ و دەبوو تا ئێستا ئازاد بکرایەت».

ئەم پارێزەرە کە ئێستا خۆیشی بە هۆی چالاکییەکانیەوە لە بەستێنی داکۆکیکردندا لە مافەکانی مرۆڤ توندی زیندان کراوە، پێشتر وتبووی کە دوابەدوای پەسەندکردنی ئەم یاسا نوێیە، هەم داواکاری گشتیی ئێران و هەم داواکاری نووسەری سزانامە دەیانتوانی داوای پیاچوونەوە بە حوکمەکەدا بکەن. بەڵام دیوانی باڵا تا ئێستا هیچ وەڵامێکی بە داواکاریی فەرمیی پارێزەرانی زەینەب بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە لە دۆسیەکە نەداوەتەوە.

زەینەب جەلالیان کە لە سێ ساڵ لەمەوپێشەوە زیاتر لە ١٣٠٠ کیلۆمەتر لە شوێنی ژیانی بنەماڵەکەی دوور خراوەتەوە و لە زیندانی یەزددایە، لە ماوەی دوورودرێژی دەستبەسەربوون و بەندکراندا تووشی چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆری وەک بەفرەکی دەم، ناخونەکی چاو، لاوازبوونی بینایی، چڵککردنی ددان، نەخۆشیی گورچیلە و کۆئەندامی هەرس، کۆرۆنا و ئاسم بووە. بەڵام سەرەڕای زەروورەتی ئەنجامدانی دەرمانی پزیشکی لە دەرەوەی زینداندا، بەرپرسانی زیندان بەپێی فەرمانی دامودەزگا ئەمنییەکان ئامادە نین ئەم زیندانییە سیاسییە ڕەوانەی نەخۆشخانە بکەن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێگای سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نوێترین بارودۆخی تەندروستیی زەینەب جەلالیانی وەرگرتووە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە: «دوای چەندین ساڵ داواکاریی بەردەوامی زەینەب، دواجار ماوەیەک لەمەوپێش پزیشکێک کە خۆی وەک پسپۆڕی کۆئەندامی هەرس ناساندبوو، لە زیندانی یەزددا پشکنینی بۆ کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە لەبەر نەبوونی کەرەستەی تاقیکاری لە ناو زینداندا، تەنها دەتوانێت دەوای بۆ دابنێت. بەڵام ئەم زیندانییە سیاسییە دوای چەند حەفتەیەک کە چارەسەرەکانی بە کار هێنابوو تووشی لێکەوتە و ئالێرژی ببوو و جیا لە سەرلەنوێ دەسپێکردنەوەی کێشەی هەناسەتەنگی، دووچاری نەخۆشیی پێستیش ببوو، هەر بۆیە بە ناچار وازی لە دەرمانەکان هێناوە».

ئەم سەرچاوەیە وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە دۆخی تەندروستیی زەینەب جەلالیان بە هۆی بەردەوامبوونی بەندکران و بێبەشکردنەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە دەرەوەی زینداندا، سەبارەت بە کێشەی چاو و بینایی ئەم زیندانییە سیاسییە وتی: «زەینەب حەفتەی ڕابردوو دوای چەندین ساڵ گیرۆدەبوون بە دەست نەخۆشیی چاوەوە، لەژێر ڕێکاری ئەمنیی زۆر تونددا برایە ناوەندێکی دەرمانیی دەرەوەی زیندان و دوای پشکنین و دانانی چاویلکە، گەڕێنرایەوە بۆ ناو زیندان. زەینەب جەلالیان لە یەک ساڵی ڕابردوودا و لەبەر نەبوونی چاویلکە و بەردەوامبوونی نەخۆشیی ناخونەکی چاو، توانای خوێندنەوەی نەمابوو».

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا زیادی کرد: «ڕۆژی ٥ی ڕێبەندان (٢٥ی ژانڤییە) هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی مانگرتنی زەینەبدا کە هاودەنگ لەگەڵ ژنەزیندانیانی سیاسیی زیندانی ئێڤیندا و بە مەبەستی دەنگهەڵبڕین لە بەرانبەر لەسێدارەدان لە ئێراندا بەڕێوە چوو، بەرپرسانی زیندان و بەتایبەت بەرپرسی بەشی پاراستن گوشاریان خستە سەری و هەڕەشەیان لێ کرد کە بۆی نییە مان بگرێت، بەڵام زەینەب ملی بە هەڕەشەکانیان نەدا و لەو ڕۆژە دیاریکراوەدا مانی لە خواردن گرت».

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا (ژوەنی ٢٠٢٣) لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی ١٦ی جۆزەردان (٦ی ژوەن) دوای ئەوەی ژمارەیەک لە زیندانیانی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی یەزد جێژنێکیان بۆ ٤١ـەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ئەم زیندانییە سیاسییە گرتبوو، بەرپرسی پاراستنی زیندانەکە هەموو ئەو ژنانەی بەکۆمەڵ بانگهێشت و هەڕەشەی لێ کردبوون کە لەبەر ئەو کارەیان دۆسیەی تازەیان بۆ دەکرێتەوە.

زەینەب لە ڕێکەوتی ١٩ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٩دا (٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٠) بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی دوور خرایەوە بۆ زیندانی یەزد. نزیکەی ٦ مانگ پێش دوورخستنەوەی بۆ ئەم زیندانە، سەرەتا لە ڕێکەوتی ١٠ی گوڵانی ١٣٩٩دا (٢٩ی ئاوریلی ٢٠٢٠) بەشێوەی لەناکاو و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت یاخود خستنەبەردەستی دەستوور و هۆکارێکی یاسایی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە زیندانی خۆیەوە کە نزیکترین زیندان بوو بە شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی، گوێزرایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین و دوای ٢ مانگ و لە حاڵێکدا کە تووشی کۆڤیدی ١٩ (کۆرۆنا) ببوو و بە مەبەستی قبووڵکردنی داواکاریی گەڕاندنەوەی بۆ زیندانی خۆی مانی لە خواردن گرتبوو، دیسانەوە هەروەک جاری پێشوو گواستیانەوە بۆ زیندانی کرمان و بۆ ماوەیەکیش لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم زیندانەدا ڕایان‌گرت. ئەم زیندانییە سیاسییە سەرلەنوێ لە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٣٩٩دا (٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٠) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە زیندانی کرمان برایە دەرەوە و دوای دوو ڕۆژ دەرکەوت کە ڕەوانەی زیندانی کرماشان کراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە هۆی ئەوەی بە درێژایی ئەو ڕێگایە کەلەبچە و پێبەندی لێ درابوو و هێزە ئەمنییەکان لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ ناو ئۆتۆمبێل بەسەر عەرزدا ڕایان‌کێشابوو، مەچەکی دەست و قاچەکانی بە قورسی بریندار ببوون، هەر بۆیە بەرپرسانی زیندانی کرماشان سەرەتا لەبەر دۆخی ناجێگیری زەینەب لە ڕووی تەندروستییەوە، ئامادە نەبوون وەری‌بگرن.

زەینەب جەلالیان بۆ دووهەم جار لە زیندانی یەزد تووشی کۆڤید بوو و سەرەڕای ئەوەی دۆخی تەندروستیی زۆر خراپ بوو، بۆ ماوەیەکی درێژ خستبوویانە ژوورێکی گشتیی تایبەت بە کەسانی موعتادەوە کە شوێنێکی زۆر پیس بوو و خزمەتگوزاریی پێویستی پزیشکییشیان بۆ دابین نەکردبوو. ئەم زیندانییە سیاسییە دوای دوو جار تووشبوون بە کۆرۆنا و لەبەر پێڕانەگەیشتنی پزیشکی، لە قۆناغی پاش نەخۆشییەکەدا تووشی ئاسم و کێشەی سییەکانی بوو. ئەم نەخۆشییانە کە لە لایەن پزیشکی زیندانیشەوە پشتڕاست کراونەتەوە، لەگەڵ نەخۆشییەکانی پێشتریدا، لەوانە کێشەی گورچیلە و کۆئەندامی هەرس، بەفرەکی دەم، ناخوونەکی چاو، کزبوونی بینایی، ئیلتیهابی ددان و… کە لە ماوەی بەندکران و لە ئەنجامی ئەشکەنجەی قورس و دۆخی نالەباری زینداندا تووشی بووە، بوونەتە هۆی تێکچوون و لاوازیی جەستە و تەندروستیی زەینەب.

زەینەب جەلالیان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و بە هۆی جێگۆڕکێی بەردەوامەوە لە نێوان زیندانە جیاوازەکاندا و دووربوونی مەودای نێوان یەزد و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی لە ماکۆ، هەروەها لەبەر سنووردانان و قەدەغەکارییەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان، نەیتوانیوە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە زیندانی یەزد چەند جارێک دیداریان لەگەڵ ئەم زیندانییە سیاسییەدا کردووە و هەڕەشەیان لێ کردووە کە بڵاوکردنەوەی هەرجۆرە هەواڵێک لەسەر بارودۆخی لە ڕێگای خۆی و بنەماڵەکەیەوە لە میدیاکاندا دەبێتە هۆی توندترکردنەوەی گوشارەکان و دوورخستنەوەی دووبارەی بۆ زیندانێکی تر.

هێزە ئەمنییەکانی ماکۆ لە ڕەشەمەی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢٢) و دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی گوزەل حاجیزادەی دایکی زەینەب جەلالیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە بارودۆخی کچەکەی، هەم خۆی و هەم عەلی جەلالیانی باوکی زەینەب و هەم سێ براکەی بە ناوەکانی پاشا، ئیبراهیم و یووسفیان دەستبەسەر کرد. ئەگەرچی ئەندامانی بنەماڵەی زەینەب دوای شەووڕۆژێک و بە هۆی لەسەرخۆچوونی دایکی زەینەبەوە ئازاد کران، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات لەسەر هەرچەشنە بڵاوکردنەوەیەکی هەواڵ و وتووێژکردن لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا سەبارەت بە بارودۆخی زەینەب هەڕەشەی لێ کردوون. هێزە ئەمنییەکان هەروەها داوایان لەو بنەماڵەیە کردبوو لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنیدا دژ بە چالاکییەکانی زەینەب و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان قسە بکەن کە ئەوان زۆر بە توندی ڕەتیان کردبۆوە.

کۆمیتەی دەستگیرکردنە نایاساییەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ١٣٩٥ (٢٠١٧) و لە دووتوێی داواکارییەکی فەرمیدا داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد دەسبەجێ زەینەب جەلالیان ئازاد بکرێت و هەموو ڕێوشوێنەکان بۆ قەرەبووکردنەی ئەو خەسار و ئازارانەی بە سەریدا سەپاوە، بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان بگیرێتە بەر. بە پێی داوانامەکەی ئەم کۆمیتە نێونەتەوەییە، بێبەشکردنی زەینەب جەلالیان لە مافی ئازادی، کارێکی سەرەڕۆیانە و پێچەوانەی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە و دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەوانەی لە پێشێلکردنی مافەکانی ئەم چالاکڤانە سیاسییە کوردەدا دەوریان هەبووە، بخاتە بەر لێپێچینەوەی یاساییەوە.