پەخشان عەزیزی، ژنەچالاکی کورد و زیندانیی سیاسیی پێشوو، دوای ٦ مانگ دەستبەسەربوون، بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» لە لایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای ئەمنیەتی ئێڤینی تارانەوە لێپرسینەوەی لێ کرا و تۆمەتەکەی پێ ڕاگەیەنرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەم حەفتانەی دواییدا کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی پەخشان عەزیزی لە لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای ئەمنیەتی ئێڤینی تاراندا بەڕێوە چووە و دوای ڕاگەیاندنی تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا»، سزانامە بۆ دۆسیەکە نووسراوە و بۆ لێکۆڵینەوەی کۆتایی نێردراوەتە بەردەم لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری.

پەخشان عەزیزی ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لەگەڵ چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیدا لە شاری تاران لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین. ئەندامانی بنەماڵەکەی دوای چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە ئازاد کران.

ئەم ژنەچالاکە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەز (١١ی دیسامبەر) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە. پەخشان عەزیزی بە درێژایی ماوەی دەستبەسەربوون لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و قبووڵکردنی تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا» لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە خرابووە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

پەخشان عەزیزی وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر ئەشکەنجە و گوشاری لێپرسەوەکاندا بۆ قبووڵکردنی ئەو تۆمەتە و دانپیانان لە بەردەم کامێرای تەلەڤیزیۆندا، چەند ڕۆژێک مانی لە خواردن گرتبوو و وێڕای ڕەتکردنەوەی هەموو تۆمەتەکان، ڕایگەیاندبوو کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ وەک ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و وەرگێڕ لە ناوچەکانی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستاندا کاری کردووە.

پەخشان عەزیزی، خەڵکی مەهاباد و دەرچووی لقی کاری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی تەباتەبایی تاران، لە ڕابردوویشدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و یەکەم جار لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٨ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٠٩) لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاراندا کە دژ بە ئێعدامە سیاسییەکان لە کوردستاندا ڕێک خرابوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم چالاکە کوردە دوای ٤ مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و دوای ماوەیەک ئێرانی بەجێ هێشت و لەم ساڵانەی دواییدا نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بوو.