ئەم ڕاپۆرتە ئاوڕ دەداتەوە لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئاست هاووڵاتییانی کورد لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا. لەم ساڵەیشدا هەروەک ساڵانی ڕابردوو پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی کورد لەبەر گرێدراوییە زمانی، مەزهەبی، کولتووری، ڕەگەزی، مەیلی ڕەگەزی، چینایەتی، سیاسی و…ـەکان و لە ڕێگای یاسا هەڵاواردنکارەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکوتکار و توندئاژۆیانەی دامودەزگا ئەمنی، سەربازی، دادوەری و بەڕێوەبەرییەکانی حکوومەتەوە، درێژەی بووە.

سەرەڕای هەوڵەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بۆ ڕاگەیاندن و بەدۆکیۆمێنتکردنی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا، پێویستە جەخت بکەینەوە کە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە پێشتر تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پشتڕاست و بڵاوی کردوونەتەوە یاخود ئەگەر هەواڵ و زانیارییەکانی حاڵەتێک لە سەرچاوەیەکی ترەوە وەرگیرابێت، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە شێوەی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەی پێویستی بۆ کردووە و دروستبوونی سەلماندووە. سەرەڕای هەموو ئەمانەیش، پێمان وایە ئەم ڕاپۆرتە ناتوانێت هەڵگری کۆی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران بێت و بێگومان گەلێ حاڵەتی تر هەن کە بە هۆکاری جیاواز، لەوانە زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان بۆ سەر کەسەکان یان بنەماڵەکان، تۆمار و بڵاو نەکراونەتەوە و لە هەواڵی ناو ڕاگەیاندنەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤدا ئاماژەیان پێ نەکراوە.

– کۆڵبەران و کاسبکاران

لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا لانیکەم ٤٦ کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقە و دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان، ڕووداوری سروشتی و… گیانیان لەدەست داوە و ١٢٢ کەسیش بریندار بوون. لەمانە ١٧ کۆڵبەر بە دەستی هێزە سەربازییەکانی ئێران و ٤ کۆڵبەریش بە دەستی هێزە سنوورپارێزەکانی تورکیا کوژراون. منداڵێکی کۆڵبەریش دوای دەستگرتنی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بەسەر وڵاخە بارهەڵگرەکانیدا دەستی داوەتە خۆکوشتن و گیانی لەدەست داوە. ٥ کۆڵبەر بە هەرەسی بەفر، ٣ کۆڵبەر بە هۆی ڕەقبوونەوە، ٣ کۆڵبەر بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە، ٣ کۆڵبەر بە جەڵدەی دڵ لە کاتی کۆڵبەریدا، ١ کۆڵبەر بە خنکان لە ڕووباردا و ٩ کۆڵبەریش بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە.

لەم ساڵەدا ٧٤ کۆڵبەر بە تەقە و ئەشکەنجەدران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە، ٣ کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران، ٣ کۆڵبەر بە تەقە و ئەشکەنجەدران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی تورکیاوە، ١ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراق، ١٢ کۆڵبەر بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە و ٣ کەسیش بە تەقینەوەی مین بریندار بوون. ٢٦ کۆڵبەریش لە ڕووداوی جیاوازی دیکەدا بریندار بوون.

هەروەها لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا لانیکەم ٥ کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە و یەک کەسیش بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران بریندار بووە. 

  • کوشتنی هاووڵاتیان

لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا لانیکەم ٤ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی یاسر موحەممەدی بە تەقەی هێزەکانی یەکینەی تایبەت و بە بیانووی گوماناویبوونی شۆفیری ئۆتۆمبیل لە شاری کرماشان، بێهزاد حاتەمی ئەسڵ و فەرهاد زەندی بە تەقەی هێزە ئینتیزامییەکانی ئێران لە جادەکانی شاری خۆی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و دێولانی پارێزگای کوردستان بە بیانووی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ و حەبیب (حەقموراد) ڕوستەمی لە نزیک سنووری «پەرویزخان»ی شاری قەسری شیرینی پارێزگای کرماشان بە دەستی هێزەکانی ئەرتەشی ئێران کوژراون.

– لەسێدارەدانەکان


بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا لانیکەم ٣٠ زیندانی لە زیندانە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام لە سێدارە دراون. تۆمەتی سەر ١٥ کەسیان «کوشتن» و ١٤ کەسی تریشیان «مادە سڕکەرەکان» ڕاگەیەنراوە. هەروەها حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کورد، لە ڕێکەوتی ١٩ی دێسامبر (٢٨ی سەرماوەز) بە تۆمەتی «بەغی» لە زیندانی سنە لە سێدارە درا. ئەم حوکمە بەبێ ئاگدارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکەی جێبەجێ کرا و ناڕەزایەتیی بەربڵاوی ڕای گشتیی کوردستان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی بەدواوە بوو.

– کوشتن و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان لە دەستبەسەرگە و زیندانەکاندا

لەم ساڵەدا ٦ زیندانیی کورد بە ناوەکانی دانیال زەینولعابیدینی لە زیندانی مەهاباد، ناسر کەریمی لە زیندانی بۆکان، ئەمیر ڕەزایی لە زیندانی ورمێ، ڕەحمان ئەحمەدی لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئەمنییەتی ورمێ، مێهرداد تاڵشی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی تاران، ئەمیرحسەین حاتەمی لە زیندانی فەشافوویەی تاران و خەسرەو جەمالیفەڕ لە زیندانی ناوەندیی سنە، لەبەر ئەشکەنجەدران لە دەستبەسەرگە یان زینداندا کوژراون.

هەروەها ٦ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەحمەد ڕەسەن لە گوندی «مارلیک»ی ماکۆ، یاسر مەنگوڕی، عوسمان نادری و عەبدوڵڵا نادری لە پیرانشار، ئەسعەد ڕامین و داوود ڕەحیمی لە گوندی «قارنا»ی نەغەدە، لە کاتی دەستبەسەرکردندا کەوتوونەتە بەر تەقە و دەسڕێژی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە. ئەم دەزگا ئەمنی-سەربازییە بە بنەماڵەکانیانی ڕاگەیاندووە کە ئەم کەسانە لە کاتی دەستبەسەرکردندا کوژراون، بەڵام بنەماڵەکان ئەم ئیدیعایە ڕەت دەکەنەوە. تەرمی ئەم هاووڵاتییانە تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکان نەکراوەتەوە و هیچ جۆرە بەڵگەیەکی ڕەسمییش لەسەر شێوازی مردنیان لە لایەن دامودەزگا پێوەندیدارەکانەوە دەر نەکراوە.

٤ زیندانیی کوردی دیکەیش بە ناوەکانی شەهاب دەروونپەڕ ٣٥ ساڵان لە زیندانی شەهابات، ئیرەج عەلیزادە ٥٠ ساڵان لە زیندانی خۆی، شەمسەدین تاتایی ٥٥ ساڵان لە زیندانی ناوەندیی ورمێ و ڕوحوڵڵا مەلێکی ٣٠ ساڵان لە زیندانی ناوەندیی ئیلام، بە هۆی بێبەشکرانەوە لە خزمەتگوزاریی تەندروستی یاخود کەمتەرخەمیی پزیشکی گیانیان لەدەست داوە.

– تیرۆرکردنی چالاکانی سیاسی لە دەرەوەی وڵات

لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا ٤ چالاکی سیاسیی ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و حیزبی دیمۆکراتی کوردستان (حدک) بە ناوەکانی مێهدی ڕەزایی (زاگرۆس مانی)، ئاکۆ فەتحی (شەوگەر چیا)، بێهرووز (ڕێبین) ڕەحیمی و مووسا باباخانی لە شارەکانی پێنجوێن، سلێمانی و هەولێری هەرێمی کوردستان بە دەستی هێزە چالاکەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانلە دەرەوەی وڵات تیرۆر کراون. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەموو نموونە هاوشێوەکانی تر بەرپرسایەتیی هیچکام لەم کوشتنە سیاسییانەی نەگرتۆتە ئەستۆ، بەڵام حیزبەکانی ئەم کەسانە حکوومەتی ئێرانیان وەک بەرپرسیاری ئەم تیرۆرانە ڕاگەیاندووە.

– ژنکوشتن

لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا لانیکەم ٣٢ حاڵەتی ژنکوشتن لە کوردستاندا تۆمار کراوە. ئەم کوشتنانە بە هۆکاری جۆراوجۆر و بە گشتی بە دەستی پیاوانی بنەماڵە بە ئەنجام گەیەنراون.

– تەقینەوەی مین

لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی سەربازییەوە ١٤ کەس کوژراون و ٢٥ کەس بریندار بوون. لەنێو قوربانییاندا لانیکەم دوو منداڵ و دوو کۆڵبەر دەبینرێن.

– کرێکاران

لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا لانیکەم ٤٢ کرێکاری کورد بە ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە و ٣ کرێکاری تریش بریندار بوون. لەمانە ٨ حاڵەتیان لە هەرێمی کوردستانی ئێراق و ئەوانی دیکە زیاتر لە کوردستانی ئێران ڕوویان داوە.

– پەناخوازان

لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا لانیکەم شەش پەناخوازی کورد کە بەتەما بوون لە وڵاتە ئەورووپاییەکان ببنە پەنابەر، لە دەرەوەی وڵات گیانیان لەدەست داوە. مەرگی ٤ پەناخواز لە یۆنان و پەناخوازێکیش لە ئەڵمانیا تۆمار کراوە. پەناخوازێکی تریش لە کردەوەیەکی ناڕەزاییانە لە ئاست نادیاربوونی چارەنووسی دۆسیەکەیدا لە بەردەم نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستان ئاگری لە جەستەی خۆی بەر دا و گیانی لەدەست دا. هەروەها پەناخوازێکی مەریوانییش بە ناوی فەرهاد ئەداک لە گەلاوێژی ١٤٠٠ـەوە لە تورکیا ون بووە و بێسەروشوێنە.

– دەستبەسەرکردنەکان

لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا لانیکەم ٤٢١ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد بە هۆکاری سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی، ئینتیزامی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. ٢٩٦ کەس لەمانە هاووڵاتیی مەدەنی، ٨١ کەسیان چالاکوان، ١٠ کەسیان منداڵ، ٨ کەسیان زیندانیی سیاسیی پێشوو، ٥ کەسیان لە ئەندامانی پێشووی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان و ٨ کەسیشیان ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند و نووسەر بوون.

لەنێو ئەم کەسانەدا ٤٤ کەسیان بۆ جێبەجێکردنی حوکمی جیاواز ڕەوانەی زیندان کراون. لانیکەم ٧٤ کەس ڕەوانەی دەستبەسەرگەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و ٣٠ کەسیش ڕەوانەی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران کراون.

– سزای بەندکران

لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا دادگاکانی گشتی و شۆڕشی ئیسلامی لە کوردستاندا لە دوو مانگ بەندکرانەوە تا سزای لەسێدارەدانیان بۆ لانیکەم ٩٨ هاووڵاتی و چالاکی کورد بە تۆمەتی سیاسی دەر کردووە. 

لینکی ڕاپۆرتەکە بە وردەکارییەکانەوە بە زمانی ئینگلیزی

https://kurdistanhumanrights.org/en/annual-report-2021/