ئەم ڕاپۆرتە ئاوڕ دەداتەوە لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئاست هاووڵاتیانی کورد لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا. لەم ساڵەیشدا هەروەک ساڵانی ڕابردوو، پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتیانی کورد لەبەر گرێدراوییە زمانی، مەزهەبی، کولتووری، ڕەگەزی، جێندەری، مەیلی جێندەری، چینایەتی، سیاسی و…ـەکان و لە ڕێگای یاسا هەڵاواردنکارەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکوتکار و توندئاژۆیانەی دامودەزگا ئەمنی، سەربازی، دادوەری و بەڕێوەبەرییەکانی حکوومەتەوە، درێژەی هەبووە.

لە بەشە جیاوازەکانی ئەم ڕاپۆرتەدا، ئاماری کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران، لەسێدارەدانەکان، زیندانیانی سیاسیی کورد کە لە بەردەم هەڕەشەی لەسێدارەدان یان دەرکردنی سزای لەسێدارەداندان، ژنکوشتن، گیانلەدەستدانی هاووڵاتیان بە تەقینەوەی مین یان لە شوێنی کار و ڕێگای کۆچبەریدا، بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورد بە هۆکاری سیاسی، سەپاندنی سزا بەسەر هاووڵاتیان و چالاکانی کورددا بە هۆکاری سیاسی، ئازادیی ئایین و مەزهەب، گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی دادخوازان، کوشتنی سەروویاسایی و تیرۆری هاووڵاتیانی کورد، کۆ کراوەتەوە.

سەرەڕای هەوڵەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بۆ ڕاگەیاندن و بەدۆکیۆمێنتکردنی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا، پێویستە جەخت بکەینەوە کە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە پێشتر تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پشتڕاست و بڵاوی کردوونەتەوە یاخود ئەگەر هەواڵ و زانیارییەکانی هەندێ حاڵەتی پێشێلکاری لە سەرچاوەیەکی ترەوە وەرگیرابێت، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە شێوەی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەی پێویستی بۆ کردوون و دروستبوونیانی سەلماندووە. سەرەڕای هەموو ئەمانەیش، پێمان وایە ئەم ڕاپۆرتە ناتوانێت هەڵگری کۆی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتیانی کورد لە ئێراندا بێت و بێگومان گەلێ حاڵەتی تر هەن کە بە هۆکاری جیاواز، لەوانە زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان بۆ سەر هاووڵاتیان یان بنەماڵەکان، تۆمار و بڵاو نەکراونەتەوە و لە هەواڵی ناو ڕاگەیاندنەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤدا ئاماژەیان پێ نەکراوە.

دەستبەسەرکردنەکان

لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٧٤٥ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکان یان دامودەزگا دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، تاران، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، خووزستان، خوراسانی ڕەزەوی و مازەندەران بە هۆکاری سیاسی دەستبەسەر کراون. زیاترین ڕێژەی دەستبەسەرکردنەکان بە ڕیز لە پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان و ئیلامدا بووە.

ئەگەرچی هەندێ لەم کەسانە دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام ژمارەیەکی تریان تا ئێستا هەر دەستبەسەرن و هەندێکیشیان بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندان کراون.

ئاماری دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد بەپێی مانگەکان

سزاکان

لە ساڵی ٢٠٢٣دا بۆ لانیکەم ١٧٣ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی، کەیفەری و تایبەتی مەلاکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام، تاران، هەمەدان، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، مازەندەران و خووزستانەوە سزای لەسێدارەدان، بەندکران، بەندکرانی هەڵپەسێردراو، لێدانی قامچی، دوورخستنەوە، سزای پارە، داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتی، قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە ئێران، دوورخستنەوە لە کار و… دەر کراوە یان لە دادگای پیاچوونەوە و دیوانی باڵای ئێراندا پەسەند کراوە.

دەرکردنی سزای بەندکران؛ دادگاکانی سنە، ورمێ، پیرانشار و شنۆ بە ڕیز بە ٢٧، ١٨، ١٤ و ١٤ حوکمەوە زیاترین ڕێژەی سزایان دەرکردووە.

بنەماڵەی دادخوازان

لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەروەک ساڵانی پێشوو، زۆربەی ئەو بنەماڵە دادخوازانەی کە ئازیزەکانیان لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی یان ساڵانی پێشووتردا بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون، کەوتنە ژێر زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە. بەشێکی زۆر لە بنەماڵە دادخوازە کوردەکان لەبەر بەداواداچوونی دۆسیەی کوشتنی ئازیزەکانیان یان بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەیان، لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکردن و سزادان بوونەتەوە.

ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردوان ژینا ئەمینی، ئارمیتا گەراوەند، کۆمار دەرئوفتاده، شاهۆ بەهمەنی، موئمین زەندکەریمی، پەیمان مینبەری، داریووش عەلیزاده، یەحیا مورادی، شادمان ئەحمەدی، ئارام حەبیبی، سارینا ساعیدی، محەممەدمێهدی کەرەمی (کۆمار)،  کەمال ئەحمەدپوور، مەتین نەسری، ئازاد حسەین‌پووری، عیرفان خەزایی، محەممەد حەسەنزاده، مێهدی بەبرنژاد، ئێحسان قاسمیفەرد، شەهریار محەممەدی، فەرجاد دەروێشی، موحسین قەیسەری، جەوهەر فەتاحی، حەیبەڵڵا فەتحی، موحسین نیازی، فواد قەدیمی، زانیار ئەبووبەکری و محەممەد ئەمینی لە ڕیزی ئەو بنەماڵانەدا بوون.

ئازادیی ئایین و مەزهەب

لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٢٠ مامۆستای ئایینی و چالاکی کوردی سوننە و ١٠ چالاکی کوردی یارسان لە شارە جیاوازەکاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکان یان دامودەزگا دادوەرییەکانەوە ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکردن، سزادان یان لەسێدارەدان بوونەتەوە.

لەم نێوانەدا قاسم ئابستە و ئەیوب کەریمی، دوو زیندانیی مەزهەبیی سوننە، بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دراون. هەروەها ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، داوود عەبدوڵڵاهی *و فەرهاد سەلیمییش لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا و بە هەمان تۆمەت و سزاوە لە مەترسیی لەسێدارەداندان. ئەم هاووڵاتیانە لە ١٤ ساڵ لەمەوپێشەوە لە زیندانن.

ڕەزا ڕەسایی، زیندانیی سیاسیی یارسانیش لە زیندانی کرماشان بە تۆمەتی «ئەنجامدانی کوشتن» لە دادگای یەکەمدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە و ئەم حوکمە لە دیوانی باڵایشدا پەسەند کراوە. ئەم هاووڵاتییە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا و دوابەدوای بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کۆمەڵگەی یارسان، کە ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە شاری سەحنەی پارێزگای کرماشاندا بەڕێوە چوو و لەژێر کاریگەریی سەرهەڵدانە سەرانسەرییەکەی دوای کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا بوو بە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی جەماوەری، لە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن پۆلیسی ئاگاهیی کەرەجەوە دەستبەسەر کرا. 

* داوود عەبدوڵڵاهی لە یەکەم ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا (٢ی ژانڤییە) لە سێدارە درا.

کۆڵبەران

لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٢٩ کۆڵبەری کورد کە دوانیان منداڵ بوون، لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان گیانیان لە دەست داوە. لەم ژمارەیە، ١٩ کۆڵبەر بە تەقە و دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و یەک کەسیش بە ڕووداوی هاتوچۆ لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزە سنوورپارێزەکاندا کوژراون. هەروەها ٣ کەس بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە، ٢ کەس بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا، ٢ کەس بە هۆی خنکانەوە لە ڕووبارەکانی سەرسنووردا، یەک کەس بە هۆی وەستانی دڵەوە و یەک کەسیش بە ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگای کۆڵبەریدا گیانیان لە دەست داوە.

ئاماری گشتیی کۆڵبەران

لەم ساڵەدا شارەکانی بانەی پارێزگای کوردستان و شارۆچکەی نەوسوودی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان، بە ڕیز بە ١٤ و ٦ حاڵەتی کوشتنی کۆڵبەرانەوە کوشندەترین شوێنەکان بۆ کۆڵبەران بوون. دوای ئەم دوو شوێنە، لە شاری مەریوانی پارێزگای کوردستان ٣ حاڵەت، سەردەشتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ٢ حاڵەت و شارەکانی ورمێ و پیرانشاری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، سەقزی پارێزگای کوردستان و جوانڕۆی پارێزگای کرماشان هەرکامە یەک حاڵەتی کوشتن و گیانلەدەستدانی کۆڵبەران ڕووی داوە.

لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٢٢٨ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بریندار بوون. لەم ژمارەیە، ٢٠٥ کەس کە ١٢ کەسیان منداڵ بوون، بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ٤ کەس بە ئەشکەنجە و لێدان، ٤ کەس بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکاندا و یەک کەسیش بە دەسڕێژی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێراق بریندار بوون. هەروەها ٧ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ، ٣ کەس بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە و ٤ کەسیش بە تەقینەوەی مین لە ڕێگای کۆڵبەریدا بریندار بوون.

لەسێدارەدانەکان

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ١٥٨ بەندکراوی لە زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار و پشتڕاست کردووەتەوە. تۆمەتی زۆربەی ئەم کەسانە «کوشتنی بەئەنقەست» و «تاوانی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە» بووە.

لەم نێوانەدا سێ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی محەممەدمێهدی کەرەمی (کۆمار)، لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، مەحیەدین ئیبراهیمی و سەرکەوت ئەحمەدی لە زیندانەکانی ناوەندیی کەرەج، ورمێ و کرماشان لە سێدارە دراون. هەروەها ٢ زیندانیی مەزهەبیی کورد بە ناوەکانی قاسم ئابستە و ئەیوب کەریمی دوای ١٤ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» لە زیندانی قزلحەساری کەرەج و ٣ زیندانیی کورد بە ناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەریی بەردیانی و ڕەحمان پەڕهازوو (پەڕحازوو) لەگەڵ ژنەزیندانییەکی تورکدا بە ناوی نەسیم نەمازی بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە هاوکاریکردنی هەواڵگری و سیخوڕیدا بۆ ئیسراییل»، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دراون.

* ڕوونکردنەوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە هۆی گرنگایەتیی پرەنسیبی «مافی ژیان»ـەوە، لە بڵاوکردنەوە و تۆمارکردنی هەواڵ و ئاماری لەسێدارەدانەکاندا، بەدەر لە گرێدراویی نەتەوەیی لەسێدارەدراوان و شوێنی لەسێدارەدانیان، هەموو ئەو حاڵەتانەی کە لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە پێی ڕادەگەیەنرێت، دوای لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوە بڵاو دەکاتەوە.

زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی مەحکووم به ئێعدام

لە ئێستەدا لانیکەم ١١ زیندانیی سیاسیی و مەزهەبیی کورد به ناوەکانی ڕەزا ڕەسایی، یووسف ئەحمەدی، نایب عەسکەری، خەسرەو بەشارەت، ئەنوەر خزری، کامران شێخه، فەرهاد سەلیمی، پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار بە حوکمی سەرەتایی یان پەسەندکراوی لەسێدارەدانەوە لە زیندانەکانی ورمێ، قزلحەساری کەرەج، سنە، کرماشان و دەستبەسەرگەی نادیاردان. تۆمەتی ئەم کەسانە «افساد فی‌الارض»، «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان یان گرووپە مەزهەبییە سوننەکاندا و «ئەنجامدانی کوشتن» ڕاگەیەنراوە.

ـ ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، دوابەدوای بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کۆمەڵگەی یارسان، کە ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە شاری سەحنەی پارێزگای کرماشاندا بەڕێوە چوو و لەژێر کاریگەریی سەرهەڵدانی سەرانسەریی ژن، ژیان، ئازادیدا بوو بە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی جەماوەری، لە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن پۆلیسی ئاگاهیی کەرەجەوە دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە کوردە یارسانە لە کاتی لێپرسینەوەکاندا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە و لە لایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەریی یەکی کرماشانەوە بە تۆمەتی «هاودەستی و ئەنجامدانی کوشتنی بەئەنقەست»ی نادر بەیرامی، سەرۆکی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەحنە، «هاودەستی لە ئەنجامدان و بریندارکردنی بەئەنقەستدا بەبێ کوشتن»، «نمایشکردن و خۆنواندن بە چەقۆوە» و «تێکدانی ئارامیی گشتی لە ڕێگای ئاژاوە و مشتومڕەوە» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)، پێدانی دیە، ساڵێک بەندکران و ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپاوە. ئەم حوکمە لە دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە.

ـ نایب عەسکەری لە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠دا (٢٤ی مارسی ٢٠٢١) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێوە دەستبەسەر کرا و دوای ٣ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دامەزراوە ئەمنییەدا و کەوتنەژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. نایب عەسکەری دوای ئەوەی کە دەستبەسەر کرا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە پێی ڕاگەیەنرا کە ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە شێوەی غیابی و بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووە. دوای تانەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە حوکمی لەسێدارەدانی غیابی، حوکمەکە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ. بەڵام لە ڕەزبەری ١٤٠٢دا (سێپتامبەری ٢٠٢٣) دیسانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپایەوە.

ـ یووسف ئەحمەدی لە ڕێکەوتی ٧ی گوڵانی ١٣٩٩دا (٢٦ی ئاوریلی ٢٠٢٠) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بانە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی سنەدا ڕاگیرا و خرایە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە خەرمانانی ١٤٠٢دا (سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا و «بەشداریکردن لە کوشتنی دوو ئەندامی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیدا» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

ـ ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت و فەرهاد سەلیمی لە مەودای نێوان ناوەڕاستی سەرماوەز تا سەرەتای ڕێبەندانی ١٣٨٨دا (دێسامبەری ٢٠٠٩ تا ژانڤییەی ٢٠١٠) لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم زیندانییە مەزهەبییانە بۆ ماوەی چەندین مانگ لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا (مارسی ٢٠١٦) ئەم ٤ زیندانییە مەزهەبییە لەگەڵ سێ هاودۆسیەی دیکەیاندا بە ناوەکانی ئەیوب کەریمی، قاسم ئابستە و داوود عەبدوڵڵاهی بە هەندێ تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» و «افساد فی‌الارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە دادگایی کران و ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ (٢٥ی مەیی ٢٠١٦) بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و لە کۆتایی ١٣٩٥دا (٢٠١٧) حوکمەکە هەڵوەشایەوە.

دوای هەناردنی دۆسیەکە بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا (مەیی ٢٠١٨) ئەم ٧ زیندانییە جارێکی تر بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپایەوە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران و لە ڕێبەندانی ١٣٩٨دا (ژانڤییەی ٢٠٢٠) وەک خۆی پەسەند کرایەوە. تا ئێستە ئەیوب کەریمی، قاسم ئابستە و داوود عەبدوڵڵاهی لە سێدارە دراون.

ـ پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار کە ڕۆژی ١ی گەلاوێژی ١٤٠١ (٢٣ی جولایی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە گوندێکی ورمێ دەستبەسەر کران، نزیکەی ٢ مانگ لەمەوپێش لە ڕەوتێکی دادوەریی نادادپەروەرانەدا لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی «موحارەبە» و «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا.

دوای تانەدانی پارێزەری دانراوی دۆسیەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران و لە ڕۆژانی ڕابردوودا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە. ئەم حوکمە دوای پەسەندکران لە دیوانی باڵادا نێردراوەتە بەردەم بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای تاران و هەردەم مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم چوار زیندانییە سیاسییە کوردە لە ئارادایە.

محەممەد فەرامەرزی، ٢٨ ساڵان و خەڵکی دێولان، موحسین مەزڵووم، ٢٧ ساڵان و خەڵکی مەهاباد، وەفا ئازەربار، ٢٦ ساڵان و خەڵکی بۆکان و پژمان فاتیحی، ٢٨ ساڵان و خەڵکی کامێران، لە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٤٠١دا (٢٣ی جولایی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە گوندێکی ورمێ دەستبەسەر کران. ئەم هاووڵاتیانە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی دیداری بنەماڵە و بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆیان بێبەش کراون و تەنانەت شوێنی بەندکردنیشیان نادیارە.

مەترسیی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ زیندانیانی تۆمەتبار به «موحارەبه» و «افساد فی‌الارض»

لە ئێستەدا لانیکەم ١٣ زیندانیی سیاسیی کورد به ناوەکانی حاتەم ئوزدەمیر، شاکر بێهرووز، پووریا جەواهێری، سەردار شاهمورادی، ڕەزا ئیسلامدۆست، فەرهاد تەهازاده، فەرزاد تەهازاده، شەهرام مەعرووف‌مەولا، هێمن شاهی، فەریاد حەمزەشۆر، ڕەوف شێخ‌مەعرووفی، کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی کە زۆربەیان لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شارەکانی شنۆ، بۆکان، سنە و کامێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و ئێستە لە زیندانەکانی ورمێ، سنە، شنۆ، نەغەدە و بۆکان ڕاگیراون، بە تۆمەتی «موحارەبە» و «بەغی» لە بەردەم مەترسیی سەپاندنی سزای لەسێدارەداندان.

ـ حاتەم ئوزدەمیر و شاکر بێهرووز، زیندانیانی سیاسیی کورد که پێشتر بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، دوای هەڵوەشانەوەی ئەو حوکمە لە دیوانی باڵای ئێراندا، ئێستە چاوەڕێی دادگاییکردنەوەی دووبارە لە دادگایەکی هاوتەریبی شاری ورمێدان.

ـ پووریا جەواهێری، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران، لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەم شارە دەستبەسەر کرا. لە چەند مانگی ڕابردوودا دۆسیەکەی بە هەندێ تۆمەتەوە کە یەکیان «موحارەبە»یە، نێردراوەتە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە. ئەم هاووڵاتییە لە قۆناغی دەستبەسەربوون و لێپرسینەوەدا خرابووە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە.

ـ سەردار شاهمورادی، پاییزی ١٤٠١ (٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و لە دادگادا تۆمەتی «موحارەبە»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە. دەوترێت ئەم هاووڵاتییە تۆمەتبار کراوە بە «بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی پۆلیسی ئینتیزامیدا» لە ڕۆژی چلەی گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سنە لە ڕۆژی ٢٦ی گەڵاڕێزانی ساڵی ١٤٠١دا (١٧ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢). سەرەڕای هەموو ئەشکەنجە قورسە جەستەیی و دەروونییەکان بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، سەردار شاهمورادی ئەو تۆمەتەی ڕەت کردووەتەوە.

ـ ڕەزا ئیسلامدۆست، فەرهاد تەهازاده، فەرزاد تەهازاده، شەهرام مەعرووف‌مەولا، هێمن شاهی و فەریاد حەمزەشۆر لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شنۆ دەستبەسەر کران و لە دادگادا تۆمەتی «موحارەبە»یان ڕووبەڕوو کرایەوە. ئەم هاووڵاتیانە لە قۆناغی دەستبەسەربوون و لێپرسینەوەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابوونە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە.

ـ ڕەوف شێخ‌مەعرووفی، کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کران و لە دادگادا تۆمەتی «موحارەبە»یان ڕووبەڕوو کرایەوە و دوای چەند مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیدا لە ورمێ، ڕەوانەی زیندانی بۆکان کران. ئەم هاووڵاتیانە لە قۆناغی دەستبەسەربوون و لێپرسینەوەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابوونە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە.

کوشتن لە دەستبەسەرگە و زینداندا

لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٥ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سامان دەروێشی، مووسا ئیسماعیلی، پەیمان گەڵوانی، پوویا بابایی و مونسوور سڵامەت لە زیندان و دەستبەسەرگەکانی ئێران و لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.

ـ سامان دەروێشی، ٣١ ساڵان و خەڵکی هەرسین کە نزیکەی ساڵێک لەمەوپێش بە تۆمەتی دزی دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٢ (١٨ی مەیی ٢٠٢٣) لە تیپی دووی زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە) لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی زینداندا گیانی لە دەست دا.

ـ مووسا ئیسماعیلی، ٣١ ساڵان و خەڵکی گوندی «پسوێ»ی‌ پیرانشار، ڕۆژی ١٧ی گوڵانی ١٤٠٢ (٧ی ژوەنی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە ورمێ. ڕۆژی ١٧ی پووشپەڕ (٨ی جولای) هێزە ئەمنییەکان پێوەندییان بە بنەماڵەکەیەوە کرد و پێیان ڕاگەیاندن کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا گیانی لە دەست داوە.

ـ پەیمان گەڵوانی، ٢٤ ساڵان و خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢ (٢٥ی ژوەنی ٢٠٢٣) بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم هاووڵاتییە کوردە لەژێر ئەشکەنجەی لێپرسەوە ئەمنییەکاندا گیانی بەخت کرد.

ـ پوویا بابایی، کاسبکاری ٢٦ ساڵانی خەڵکی جوانڕۆ کە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامییەوە بە گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ لە نزیک شاری حومەیل دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ (٨ی سیپتامبەری ٢٠٢٣) لەژێر ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەی هێزی ئینتیزامیدا لە شاری کرماشان تووشی «تەزووی مێشک» بوو و گیانی لە دەست دا.

ـ مەنسوور سڵامەت، خەڵکی گوندی «پسان»ی ورمێ، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٢ (٢٧ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای هێرشکردنی هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەت بۆ سەر ماڵەکەی، بە تۆمەتی «ڕاگرتنی چەکی ڕاو» دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئەمنییەتی ورمێ کە بە دەستبەسەرگەی «دوقوزپلە» ناسراوە و دوای چەند کاتژمێرێک بە هۆی ئەشکەنجەکانی هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەتەوە گیانی لە دەست دا.

مردنی زیندانیان بە هۆی بێبەشکرانەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی

لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم دوو زیندانیی کورد بە ناوەکانی عەبدوڵلا بەدەوی و ناسر حەسەنپوور لە ڕۆژانی ٢٦ی خاکەلێوە و ١١ی گوڵانی ١٤٠٢دا (١٥ی ئاوریل و ١ی مەیی ٢٠٢٣) بە هۆی بێبەشکرانەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە زیندانی ورمێ گیانیان لە دەست دا.

کوشتنی هاووڵاتیان

لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ١٤ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئارمیتا گەراوەند، داریا میکاییلی، موختار فەتحی، بێهزاد عەزیزی، ئازاد ڕەزایی، ئازاد ستارپەنا، عەینوڵڵا قادرنژاد، قازی مستەفا عەلی، سیرووس شوکری، عەلی نەزەری، ڕەحمان شەمس، محەممەد مێهردادی، حامید باقری و واحید قادری لە پارێزگاکانی کرماشان، کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، تاران و ئەلبورز بە دەستی هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامی، سوپای پاسداران و حیجاببانانەوە کوژراون.

ـ داریا میکاییلی، خەڵکی سەڵماس و دانیشتووی ورمێ، ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١ (١ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە گەڕەکی کوشتارگەی ئەم شارە بە دەسڕێژی هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامی بریندار بوو و دوای چەند ڕۆژ بە هۆی خوێنلێچوونی زۆرەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا. هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامی سەرەتا بە گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبیلەکەی کرد و دوای ئەوەی ئۆتۆمبیلەکە وەستا، ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خۆی کرد.

ـ موختار فەتحی، خەڵکی سەقز، ڕۆژی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ (١٨ی فێبرییەی ٢٠٢٣) بە گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامی و کوژرا.

ـ بێهزاد عەزیزی، هاووڵاتیی ١٩ ساڵانی خەڵکی گوندی «دەرەشێخان»ی بانە، ڕۆژی ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (٢٢ی مارسی ٢٠٢٣) لە خاڵی پشکنینی سەرەتای ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا.

ـ ئازاد ڕەزایی، خەڵکی کرماشان، ڕۆژی ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (٢٧ی مارسی ٢٠٢٣) بە ئۆتۆمبیلەکەی خۆی لە نزیک مەیدانی نیایشی شاری کرماشانەوە تێدەپەڕی کە هێزەکانی پۆلیسی کەلانتەری کەوتنە دوای و دەسڕێژیان لێ کرد کە بووە هۆی پێکرانی سەری و گیانی لە دەست دا.

ـ عەینوڵڵا قادرنژاد ڕۆژی ١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (٢ی ئاوریلی ٢٠٢٣) کاتێک کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی «گادر»ی شاری شنۆ دەسڕێژیان لە گرووپێک کاسبکاری سەرسنوور کرد، گوللەی بەر کەوت و گیانی لە دەست دا.

ـ قازی موستەفا عەلی، هاووڵاتیی ٥٠ ساڵانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٢ (١١ی جولایی ٢٠٢٣) لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگری ناوچە سنوورییەکاندا و لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەی سنووریی «بەمۆ»ی سەر بە «ئەزگەلە»ی شاری سەلاسی باوەجانیی پارێزگای کرماشان و گیانی لە دەست دا.

ـ عەلی نەزەری، ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٢ (٢٤ی ژوەنی ٢٠٢٣) لە چوارڕیانی سەرەکیی گەڕەکی «جافرئاوا»ی کرماشان بە دەسڕێژی هێزەکانی پۆلیسی کەلانتەری کوژرا.

ـ سیرووس شوکری، سەربازی ئاسایی خەڵکی سەڵماس، ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (٢٤ی جولایی ٢٠٢٣) بە هۆی تەقەکردنەوە لە سەربازگەی سوپای پاسدارانی ورمێدا کوژرا.

بە وتەی کەسێکی نزیک لەم سەربازە، «لەبەر ئەوەی ئامۆزایەکی ئەم هاووڵاتییە بە ناوی مووسا کوبانی لە گیانبەختکردوانی ناسراوی شەڕی دژ بە داعش لە کۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستان بووە و هەروەها بە هۆی باسوخواسی سیاسیی نێوان ئەو و ئەندامانی سوپای پاسدارانەوە لە ناو ئەم بنکەیەدا، چەندین جار لە لایەن یەکێک لە فەرماندەکانی سەربازگەکەوە هەڕەشەی لێ کرابوو. هەروەها لە چەند مانگی ڕابردوو و هەر لە درێژەی ئەم گوشارانەدا، سزای ٣ مانگ سەربازیی زیادەی بەسەردا سەپێنرابوو».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بەرپرسانی بنکەکەی سوپا دوای کوژرانی سیرووس شوکری سەرەتا دەنگۆیەکی وایان بڵاو کردەوە کە گوایە هێزەکانی سەر بە حیزبێکی کوردستان هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکە و سیرووس لە تێکهەڵچوون لەگەڵ ئەو هێزانەدا کوژراوە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆیەکی تر رایانگەیاند کە ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ناو ئەو بنکەیەدا خۆی کوشتووە. بەڵام دوای گواستنەوەی تەرمەکەی بۆ پزیشکیی داد و توێکاری و پشکنینی پێویست، پزیشکیی داد بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاند کە سیرووس لە مەودای دوورەوە گوللەی پێوە نراوە و هەر بۆیە گریمانەی خۆکوشتنی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان ڕەت کردەوە.

ـ‌ ڕەحمان شەمس، سەربازی ئاسایی خەڵکی ماکۆ، ڕۆژی ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) بە دەسڕێژی ئەفسەری سەرووتر لە خۆی لە سەربازگەی ئەرتەش لە قەسری شیرین کوژرا.

ـ محەممەد مێهردادی، عەقید (سەرهەنگ)ی خانەنشینی سوپای پاسداران کە خەڵکی شاری مێهرانی پارێزگای ئیلام بوو، ڕۆژی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ (٥ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) دوای ئەوەی بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی چووە بەردەم بنکەی فەرماندەیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە تاران، بە دەسڕێژی پاسەوانی یەکێک لە فەرماندە بەرزەکانی سوپا کوژرا.

ـ حامید باقری، خەڵکی گوندی «تەجەرئەکبەری کەلهوڕ»ی سەر بە شاری شاباد (ئیسلامئاوای ڕۆژئاوا)ی پارێزگای کرماشان، ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە گوڵشاری کەرەج بە دەسڕێژی هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامی کوژرا.

ـ‌ واحید قادری، کاسبکاری خەڵکی سەقز، ڕۆژی ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) بە ئۆتۆمبیلەکەی خۆی لە جادەی سەرشیوی ئەم شارەوە تێدەپەڕی کە هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامی بە گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ کەوتنە دوای و دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبیلەکەی کرد کە بووە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکە و گیانی لە دەست دا.

ـ ئارمیتا گەراوەند لەدایکبووی ١٣ی خاکەلێوە ١٣٨٥ (٢ی ئاوریلی ٢٠٠٦)ی کرماشان بوو. بنەماڵەکەی خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستانن و لەم ساڵانەی دواییدا نیشتەجێی تاران بوون. ئەم کچە ١٧ ساڵەیە ڕۆژی ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە وێستگەی میترۆی شوهەدا لە تاران لەبەر ڕەچاونەکردنی حیجاب کەوتە بەر پەلامار و لێدانی هێزە حکومەتییەکانەوە (حیجاببانەکان) و بە هۆی بەرکەوتنی سەریەوە لەسەر خۆ چوو. ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر (٢٨ی سیپتامبەر) هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران هەواڵی گیانلەدەستدانی ئارمیتایان دوای ٢٨ ڕۆژ کۆما و خەواندن لە بەشی چاودێرییە تایبەتییەکانی نەخۆشخانەی فەجری تاراندا بڵاو کردەوە.

ـ ئازاد ستارپەنا، کاسبکاری خەڵکی سەقز، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە ناوچەی سنووریی «هەنگه‌ژاڵ»ی شاری بانه دوای دەمەقڕەیەک لەگەڵ هێزە سنوورپارێزەکاندا کەوتە بەر دەسڕێژی ئەو هێزانەوە و گیانی لە دەست دا.

مەرگی گوماناویی هاووڵاتیان

لە جۆزەردانی ١٤٠٢دا (مەیی ٢٠٢٣) دوو کەس لە شاری ئاودانانی ئیلام بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لە دەست دا.

ـ بامشاد سلێمانخانی، ٢١ ساڵان، خەڵکی ئاودانان و خوێندکاری ئەندازیاریی میکانیکی زانکۆی ئیلام، ڕۆژی ٣ی جۆزەردان (٢٤ی مەی) دوای ئازادبوون لە زیندان دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام نیوەشەو بە نیشانەی ژەهراویبوونەوە گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانە و ڕۆژی ٧ی جۆزەردان (٢٨ی مەی) بە شێوەیەکی گوماناوی لە نەخۆشخانی ئیلام گیانی لەدەست دا. دوابەدوای مەرگی گوماناویی ئەم خوێندکارە کوردە، زنجیرەیەک مانگرتنی بازاڕ و دووکان و خۆپیشاندانی بەربڵاو شاری ئاودانانی گرتەوە.

ـ مەنسووره سەگوەند، ١٨ ساڵان، خەڵکی خوڕەمئاوا و خوێندکاری یاسا لە زانکۆی پەیام نووری ئاودانان، چەند ڕۆژێک دوای وازهێنان لە هاوکاریکردنی پۆلیسی ئینتیزامی وەکوو ئەندامی فەخری و ڕاگەیاندنی ئەم بابەتە لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا، بە شێوەیەکی گوماناوی و بە هۆی وەستانی دڵەوە گیانی لە دەست دا.

کوشتنە سەروویاساییەکان

لە ساڵی ٢٠٢٣دا سێ ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستان تیرۆر کران. لوقمان ئاجی و عادڵ موهاجیر ڕۆژی ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢ (٧ی جولای) لە نزیک شاری قەڵادزێ و سیامەند شابۆیی ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٢ (١٢ی جولایی ٢٠٢٣) لە نزیک شاری هەولێر لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تیرۆر کران.

سوهراب ڕەحمەتی، چالاکی سیاسی و لە ئەندامانی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستان کە ئەرکی پارێزەریی چەند دۆسیەیەکی کوشتنی سەروویاسایی دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی گرتبووە ئەستۆ، ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٢ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣) لە شاری هەولێر کەوتە بەر پەلاماری چەکداریی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بریندار بوو.

گیانلەدەستدانی کرێکاران بە ڕووداوی کار

لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٣٦ کرێکاری کورد، لەوانە ٢ منداڵ، بە ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکیی دادی کرماشان، تەنها لەم پارێزگایەدا ٢٧ کرێکار لە مەودای نێوان ٢١ی مارس تا ٢١ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣دا بە ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە. زیاترین هۆکاری کوژرانی کرێکاران بە ڕووداوی کار دەگەڕەتەوە بۆ نەبوونی ستانداردە پێویستەکان لە شوێنی کاردا.

دوو کرێکاری پیترۆکیمیای چێواری ئیلامیش دوای ئەوەی لەسەر کار دەر کران هەوڵی خۆکوشتنیان دا و گیانیان لە دەست دا.

ژنکوشتن

لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٣١ حاڵەتی ژنکوشتن لە کوردستاندا تۆمار کراوە کە ١٣ حاڵەتیان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ١٢ حاڵەت لە پارێزگای کرماشان، ٤ حاڵەت لە پارێزگای کوردستان و ٢ حاڵەتیش لە پارێزگای ئیلامدا بووە.

تەمەنی ٤ کەس لەم ژنانە خوار ١٨ ساڵ بووە و لانیکەم ٣ کەسیشیان قوربانیی «منداڵ-هاوسەری» بوون.

کۆمەڵە هۆکارێک بۆ ئەم کوشتنانە کە بە زۆری لە لایەن پیاوانی بنەماڵەوە ئەنجام دراون، ڕاگەیەنراوە، لەوانە «کێشەی خێزانی»، «پێوەندی لە دەرەوەی ژیانی هاوبەش»، «داوای جیابوونەوە»، «مۆڵەتنەدان بە هاوسەرگیریی دووبارەی مێرد»، «دژایەتیکردن لەگەڵ هاوسەرگیریی دووبارەی ژندا لە دوای جیابوونەوە» و هەندێ حاڵەتی تر کە بە «پاڵنەری نامووسی» ناسراون.

تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی شەڕ

لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی شەڕەوە لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام لانیکەم ٨ کەس کوژران و ٦ کەسیش بریندار بوون. هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە بە تەقینەوەی مین لە هەرێمی کوردستان گیانی لە دەست داوە. سێزدە کەس لەم قوربانیانە هاووڵاتیی ئاسایی و یەک کەسیش کرێکاری کۆمپانیای هەڵگرتنەوەی مین بوون.

هەندێ لەم مین و تەقەمەنییانە پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراق و هێرشی سەربازیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا (هەشتاکانی زایینی) بوون و هەندێکیشیان لە مانۆڕە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەم ساڵانەی دواییدا بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوەی هێزەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان لە ناوچەکەدا چێنرابوون.

پەناخوازان

لە ساڵی ٢٠٢٣دا دوو پەناخوازی کورد بە ناوەکانی هێمن شەمامیزادە، خەڵکی سەردەشت و ئیسماعیل دارابی، خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، لە کاتی پەڕینەوەدا بۆ وڵاتانی ئەورووپایی بە ڕیز لە ڕێکەوتەکانی ٢٠ی ڕەزبەر و ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (١٢ و ٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە دارستانەکانی سەرسنووری نێوان بیلاڕووسیا و پۆڵۆنیا ڕەق بوونەوە و گیانیان لە دەست دا.

هەروەها دوو پەناخوازی کوردی خەڵکی گوندی خانەقای پاوە بە ناوەکانی نیما شاسواری و هیوا مستەفایی ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢ (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە سنووری ئاویی نێوان فەرەنسا و بریتانیا و لە کاتی پەڕینەوە لە کەناڵی مانشەوە، بە هۆی وەرگەڕانی بەلەمەکەیانەوە بزر بوون و تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە.