(٢١ی مارسی ٢٠٢٢ تا ٢١ی مارسی ٢٠٢٣)

لەم ڕاپۆرتەدا ئاوڕ دەدرێتەوە لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران لە ساڵی ١٤٠١دا. لەم ساڵەدا، وەک هەموو ساڵانی پێشوو، پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییانی کورد بە هۆکاری زمانی، مەزهەبی، کولتووری، ڕەگەزی، ژێندەری، چینایەتی، سیاسی و… لە ڕێگای یاسای هەڵاواردنکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەڵسوکەوتی سەرکوتکارانە و توندوتیژانەی دامودەزگا ئەمنی، سەربازی، دادوەری و دەوڵەتییەکانی حکوومەتەوە درێژەی هەبووە.

لە بەشە جیاوازەکانی ئەم ڕاپۆرتەدا ئاماری گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان، دەستبەسەرکراوان، کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران، کوشتنی هاووڵاتییان، لەسێدارەدانەکان، کوشتن و تیرۆرکردنی ئەندامانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان بە تەقینەوەی مین و لە کاتی هەڵگرتنەوەی میندا کۆ کراوەتەوە.

سەرەڕای هەوڵەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان و بەدۆکیۆمێنتکردنی حاڵەتە پڕهەژمارەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا، پێویستە ئەوەش بڵێین کە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە یان پێشتر لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە پشتڕاست و بڵاو کراونەتەوە، یان لە هەندێ حاڵەتدا کە لە هەواڵ و زانیاریی سەرچاوەکانی تر کەڵک وەرگیراوە، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە شێوەی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەی پێویستی لەسەر کردوون و توانیویەتی ڕاستییان بسەلمێنێت. سەرەڕای هەموو ئەمانەیش، لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئەم ڕاپۆرتە هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی هاووڵاتییانی کورد لە ئێراندا ناگرێتەوە و بێگومان گەلێ حاڵەتی دیکە هەن کە بە هۆکاری جۆراوجۆر، لەوانە گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان لەسەر کەسەکان و بنەماڵەکان، بە شاراوەیی ماونەتەوە و هیچ زانیارییەکیان لەسەر بڵاو نەکراوەتەوە و لە هەواڵی ڕاگەیاندن و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤدا ئاماژەیان پێ نەکراوە.

لە ساڵی ١٤٠١دا هەروەها ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەربڵاو و کەموێنەی جەماوەری لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا بەڕێوە چوو کە تا ئێستایش درێژەی هەیە. ئەم سەرهەڵدانە کە بە #شۆڕشی_ژینا یان #ژن_ژیان_ئازادی ناو دەبرێت، دوای کوشتنی حکوومەتیی #ژینا_ئەمینی و گردبوونەوەی جەماوەری لە بەردەم نەخۆشخانەی کەسرای تاراندا، لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانان (١٧ی سێپتامبری ٢٠٢٢) و بە ئامادەبوونی بەربڵاوی خەڵک لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئەم ژنە کوردەدا لە سەقزەوە دەستی پێ کرد.

ژینا ئەمینی، ژنەکوردی خەڵکی سەقز، لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانان (١٣ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە شەقامێکی تاران لە لایەن دەوریەی ئێرشادەوە (پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقیی کۆماری ئیسلامیی ئێران) لەبەر «حیجاب» و بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز دەستبەسەر کرا و لە ماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێردا پاش گواستنەوەی بۆ بینای پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقیی تاران لە شەقامی وزەرا، بە هۆی قورسبوونی ئەو زەبرانەوە کە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە بەر سەری کەوتبوو، لەسەر خۆ چوو و ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەسرا کرا. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراوەتەوە، ژینا کاتێک ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو کە تووشی مەرگی مێشک ببوو و سێ ڕۆژ دواتر لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرماناندا (١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەست دا.

ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە و لە سیناریۆیەکی دووبارەدا ڕایگەیاند کە ژینا بە جەڵدەی دڵ و لەبەر نەخۆشیی پێشووتر گیانی لەدەست داوە، بەڵام بنەماڵەکەی وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم بانگەشەیە پێداگر بوون لەسەر ئەوە کە منداڵەکەیان پێش دەستبەسەربوون بەتەواوی تەندروست بووە. هەروەها چەند شایەتحاڵێکی مەیدانییش کە خۆیان لە ڕیزی دەستبەسەرکراوانی دەوریەی ئێرشاد لە کات و شوێنی دەستبەسەرکردنی ژینادا بوون و لە هەمان ئەو ئۆتۆمبێلەدا بوون کە ژینای پێ گوازرابوویەوە، دواتر پشتڕاستیان کردەوە کە هێزەکانی پۆلیس ژینایان بە قورسی ئەشکەنجە کردووە و هۆکاری شکانی کاسەسەریشی هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لێدان و ئەشکەنجانە. بە وتەی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، تا ئێستا هیچ ڕێکارێکی یاسایی لەسەر دۆسیەکە نەگیراوەتە بەر و هەموو لێکۆڵینەوەکان بەبێ ئامادەبوونی بنەماڵە و پارێزەر بەڕێوە چووە.

کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی بەربڵاوی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری لە هەموو ئێراندا کە شارە جیاوازەکانی کوردستان یەک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ئەم سەرهەڵدانە بوون و هەن. لە ڕەوتی ئەم سەرهەڵدانە کەموێنەیەدا، بە هەزاران کەس دەستبەسەر و بە سەدان کەس لە لایەن هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون. بە هەزاران کەسیش لە ئەنجامی تەقە و دەسڕێژ و لێدانی هێزە سەربازی-ئەمنییەکاندا بریندار بوون کە ژمارەیەکی زۆریان تووشی زەبری قورسی قەرەبوونەکراوەی وەک کوێربوونی چاو بوون.

ژمارەیەکی زۆر لە دەستبەسەرکراوان تا ئێستایش بە بڕیاری دەستبەسەربوون یان حوکمی بەندکرانەوە لە دەستبەسەرگە و زیندانەکاندان. لەم نێوانەدا ٨ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد لە زیندانەکانی ڕەجایی شاری کەرەج، سنە و ورمێ تۆمەتی «موحارەبە» و «افساد فی‌الارض»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە و مەترسیی سەپاندنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.

ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە دواهەمین ڕاپۆرتی خۆیدا کە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١ (٦ی مارسی ٢٠٢٣) بڵاوی کردووەتەوە، ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ساڵی ١٤٠١ی لانیکەم ٥٧٣ کەس ڕاگەیاندووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆربەی کوژراوان بە ڕیز لە پارێزگاکانی بەلووچستان، کوردستان و تاراندا بوون. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ناونیشانی ١٢٣ هاووڵاتیی کوردی گیانبەختکردووی ئەم سەرهەڵدانەی تۆمار کردووە کە ١١ کەسیان منداڵن.

بەپێی ئەم ئامارە، ١١٢ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆ بە چەکی شەڕ و ساچمەیی یان بە باتۆم و چەقۆی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە شەقامەکاندا یان دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە کوژراون. ٨ کەس دوای دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە سەربازی-ئەمنییەکانەوە لەژێر ئەشکەنجەدا لە دەستبەسەرگە، یان ماوەیەکی کورت دوای ئازادبوون گیانیان بەخت کردووە. مەرگی دوو کەس بە شێوەیەکی گوماناوی بووە کە دەوترێت لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە کوژراون و یەک کەسیش بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» لە سێدارە دراوە.زیاترین ژمارەی گیانبەختکردووان لە شارەکانی سنە، بۆکان و مەهاباد بووە: ٤٩ کەس لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (بۆکان ١٧ کەس، مەهاباد ١٣ کەس، پیرانشار ٨ کەس، ورمێ ٥ کەس، شنۆ ٣ کەس و سەردەشت ١ کەس)، ٣٩ کەس لە پارێزگای کوردستان (سنە ٢٠ کەس، سەقز ٥ کەس، دیواندەرە ٤ کەس، بانە ٣ کەس، کامێران ٣ کەس، دێولان ٣ کەس و مەریوان ١ کەس)، ٢١ کەس لە پارێزگای کرماشان (کرماشان ٨ کەس، جوانڕۆ ٨ کەس، شاباد ٣ کەس، قەسری شیرین ١ کەس و سەلاسی باوەجانی ١ کەس)، ٦ کەس لە پارێزگای تاران (تاران ٤ کەس، وەرامین ١ کەس و شەهریار ١ کەس)، ٥ کەس لە پارێزگای ئەلبورز (کەرەج ٥ کەس)، ١ کەس لە پارێزگای ئیلام (ئیلام ١ کەس)، ١ کەس لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی (قووچان ١ کەس)، ١ کەس لە پارێزگای قەزوین (قەزوین ١ کەس) و ١ کەس لە پارێزگای مەرکەزی (ئەراک ١ کەس).

ئەم ڕاپۆرتە تەنها پێشێلکاری و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەردەمی #شۆڕشی_ژینا دا ناگرێتەوە، بەڵکوو کۆی پێشێلکارییەکانی یەک ساڵی ڕابردووی تێدا تۆمار کراوە، لەوانە: لەسێدارەدانەکان، کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران و کاسبکارانی سەرسنوور، کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی، دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان بە تۆمەتی سیاسی، سەپاندنی سزای لەسێدارەدان و بەندکران بەسەر زیندانییانی سیاسیدا، تیرۆرکردنی چالاکانی سیاسی، کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییان بە تەقینەوەی مین، کوژرانی کرێکاران بە ڕووداوی کار، کوشتنی ژنان بە ناوی نامووسەوە، کوشتنی هاووڵاتییان لەژێر ئەشکەنجەدا و…

بۆ بینینی وردەکاری و خشتەی پێشێلکارییەکان بە زمانی فارسی ئەم بەستەرە ببینە: