سەرەڕای هەوڵەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بۆ ڕاگەیاندن و بەدۆکیۆمێنتکردنی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا، پێویستە جەخت بکەینەوە کە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە پێشتر تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پشتڕاست و بڵاوی کردوونەتەوە یاخود ئەگەر هەواڵ و زانیارییەکانی حاڵەتێک لە سەرچاوەیەکی ترەوە وەرگیرابێت، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە شێوەی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەی پێویستی بۆ کردووە و دروستبوونی سەلماندووە. سەرەڕای هەموو ئەمانەیش، پێمان وایە ئەم ڕاپۆرتە ناتوانێت هەڵگری کۆی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران بێت و بێگومان گەلێ حاڵەتی تر هەن کە بە هۆکاری جیاواز، لەوانە زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان بۆ سەر کەسەکان یان بنەماڵەکان، تۆمار و بڵاو نەکراونەتەوە و لە هەواڵی ناو ڕاگەیاندنەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤدا ئاماژەیان پێ نەکراوە.

– کۆڵبەران

لە ساڵی ١٤٠٠دا لانیکەم ٤١ کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقە و دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان، ڕووداوری سروشتی و… گیانیان لەدەست داوە و ١٣٠ کەسیش بریندار بوون. لەمانە ٢١ کۆڵبەر بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ١ کۆڵبەر بە دەستی هێزە سنوورپارێزەکانی تورکیا و ٢ کۆڵبەریش بە بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکاندا کوژراون. 

منداڵێکی کۆڵبەریش دوای دەستگرتنی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بەسەر وڵاخە بارهەڵگرەکانیدا دەستی داوەتە خۆکوشتن و گیانی لەدەست داوە. هەروەها ٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی شارەکانی ورمێ و بانە ون بوون و سەرەڕای تێپەڕینی چەندین مانگ، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە و هەوڵەکانی خەڵکی ناوچەکەیش لە ناوچەی ڕووداوەکاندا بۆ دۆزینەوەی تەرمەکانیان بێئەنجام بووە.

لەم ١٣٠ کۆڵبەرە بریندارە، ٨٠ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان، ٩ کۆڵبەر بە ئەشکەنجەی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٥ کۆڵبەر بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لە کاتی ڕاوەدوونانیانەوە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە و ٢ کۆڵبەریش بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی تورکیا و ئێراق بریندار بوون.

هەروەها ٩ کۆڵبەر بە تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکاندا، ١٩ کۆڵبەر بە ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگای کۆڵبەریدا،٤ کۆڵبەر بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە و ٢ کەسی تریش بە ڕووداوی سروشتی بریندار بوون.

– لەسێدارەدانەکان

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ساڵی ١٤٠٠دا لانیکەم ٤٥ زیندانیی کورد لە زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون. تۆمەتی سەر ٢٨ کەسیان «کوشتنی بەئەنقەست» و ١٦ کەسی تریشیان «مادە سڕکەرەکان» ڕاگەیەنراوە. ئەمانە تەنها ئەو کەسانەن کە تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان توانیویەتی لە ئێعدامکردنیان دڵنیا ببێتەوە و پێدەچێ ژمارەی لەسێدارەدراوان لەمەش زیاتر بێت.

هەروەها حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کورد، لە ڕێکەوتی٢٨ی سەرماوەز (١٩ی دێسامبر) بە تۆمەتی «بەغی» لە زیندانی سنە لە سێدارە درا. ئەم حوکمە بەبێ ئاگدارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکەی جێبەجێ کرا و ناڕەزایەتیی بەربڵاوی ڕای گشتیی کوردستان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی بەدواوە بوو.

– کوشتن و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان لە دەستبەسەرگە و زیندانەکاندا

لە ساڵی ١٤٠٠دا لانیکەم ٥ زیندانیی کورد بە ناوەکانی دانیال زەینولعابیدینی لە زیندانی مەهاباد، ناسر کەریمی لە زیندانی بۆکان، ئەمیر ڕەزایی لە زیندانی ورمێ، مێهرداد تاڵشی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی تاران، ئەمیرحسەین حاتەمی لە زیندانی فەشافوویەی تاران و خەسرەو جەمالیفەڕ لە زیندانی ناوەندیی سنە، لەبەر ئەشکەنجەدران لە دەستبەسەرگە یان زینداندا کوژراون.

هەروەها ٤ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەحمەد ڕەسەن لە گوندی «مارلیک»ی ماکۆ، یاسر مەنگوڕی لە پیرانشار، ئەسعەد ڕامین و داوود ڕەحیمی لە گوندی «قارنا»ی نەغەدە، لە کاتی دەستبەسەرکردندا کەوتوونەتە بەر تەقە و دەسڕێژی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە و دوای برینداربوون دەستبەسەر کراون. ئەم دەزگا ئەمنی-سەربازییە دوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر بەسەر نادیاربوونی چارەنووسی ئەم کەسانەدا، بە بنەماڵەکانیانی ڕاگەیاندووە کە ئەم کەسانە لە کاتی دەستبەسەرکردندا کوژراون، بەڵام بنەماڵەکان دەڵێن هۆکاری مردنی ئەم کەسانە دەگەڕەتەوە بۆ ئەشکەنجەدانیان لە کاتی دەستبەسەربووندا. تەرمی ئەم هاووڵاتییانە تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکان نەکراوەتەوە و هیچ جۆرە بەڵگەیەکی ڕەسمییش لەسەر شێوازی مردنیان لە لایەن دامودەزگا پێوەندیدارەکانەوە دەر نەکراوە.

٤ زیندانیی کوردی دیکەیش بە ناوەکانی شەهاب دەروونپەڕ ٣٥ ساڵان لە زیندانی شەهابات، ئیرەج عەلیزادە ٥٠ ساڵان لە زیندانی خۆی، شەمسەدین تاتایی ٥٥ ساڵان لە زیندانی ناوەندیی ورمێ و ڕوحوڵڵا مەلێکی ٣٠ ساڵان لە زیندانی ناوەندیی ئیلام، بە هۆی بێبەشکرانەوە لە خزمەتگوزاریی تەندروستی یاخود کەمتەرخەمیی پزیشکی گیانیان لەدەست داوە.

– تیرۆرکردنی چالاکانی سیاسی لە دەرەوەی وڵات

لە ساڵی ١٤٠٠دا دوو چالاکی سیاسیی ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و حیزبی دیمۆکراتی کوردستان (حدک) بە ناوەکانی بێهرووز (ڕێبین) ڕەحیمی و مووسا باباخانی لە شارەکانی سلێمانی و هەولێری هەرێمی کوردستان بە دەستی هێزە چالاکەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی وڵات تیرۆر کراون. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەموو نموونە هاوشێوەکانی تر بەرپرسایەتیی هیچکام لەم کوشتنە سیاسییانەی نەگرتۆتە ئەستۆ، بەڵام حیزبەکانی ئەم کەسانە حکوومەتی ئێرانیان وەک بەرپرسیاری ئەم تیرۆرانە ڕاگەیاندووە.

– ژنکوشتن و خۆکوشتنی ژنان

لە ساڵی ١٤٠٠دا لانیکەم ٣٤ حاڵەتی ژنکوشتن لە شارەکان و ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا تۆمار کراوە. «کێشەی ماڵی»، «کێشەی بنەماڵەیی»، «بابەتی نامووسی»، «ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری» و… وەک هۆکاری ئەم کوشتنانە ڕاگەیەنراون. 

٦ کەس لەم ژنە کوژراوانە بە ڕێکەوت لەو شوێنانەدا بوون کە ژنانێکی تر کراونەتە ئامانجی کوشتن و ئەمان وەک هاوڕێ، دایک یان خوشکی ئەو ژنانە بە ڕێکەوت لەگەڵیان بوون و گوللەی بکوژەکانیان بەر کەوتووە و گیانیان لەدەست داوە.

لە کۆی ئەم ژنە کوژراوانە، ١٤ کەس لە پارێزگای کرماشان (شارەکانی کرماشان، هەرسین، سونقوڕ و ڕوانسەر)، ٤ کەس لە پارێزگای ئیلام (شارەکانی ئیلام و دەڕەشار)، ٩ کەس لە پارێزگای کوردستان (شارەکانی سنە، سەقز و مەریوان)، ٥ کەس لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (شارەکانی پیرانشار، سەردەشت و تیکاب)، یەک کەس خەڵکی پارێزگای کرماشان و دانیشتووی شاری ساری و کەسێکیش خەڵکی سنە و دانیشتووی شاری هەمەدان بوون. ٢٩ کەس لەم ژنانە دانیشتووی شارەکان و ٥ کەس دانیشتووی گوندەکان بوون. لەم ٣٤ ژنە کوژراوە چواریان زگورت و ئەوانی تر خێزاندار بوون.

١٧ کەس لەم ژنانە بە دەستی هاوسەر، ٢ کەس بە دەستی هاوسەری پێشوو، ٢ کەس بە دەستی باوک، ٥ کەس بە دەستی زاوا، ٣ کەس بە دەستی ئەو داخوازیکەرانەی داواکارییەکەیان بۆ هاوسەرگیری ڕەت کراوەتەوە، یەک کەس بە دەستی برا، یەک کەس بە دەستی هاوسەری هاوڕێکەی، یەک کەس بە دەستی کوڕەکەی، یەک کەس بە دەستی خەزووری و یەک کەسیش بە دەستی پیاوێک کە هیچ پێوەندییەکی خزمایەتیی لەگەڵیدا نەبووە، کوژراون.

٢٠ کەس لەم ژنانە بە چەکی گەرم، ٥ کەس بە چەقۆ، ٢ کەس بە لێدان و سووتاندن، ٣ کەس بە لێدان، ٣ کەس بە سووتاندن، ١ کەس بە خنکاندن و ١ کەسیش دوای بەردانەوەی بەئەنقەست لە ئۆتۆمبێلێکەوە کە لە حاڵی ڕۆیشتندا بووە، گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها لەم ساڵەدا لانیکەم ٧٨ ژن و منداڵی کچ لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی ئێران دەستیان داوەتە خۆکوشتن و گیانیان لەدەست داوە. ١٥ کەس لەمانە کچانی مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ بوون. ڕاگەیەنراوە کە زیاترین هۆکاری ئەم خۆکوشتنانە بریتی بوون لە «کێشەی خێزانی»، «هەژاری»، «ئامادەنەبوون بۆ هاوسەرگیریی زۆرەملێ»، «خەمۆکی» و «ڕێگریکردن لە درێژەدان بە خوێندن». زۆربەی ئەم کەسانە دانیشتووی شارەکانی ورمێ و خێزاندار بوون و لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

– دەستبەسەرکردنەکان

لە ساڵی ١٤٠٠دا لانیکەم ٣٧٤ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد بە هۆکاری سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی، ئینتیزامی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. ٢٧٤ کەس لەمانە هاووڵاتیی مەدەنی، ٦١ کەس چالاکوان، ١٠ کەس منداڵ، ٦ کەس زیندانیی سیاسیی پێشوو، ٦ کەس لە ئەندامانی پێشووی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان، ٣ کەس ڕۆژنامەنووس، ٢ کەس هونەرمەند، ٢ کەس مامۆستای زمانی کوردی، ١ کەس مامۆستا، ١ کەس وەرزشوان، ٢ کەس مامۆستای ئایینیی سوننە، ١ کەس پارێزەری یاسایی و ١ کەس دایکی زیندانیی سیاسی بوون.

ئەگەرچی هەندێ لەم کەسانە دوای قۆناغی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام ژمارەیەکی تریان هێشتا هەر بە شێوەی کاتی دەستبەسەرن و ژمارەیەکیشیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی زیندان کراون.

– سزای بەندکران

لە ساڵی ١٤٠٠دا دادگاکانی گشتی و شۆڕشی ئیسلامی لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام، تاران، خوراسانی ڕەزەوی، قوم و ئێسفەهان بۆ لانیکەم ٦٢ هاووڵاتی و چالاکی کورد بە تۆمەتی سیاسی حوکمی بەندکران، دوورخستنەوە و لەسێدارەدانیان دەر کردووە. 

لە مانگی ڕەشەمەی ١٤٠٠دا دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی فیرووز مووسالوو و حاتەم ئۆزدەمیر (هاووڵاتیی تورکیا) کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدان، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ و خۆیەوە بە تۆمەتی «بەغی» حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها لەم ساڵەدا دیوانی باڵای ئێران حوکمی لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کورد شاکر بێهرووزی کە پێشتر بەسەریدا سەپابوو، پەسەند کرد.

– تەقینەوەی مین

لە ساڵی ١٤٠٠دا بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی سەربازییەوە لانیکەم ٩ هاووڵاتی و ٢ فەرمانبەری ئیدارەی هەڵگرتنەوەی مین کوژراون و ٢٦ کەسیش تووشی برینداربوون و لە هەندێ حاڵەتدا لەدەستدانی ئەندامە لەش بوون. لەنێو قوربانییاندا لانیکەم ٦ منداڵ دەبینرێن.

– کرێکاران

لە ساڵی ١٤٠٠دا لانیکەم ٥٠ کرێکاری کورد بە ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە. زیاترین هۆکاری ئەم ڕووداوانە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ستانداردەکانی خۆپاراستن.

– پەناخوازان

لە ساڵی ١٤٠٠دا لانیکەم ٨ پەناخوازی کورد کە بەتەما بوون لە وڵاتە ئەورووپاییەکان ببنە پەنابەر، لە دەرەوەی وڵات گیانیان لەدەست داوە. مەرگی ٦ پەناخواز لە یۆنان و پەناخوازێکیش لە ئەڵمانیا تۆمار کراوە. پەناخوازێکی تریش لە کردەوەیەکی ناڕەزاییانە لە ئاست نادیاربوونی چارەنووسی دۆسیەی پەنابەرییەکەیدا لە بەردەم نووسینگەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستان ئاگری لە جەستەی خۆی بەر دا و گیانی لەدەست دا. 

ـ مانگرتن لە خواردنی  زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی کورد

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ۵۵ زیندانیی سیاسیی کورد به ناوەکانی ڤیان محەممەدی، موژگان کاوسی، گوڵاڵه مورادی، سەکینه پەروانه، هووشمەند عەلی‌پوور، نامدار مورادی، قادر محەممەدزاده، ئیرەج سۆفی‌محەممەد، خەیروڵڵا‌ حەق‌جوویان، یاسر شەرافەتەدین، سیروان حسەینی ئەسڵ، سامان حسەینی ئەسڵ، مەحیەدین تازەوارد، داوود جەباری، سیروان ئەمینی، ئەمین دڵ‌نشین، خالید فەرەیدوونی، ئەرسەلان خودکام، حسەین عوسمانی، مەحیەدین مەلائیبراهیمی، دارا ڕەشیدی، کەیوان ڕەشۆزاده، کامران قاسمی، کامیل سەیدان مەسکەن، ئەنوەر چالشی، محەممەد سەعیدی، تۆفیق عەبدوڵڵاهی، محەممەد حسەین‌پوور، خەسرەو زەڕستان، سەید ئارام ئەمینولئیسلام، فەرشاد فەتاحی، حامید عەلی‌محەممەد مەشکوه، موختار ئیبراهیمی، ڕەحمەت دەریابەنده، سیاوەش جەوان، مۆحسێن مەحاڵی، تاهیر حسەین‌زاده، بێهزاد تەڵایی، هێمن چاوشین، بێهرووز براخاس، هووشەنگ چەمەن‌بەر، هیدایەت سلێمان‌زاده، نایب عەسکەری، عەلی محەممەدی موقەدەم، عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، سەردار ئوزمەش، محەممەد بیرداڵ، ساکار عەینی، محەممەد هووشەنگی، فەرزاد سامانی، فیرووز مووسا‌لوو، شاکر بێهرووزی دیزەج، کەیهان موکەڕەم و حاتەم ئۆزدەمیر لە زیندان و دەستبەسەرگەکانی شارەکانی ورمێ، ئێڤینی تاران، مەشهەد، سنە و یەزد بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ئاست پێڕەونەکردنی یاسای جیاکردنەوەی تۆمەتباران، بەردەوامێتیی دەستبەسەربوونی درێژماوەی خۆیان لە زینداندا، بێبەشکران لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و ڕێگریکردنی دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ مۆڵەتی پشووی کاتییاندا، مانیان لە خواردن گرتووە.

بۆ بینی وردەکاری و خشتەی ڕاپۆرتەکە بە زمانی فارسی ئەم بەستەرە ببینە: