شۆڕش موروەتی، زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام کە کۆتاڕۆژەکانی مانگی ڕابردوو دوای ١٠ مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گەڕێنرابوویەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە، بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم زیندانییە مەحکووم بە ئێعدامە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «شۆڕش موروەتی لە ناڕەزایەتیی بەربڵاوی بەندکراوانی زیندانی سنە لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا (١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە بەر ئەوەی پێشتر لە زیندانی سەقز هەڵاتبوو، لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکان و داواکاری گشتیی سنەوە دۆسیەسازیی بۆ کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ئەم هاووڵاتییە بە درێژایی ئەو ماوەیە لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە بە قورسی ئەشکەنجە درا و پێیان وتبوو کە بە هاوکاریی داواکاری گشتیی شارەکانی سنە و سەقز سزای لەسێدارەدانەکەی جێبەجێ دەکەن».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە بەر مانەوەی ئاسەواری ئەشکەنجەدانی قورسی ئەم زیندانییە لە لایەن هێزەکانی گاردی زیندان و هێزە ئەمنییەکانەوە، تا کۆتایی مانگی پووشپەڕ (ژوەن) لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا ڕایانگرت و لەم ماوەیەدا مۆڵەتی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەیان پێ نەدا.

شۆڕش موروەتی، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، ساڵی ١٣٨٨ (٢٠٠٩) بە تۆمەتی «دزیی چەکداری و کوشتن» دەستبەسەر کرا و سزای لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە. بنەماڵەی کوژراوەکە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕایانگەیاندبوو کە دوای وەرگرتنی دیە ڕەزایەتی پێ دەدەن، بەڵام داواکاری گشتیی شارەکانی سەقز و سنە دەیانهەوێ گوشار بخەنە سەر ئەو بنەماڵەیە و ڕێگا بە ڕەزایەتدانیان بگرن و شۆڕش موروەتی لە سێدارە بدەن.

ئەم بەندکراوە لە خاکەلێوەی ١٣٩٩ (مارسی ٢٠٢٠) لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە بەندکراوانی زیندانی ناوەندیی سەقزدا توانیبووی لە زیندان هەڵبێت، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.

پێشتریش یەکێکی دیکە لەو بەندکراوانە بە ناوی هێمن مستەفایی کە دوای ناڕەزایەتییەکەی زیندانی ناوەندیی سنە لەگەڵ شۆڕش موروەتیدا گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، لە ڕێکەوتی ٣١ی جۆزەرداندا (٢١ی ژوەن) لە ژێر گوشاری داواکاری گشتی و ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا لە سێدارە درا.