ڕەحیم شەمعی، لە دەستبەسەرکراوانی زنجیرە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دوای کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی لە شاری مەهاباد کە سەرەڕای تێپەڕینی نزیکەی ٩ مانگ هێشتا هەر دەستبەسەرە، بە هۆی تووشبوونەوە بە نەخۆشیی گورچیلە و نەخۆشیی دەروونی لە دۆخێکی ناجێگیر و خراپدایە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، گەرچی ئەم زیندانییە سیاسییە لەم حەفتانەی ڕابردوودا پێویستیی خێرای بە دەرمانی پزیشکیی بووە، بەڵام تەنها یەک جار براوەتە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان لە شاری مەهاباد و بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو زیندان.

ڕەحیم شەمعی لە حاڵێکدا نۆهەم مانگی دەستبەسەربوونی کاتیی خۆی لە زیندانی مەهاباددا تێدەپەڕێنێت کە سەرەڕای دۆخی ناجێگیری تەندروستی و نادیاربوونی چارەنووسی دۆسیەکەی، دادگا بارمەتی ٣ میلیارد تمەنیی بۆ ئازادکردنی کاتیی ئەو دیاری کردووە، بەڵام بنەماڵەکەی توانای دابینکردنی ئەم بارمتە قورسەیان نییە.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شێوازی دەستبەسەرکردن و دۆخی ئەم هاووڵاتییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو: «ڕەحیم شەمعی لە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (١ی دیسامبری ٢٠٢٢) بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا سەرەتا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بە تەلەفۆن بانگهێشت کرا و دوای سەردانکردنی بنکەی هەواڵگریی ئەم دەزگا ئەمنییە لە مەهاباد، دەستبەسەر کرا».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ڕەحیم شەمعی دوای دەستبەسەرکران سەرەتا برایە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری ورمێ و بۆ ماوەی دوو مانگ لە دۆخی سەختی ئەم دەستبەسەرگەیە و لەبەر بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا خرایە ژێر لێپرسینەوە. ئەم هاووڵاتییە بە درێژایی ئەو ماوەیە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و قبووڵکردنی تۆمەتی «ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان» لەژێر زەخت و گوشاردا بووە و تەنها یەک جار توانیبووی بە تەلەفۆن پێوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بکات.