شەش هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی هیوا شەباهەنگ، ئەیوب میرازیی، شیروان خزری، هیدایەت خەسته، شێرکۆ نەسیری و ئەشکان ڕەسوولی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی شنۆ و مەهاباد دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٥ی گەلاوێژ (١٦ی ئاگۆست) هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی هاوکات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ٣ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «گۆگتەپە»ی مەهاباد بە ناوەکانی هیدایەت خەسته، شێرکۆ نەسیری و ئەشکان ڕەسوولی و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەم هاووڵاتیانەیان دەستبەسەر کردووە.

هەر ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر گوندی «بێمزەڕەتە»ی شنۆ و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ٢ هاووڵاتیی خەڵکی ئەم گوندەیان بە ناوەکانی ئەیوب میرازیی و شیروان خزری دەستبەسەر کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی گەلاوێژیش (١٥ی ئاگۆست) هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی هیوا شەباهەنگ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.