لە ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی سنە بە ناوەکانی سەحەر ئەحمەدی، زیلان مەلایی و زریان مەلایی بە دانانی بارمتە لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ئازاد کراون. هاوکات پووریا ئەحمەدی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو، لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا ڕایگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە تاران کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ٢٦ی گەلاوێژ (١٧ی ئاگۆست) ٢ خوشکی خوێندکاری کۆلیژی تەکنیکیی کچانەی سنە بە ناوەکانی زیلان مەلایی و زریان مەلایی دوای ٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ئازاد کراون. ڕۆژی ٢٢ی گەلاوێژ (١٣ی ئاگۆست) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی ئەم دوو خوشکە خوێندکارە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردبوون.

هەروەها سەحەر ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە کە ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژ (١ی ئاگۆست) لەگەڵ پووریا ئەحمەدیی هاوسەری و بەرزین ئەحمەدیی منداڵە کەمتەمەنەکەیاندا دوای دەسڕێژی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ئۆتۆمبیلەکەیان لە نزیک سنە دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ئازاد کراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان گەیشتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پووریا ئەحمەدی لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە تاران کراوە. تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتەکانی سەر ئەم چالاکە مەدەنییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە و لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی دیداری بنەماڵە و دیاریکردنی پارێزەریش بێبەش کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژ (١ی ئاگۆست) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە نزیک شاری سنە دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبیلی پووریا ئەحمەدی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو کرد و دوای وەستاندنی ئۆتۆمبیلەکە، ئەم هاووڵاتییە و هاوسەرەکەی، سەحەر ئەحمەدی و بەرزین ئەحمەدی، منداڵە کەمتەمەنەکەیان، دەستبەسەر کرد. پووریا ئەحمەدی و سەحەر ئەحمەدی لە کاتی دەستبەسەرکراندا کەوتبوونە بەر لێدان و ئەشکەنجەی قورسی هێزە ئەمنییەکانەوە. دوای ڕۆژێک بنەماڵەی پووریا ئەحمەدی بانگهێشت کران و منداڵەکەیان ڕادەست کرایەوە.