وێنەی بەنکراوەکان لە چەپەوە بۆ ڕاست: سیامەک ئەشرەفی، ڕەزا ئیسماعیلی، کەیوان ڕەشۆزادە، کەیوان زارع، ئومێد سەعیدی، کامران قاسمی و کامران دەروێشی

بەگوێڕەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٤ی ڕێبەندان پاش ئەوەی کەسێک بەناوی “سەید فاتمی” کە بەرپرسی بەندی گەنجانی بەندیخانەی ورمێیە بەندکراوەکانی لەدژی حەوت بەندکراویی سیاسیی کوردی ئەو بەندە بەناوەکانی “کامران دروێشی”، “سیامەک ئەشرەفی”، “کامران قاسمی”، “کەیوان ڕەشۆزادە”، “ئومێد سەعیدی”، “کەیوان زارع” و “ڕەزا ئیسماعیلی” هانداوە، ئەو بەندکراوانە پەلاماردراون و پاشان گاردی بەندیخانەکەش هێرشی کردووەتە سەریان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بەو بابەتە لێدوانی بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دا و گوتی: “پاش شەڕەکە، گاردی بەندیخانە هەڵیکوتاوەتە سەر بەندەکە و سێ بەندکراوی سیاسی کورد بەناوەکانی کامران دەروێشی، کاران قاسمی و کەیوان ڕەشۆزادە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواستووەتەوە”.

بەگوێڕەی ئەو سەرچاوەیە، بەرپرسی بەندی گەنجانی بەندیخانەی ورمێ بە بەندکراوەکانی ئەو بەندەی گوتووە کە ئەو حەوت بەنکراوە سیاسییە کوردە بە تۆمەتی “ئەندامبوونی داعش” لە بەندیخانەدان و لەو ڕێگایەوە هانی داون پەلاماری بەندکراوە سیاسییەکان بدەن، پاشان شەڕێک بۆ ماوەی نیو کاتژمێڕ لەنێوانیاندا ڕوویداوە و ٤ بەندکراویش لە ئەنجامدا برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بەهۆی هاندرانی بەندکراوە ئاساییەکان لەلایەن بەپرسانی بەندیخانەی ورمێووە هێرش کراوەتە سەر بەندکراوە سیاسییەکان و هەموو جارێکیش گاردی بەندیخانەکە بەو بەهانەیەوە هەڵیکوتاوەتە سەر بەندکراوە سیاسییە کوردەکان و لێی داون.

ئەو حەوت بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمە / ٠٣.٢٢، بەو داواکارییەوە کە دەبێت ژوورێکی تایبەتیان بۆ تەرخان بکرێت و لە بەندکراوەکانی دیکە جیابکرێنەوە دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.

سیامەک ئەشرەفی و کامران دەروێشی ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندان / ٠٢.١٦، بەو بیانوویە کە ئەگەری هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا ئازادبکرێن لە بەندی بەندکراوە سیاسییەکانی بەندیخانەی ورمێوە گواسترابوونەوە بۆ بەندی گەنجان.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ڕۆژی ١ی ڕێبەندانەوە / ٠١.٢١ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە بێ وەڵام مانەوەی داواکارییەکەی بۆ ئازادیی مەرجدار مانی لە خواردن گرتبوو و لە ٢٦ەمین ڕۆژدا مانگرتنەکەی گۆڕیبوو بە مانگرتنی وشک.

سیامەک ئەشرەفی هاوڵاتیی خەڵکی ورمێ لە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ١٣٩٥ / ٢٠١٦.٠٦.١٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و پاش چەند مانگێک لەلایەن لقی دوو دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بەتۆمەتی “ئەندامبوونی یەک لە گروپە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی” بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا. ناوبراو هەروەها لە دۆسییەیەکی دیکەدا بە ٨ مانگ بەندکران سزادرا.

کامران دەروێشی، هاوڵاتی خەڵکی ورمێ ڕۆژی ١٣ی گوڵانی ١٣٩٥ / ٢٠١٦.٠٥.٠٢، لە ورمێ دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا. ناوبراو لە مانگی خەزەڵوەری ئەو ساڵەدا / ٢٠١٦.١٠ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی “دادوەر شەیخلو” بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردستانی بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا.

ڕەزا ئیسماعیلی و کەیوان زارع دوو کەس لەو هاوڵاتیانەن کە لە میانەی خۆپیشاندانەکانی دژ بە هێڕشی ئەرتەشی تورکیا بۆسەر باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوا) لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر / ١٠.١٢ لە ورمێ دەستبەسەرکرابوون.

ئەو دوو هاوڵاتییە پاشان لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتیی “دادوەر چابوک” بە تۆمەتی “بانگەشە دژ بە کۆماری ئیسلامی” بە ساڵێک بەندکران سزادران.

کامران قاسمی، کەیوان ڕەشۆزادە و ئومێد سەعیدی، سێ هاوڵاتی خەڵکی ورمێن کە نزیکەی ٥ مانگ پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و پاش ماوەیەک لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بۆ بەندی گەنجانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕەوانەکرابوون.