هادی ڕوستەمی، زیندانیی مەحکووم بە بڕینەوەی ئەندامی جەستە، ڕۆژی شەممە ٢٥ی سەرماوەز (١٦ی دیسامبەر) لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە). ئەم زیندانییە وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر ئەم گواستنەوەیەدا لە ڕۆژی ڕابردووەوە لە قەرەنتینەی ئەو زیندانەدا مانی لە خواردن گرتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە هادی ڕوستەمی دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٢٤ی سەرماوەز (١٥ی دیسامبەر) بانگ کراوە بۆ بەردەم نووسینگەی پاسەوانیی زیندانی ناوەندیی ورمێ و دوای ئەوەی دراوەتە دەستی هێزەکانی بەشی گواستنەوە، ڕەوانەی زیندانی فەشافوویەی تاران کراوە.

بەرپرسانی زیندانی فەشافوویە ڕایانگەیاندووە کە هۆکاری گواستنەوەی ئەم بەندکراوە دەگەڕێتەوە بۆ سکاڵانامەیەک کە ڕوحوڵڵا گوودەرزی، سەرۆکی بەندەکانی زیندانی فەشافوویە، لە جۆزەردانی ساڵی ڕابردوودا (ژوەنی ٢٠٢٢) بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی زیندان» و «لێدان و بریندارکردنی بەئەنقەست» دژ بە هادی ڕوستەمی تۆماری کردووە.

هادی ڕوستەمی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی سەرماوەز (١٨ی دیسامبەر) لە پەیامێکدا لە زیندانی فەشافوویەوە، وێڕای ئاماژەدان بە سکاڵانامەکەی سەرۆکی بەندەکانی زیندانی فەشافوویە و کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێ لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی تاراندا، ڕایگەیاند کە جۆزەردانی ١٤٠١ (ژوەنی ٢٠٢٢) لە کاتێکدا کە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی ئەندامەکانی جەستە لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە گوازرابوویەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە، بە دەستووری ڕوحوڵڵا گوودەرزی لە لایەن هێزەکانی گاردی زیندانەوە بە سەختی ئەشکەنجە دراوە و ئاسەواری ئەو لێدانە، لەوانە شکانی لووت، ئەنیشک، سەر و شلبوونەوەی پلاتینیۆمی ناو لەشی، تا ئێستایش هەر ماوەتەوە.

هادی ڕوستەمی لەم پەیامەدا هەروەها وتوویەتی کە مەترسیی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی مەترسییەکی زۆر جیدییە.

ئەم بەندکراوە گەلاوێژی ئەمساڵ (جولای) لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە و لە دووتوێی پەیامێکی دەنگیدا بۆ ڕێکخراوە داکۆکیکارەکان لە مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاندبوو: «چەندین جار سەبارەت بە دۆسیەکەم نامەم نووسیوە، بۆ سەرۆکی دەزگای دادوەری، بۆ پارلەمان و بۆ ڕێبەر. هیچیان وەڵامیان نەداومەتەوە. بە ناچار لە ساڵی ١٤٠١دا (٢٠٢٢) کە بۆ گواستنەوەی دۆسیەکەم برابوومە زیندانی تارانی گەورە، پەنام بردە بەر ڕێکخراوە جیهانییەکان، چەند جارێکیش قسەم کرد بەڵکوو ئەوان دەنگم ببیسن. لە وڵاتەکەی خۆمدا چەندین جار نامەم بۆ داواکاری گشتی، ڕێبەر، سەرۆکی پارلەمان و… نووسی بەڵام هیچیان دەنگی منیان نەبیست».

هادی ڕوستەمی پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٩دا (٢٠٢٠) بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» سزای ٨ مانگ بەندکران و ٦٠ قامچیی بەسەردا سەپابوو کە سزای قامچییەکە لە گوڵانی ١٤٠٠دا (مەیی ٢٠٢٠) لە دادگای ورمێ جێبەجێ کرابوو. هەروەها لە کۆتاڕۆژەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (مارسی ٢٠٢٣) لەسەر داوای فەرهاد حاجبیی میاندواوی، بەرپرسی بەشی پشکنینی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ورمێوە بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» سزای ٨ مانگ بەندکران و ٤٥ قامچیی بەسەردا سەپا.

هادی ڕوستەمی، باوکی منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت و خەڵکی ئیلام، لە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ (٢٥ی ئاگۆستی ٢٠١٧) لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان لە شاری ورمێ دەستبەسەر کرا.

هادی ڕوستەمی پێشتر لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ کۆمیسیۆنی لێبخۆشبوون و بەخشینی دەزگای دادوەریی ئێران و هەروەها ڕاپۆرتکاری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران کە نوسخەیەکیشی نێردرابوو بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نووسیبووی: «من، زیندانی هادی ڕوستەمی کوڕی ناسر بە ژمارە دۆسیەی ١٠٠٤٠٣ لە دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست و چەندین میلیارد غەرامەی ڕادەستکردنەوەی ماڵی دزراوم بەسەردا سەپاوە. لە پێنج ساڵ لەمەوپێشەوە تا ئێستە لە زینداندام و لە ئیدارەی ئاگاهیی چەندین شار و لەوانە ورمێ، ئەردەبیل و بەندەر ئەنزەلی خراومەتە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییەوە».

ئەم زیندانییە لە درێژەی نامەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە لە کۆی ئەو ٢٨ حاڵەتی دزینە کە لە دۆسیەکەیدا ئاماژەی پێ کراوە ئاگای لە ٢٠ حاڵەتیان نییە و دادگایش بەبێ گوێگرتن لە داکۆکییەکانی حوکمی بێبەزەییانەی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی بەسەردا سەپاندووە.
ئەم حوکمە لە لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی بەردەم لقی ٨ی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ کراوە.

کۆمیسیۆنی بەخشین و لێخۆشبوونی دەزگای دادوەری لە ساڵی ١٤٠٢دا (٢٠٢٣) سزای بڕینەوەی ئەندامی جەستەی هەردوو هاودۆسیەکەی ئەم بەندکراوەی هەڵوەشاندەوە.