تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، “محەممەد عەسری گەنگەچین” بەندکراوی سیاسیی کورد لە رێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە/ 2019.04.14 بۆ سزای ساڵێک بەندکران بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازراوەتەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا بێبەش کراوە لە وەرگرتنی مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە خەڵکی ئاوایی “ئەربیلان”ی سەر بە شاری ورمێیە. ناوبراو لە رێکەوتی ١١ی جۆزەردانی 1397/ 2018.07.01 لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی مانگێک و ٢٧ رۆژ لە دەستبەسەرگەی ٨١ی رەمەزانی ئەم ناوەندە ئەمنی و سەربازییە لێکۆڵینەوە لەگەڵ کرابوو.

محەممەد عەسری گەنگەچین دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازراوەتەوە و لەوێش پاش مانگێک لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە بەڕێکراوە. دواتر بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر عەلی شێخلو بە تۆمەتی “ئەندامبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)” و “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەم بڕیارە پاشان لە لقی 27ی دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشێنرایەوە.

دۆسیەی محەممەد عەسری گەنگەچین سەرەنجام درایە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر چابوک و لەوێ بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بە ساڵێک بەندکران سزادرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە رێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە /  2019.04.14 بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای ساڵێک بەندکران بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازراوەتەوە.