بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەز، تەقینەوەی مینێک لە نزیک گوندی «شێخ‌سەلۆ»ی چاڵدۆرانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بۆتە هۆی برینداربوونی قورسی هاووڵاتییەک بە ناوی قادر دەلایی‌میلان.

دەوترێت مینەکە لە کاتێکدا تەقیوەتەوە کە ئەم هاووڵاتییە خەریکی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانی بووە. ناوبراو ئێستا لە نەخۆشخانەی شاری ماکۆ خەوێنراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی گەڵاڕێزاندا تەقینەوەی مین بۆتە هۆی پەڕینی ئەندامی لەشی دوو کۆڵبەر، برینداربوونی دوو ئەندامی ناوەندی هەڵگرتنەوەی مین و گیان‌لەدەستدانی هاووڵاتییەک.