بە داخەوە لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە ئەنجامی تێکهەڵچوونە خێڵەکییەکاندا لەسەر کێشەی زەوی و زار لە ناوچەی داڵاهۆ و سەرپێڵی زەهاوی پارێزگای کرماشان، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی عالیە سڵێمانی، خەڵکی گوندی داراب، حەیدەر کەرەمی، خەڵکی گوندی قوڵقوڵە و شەمسوڵڵا محەممەدی، خەڵکی گوندی کویک، گیانیان لەدەست داوە و هاووڵاتییەکی تر بە ناوی کەیهان کەرەمی لە حاڵەتی کۆمادایە. 

دەوترێت لانیکەم یەک لەم کەسانە بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان کوژراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە وتەی خەڵکی ناوچەکە هێزە سەربازی و دەوڵەتییەکان ئەرکی خۆیان لە سەقامگیرکردنی ئاسایش و بەرگرتن بە تێکهەڵچوونەکان جێبەجێ نەکردووە و سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی پێشووتر سەبارەت بە ڕوودانی تێکهەڵچوون، گەلێ درەنگ کەوتوونەتە خۆ.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی کوشتنی ئەم هاووڵاتییانە و سەرەخۆشیکردن لە بنەماڵەکانیان، پشتیوانی دەکات لە هەوڵەکانی کەسایەتییە ئایینییەکان و چالاکانی مەدەنیی سوننی و یارسان لە ناوچەکەدا بۆ کۆتاییهێنان بەم گرژییانە و سەقامگیرکردنی ئارامی. هەروەها هۆشداری دەدات لە مەترسیی قووڵکردنەوە و پەرەپێدانی کێشە قەومی و مەزهەبییەکان لە ناوچەکەدا. 

هەرچەشنە هەوڵێک بۆ دروستکردن و پەرەپێدانی جیاوازییە مەزهەبییەکان لە ناوچەکەدا بە ئاڕاستەی ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامیدایە بۆ دووبەرەکینانەوە و بزواندنی خەڵکەکە دژ بە یەکتر. هاووڵاتییانی کوردی یارسان و سوننەمەزهەبی ئێران لە ڕیزی ئەو گرووپانەدان کە ستەمیان لێ کراوە و تامی هەڵاواردنیان چێشتووە و ژینگەی جوگرافیاییان ساڵەهایە لەگەڵ بێبەشکردن و هەژاریدا دەستەویەخەیە.