تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە و شارەکانی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا دەداتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی ڕێکخراوە و ماڵپەڕە چالاکەکانی تر لەم بوارەدا ئامادە کراوە.
بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد سەبارەت بە هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە. هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە جۆزەردانی ١٤٠٤دا (مەی و ژوەنی ٢٠٢٥)، دوو کۆڵبەر بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە و دوو کۆڵبەری تریش بریندار بوون. لانیکەم ١٧ بەندکراوی کورد لە زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون. هاوکات سزای بەندکران بۆ لانیکەم ٨ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد دەرکراوە. هەروەها لانیکەم ٣٩ کەس بە تۆمەتی سیاسی دەستبەسەر کراون و ژمارەیەکی دیکەیش ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە بوونەتەوە.
دوابەدوای هێرشی ئیسراییل بۆ سەر ئێران و دوای تێپەڕینی ١٠ ڕۆژ لە تێکهەڵچوونی قورس و بێوێنە لە نێوان هەردوو دەوڵەتی ئیسراییل و ئێراندا، حکومەت درێژەی بە سیاسەتی سەرکوتکارانەی خۆی لە ناوخۆی ئێراندا، لەوانە لە کوردستان، داوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ بەندکراوی تۆمەتبار بە «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» لە ئێراندا لە سێدارە دراون و ئەمەیش بووەتە مایەی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست مەترسیی لەسێدارەدانی هەموو ئەو بەندکراوانەدا کە بە ئاوا تۆمەتێکەوە لە زینداندان.
هاوکات هەندێ ڕاپۆرت لەسەر دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و نایاسایی ژمارەیەک هاووڵاتی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارە جیازەکانی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە. توندکردنەوەی کەشی ئەمنی و دانانی خاڵی پشکنین لە ناو شارەکاندا و بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکیی چالاکانی مەدەنی و تەنانەت هەندێ لە دژبەران و ڕەخنەگرانی شەڕ، هەمووی نیشاندەری ئەوەیە کە حکومەت هێشتا هەر سەرکوت بە ئەرکی لەپێشینەی خۆی لە سیاسەتی ناوخۆدا دەزانێت؛ سیاسەتێک کە تەنانەت لە کاتی شەڕ و قەیرانە بەربڵاوە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیشدا هیچ نەگۆڕاوە و تا ئێستایش لەسەر کۆنترۆڵکردن و تۆقاندنی کۆمەڵگە چڕ بووەتەوە.
هەروەها بەپێی هەندێ ڕاپۆرت لە شارە جیاوازەکانی کوردستانەوە، سوپای پاسداران دانیشتوانی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوونی نزیک لە ناوەندە سەربازییەکانی ناچار کردووە ماڵەکەیانی خۆیان بەجێ بهێڵن و چۆڵی بکەن.
· کۆڵبەران
بە هۆی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی محەممەد ڕەحیمی و کووروش مورادی لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود و سەوڵاوا کوژران و لانیکەم دوو کۆڵبەری تریش لە ناوچە سنوورییەکانی بانە بریندار بوون.
· لەسێدارەدان
لانیکەم ١٧ بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی «مادە هۆشبەرەکان» و «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانەکانی ماکۆ، قزلحەساری کەرەج، ناوەندیی کەرەج، قەزوێن، کرماشان و ورمێ لە سێدارە دران.
ڕۆژی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٠ی ژوەنی ٢٠٢٥) دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە ٩ بەندکراوی تۆمەتبار بە «ئەندامبوون لە داعشدا» لە سێدارە دراون؛ بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە ناسنامە و شوێنی ڕاگرتن و لەسێدارەدانیان بکات. بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەست کەوتووە، زۆربەی ئەم بەندکراوانە کە هاووڵاتیی کوردی سوننە بوون، ڕۆژی ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٤ (١٢ی مەیی ٢٠٢٥) دوای هێرشکردنی هێزەکانی گاردی زیندان بۆ سەر بەندی زیندانییە مەزهەبییەکانی زیندانی قزلحەساری کەرەج و بە توندوتیژی و لێدانێکی زۆرەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون و وا دیارە بە شێوەی بەکۆمەڵ لە سێدارە دراون. ئەم ٩ کەسە لە دەستبەسەرکراوانی تێکهەڵچوونەکەی ڕێبەندانی ١٣٩٦ (٢٠١٨) لە ناوچەی سنووریی «بەمۆ»ی سەر بە شاری سەلاسی باوەجانیی کرماشان بوون.
· سزاکان
لانیکەم ٨ هاووڵاتیی کورد، لەوانە چالاکوانانی ئایینی، سیاسی، کرێکاری، مەدەنی و ژینگەپارێز، لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی، کەیفەری و تایبەتی مامۆستایانی ئایینییەوە لە شارەکانی مەریوان، شنۆ، هەمەدان، سنە و دێولان بە تۆمەتی سیاسی سزای بەندکران، بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی پارەیان بەسەردا سەپا.
· دەستبەسەرکردنەکان
لانیکەم ٣٩ هاووڵاتی، لەوانە چالاکوانانی سیاسی، مەدەنی، ڕاگەیاندن، فەرهەنگی و ئایینی و هەروەها ئەندامی بنەماڵەی دادخوازانی کوردستان، لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان و هەمەدان، بە هۆکاری سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کران.
لە کۆی ئەم هاووڵاتیانە یەک کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە. ئەگەرچی حەوت لەم دەستبەسەرکراوانە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاویان تا ئێستایش هەر دەستبەسەرن و لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هەندێکیان هیچ زانیارییەکی ورد بەردەست نەکەوتووە.
· بانگهێشتکردنەکان
ـ لەیلا پاشایی و باران ساعیدی، دوو ژنەچالاکی کورد کە دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژن لە شاری سنە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و پاشتر بە بارمتە ئازاد کرابوون، دوای بانگهێشتکران بۆ لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە تۆمەتی نوێی «پێکهێنانی گرووپی نایاسایی» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت»یان ڕووبەڕوو کرایەوە و ڕێژەی بارمتەکەیشیان بە ڕێژەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی دیکە زۆر کراوە.
ـ پازدە چالاکوانی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» بانگهێشتی بەردەم لقی ١٠٩ی دادگای کەیفەریی دووی سنە کران.
ـ مامۆستا بەرزان مەلێکی، بەرنوێژ و وانەبێژی مزگەوتی جامیعی «شێخەین»ی سنە، پاش ئازادکرانی کاتی، لە ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەرداندا (٩ی ژوەن) بۆ دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدان بانگهێشت کرا.
· دۆخی زیندانیانی سیاسی
ـ ڕەزا ڕەمەزانزادە، زیندانیی سیاسیی کورد کە سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران لە زیندانی تارانی گەورەدا (فەشافوویە) تێدەپەڕێنێت، دوای ئەوەی کەوتە بەر پەلامار و لێدانی ٤ بەندکراوی دیکە، بە قورسی لە لای سەرەوە بریندار بوو، بەڵام سەرەڕای ئەمەیش پاش ٣ ڕۆژ خوێنلەبەرچوون ڕەوانەی نەخۆشخانەکەی زیندان کرا.
ـ ئیرەج سۆفیمحەممەد، زیندانیی مەزهەبیی خەڵکی مەهاباد، لە ڕۆژی ١ی جۆزەردانەوە (٢٢ی مەی) وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر گەڕاندنەوەی لەناکاوی لە زیندانی کراوەوە بۆ بەندی ناوخۆی زیندانی ئەم شارە، مانی لە خواردن گرت. ئەم بەندکراوە دوای چەند ڕۆژێک دوور خرایەوە بۆ زیندانی میاندواو و دەوترێت دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.