بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٤ی خاکەلێوە (٣ی ئاوریل) فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١دا (١٧ی مارسی ٢٠٢٣) لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە درا، دوای بانگهێشتکران بۆ لقی ٩ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ دەستبەسەر کراوە.

فەخرەدین ئیبراهیمی دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ئەم شارە کراوە. ئەم هاووڵاتییە ١٩ ساڵەیە حەفتەی ڕابردوو بە تۆمەتی «شێواندنی بینا حکوومییەکان» بانگهێشتنامەیەکی لە لقی ٩ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێوە بۆ نێردرابوو.

فەخرەدین ئیبراهیمی پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەمەدا (١٦ی مارس) و پاش سەردانکردنی زیندانی ناوەندیی ورمێ بە مەبەستی دواهەم دیدار لەگەڵ باوکیدا، کەوتبووە بەر پەلامار و لێدانی هێزەکانی زیندان و بۆ چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر کرابوو.

مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کورد، ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەمە (١٧ی مارس) لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە درا. دامودەزگا ئەمنییەکان تا ئێستە تەرمی ئەم زیندانییە سیاسییەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە خۆیان لە شوێنێکی پارێزراودا ئەسپەردەیان کردووە.

لە دوو حەفتەی ڕابردوودا و پاش سەردان و بەدواداچوونی بنەماڵەی مەحیەدین ئیبراهیمی بۆ دادگا و ئیدارەی تۆمارکردنی ناسنامەی مەدەنی لە شارەکانی ورمێ، شنۆ و نەغەدە، دواجار بەڵگەی فەوتنامەکەیان لە ئیدارەی تۆمارکردنی ناسنامەی نەغەدە وەرگرتبوو. لەو بەڵگەنامەیەدا «سزای یاسایی» وەک هۆکاری مردنی مەحیەدین ئیبراهیمی تۆمار کراوە.