بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی گوڵان، مەحموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی، لە چالاکە کرێکارییە ناسراوەکانی کوردستان، لە دووتوێی بانگهێشتنامەیەکدا بانگهێشتی بەردەم لقی سێهەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز کرابوون کە دوای سەردانکردنی دادگاکە یەکسەر دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ زیندانی ئەم شارە.

دەوترێت کە دوای ڕاگەیاندنی تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» بەم دوو چالاکە کرێکارییە، لێپرسەوەکەی دادگا بارمتەی ٤٠ میلیۆن تمەنیی بۆ ئازادکردنیان داناوە کە ئەم بابەتە بۆتە مایەی ناڕەزایی و دەنگهەڵبڕینی ناوبراوان.

«بڵاوکردنەوەی فیلم و وێنە سەبارەت بە ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە لایەن ئەم دوو چالاکە کرێکارییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا» وەک هۆکاری دەستبەسەرکردنیان ڕاگەیەنراوە.