تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی گەڵاڕێزان، هەردوو زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، مەحیەدین ئیبراهیمی و مەحیەدین تازەوارد، کە پێشتر حوکمەکانیان لە دیوانی باڵای ئێراندا پەسەند کرابوو، گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. بە هۆی پەسەندکرانی حوکمی هەردووکی ئەم زیندانییانەوە، ئێستا مەترسیی لەسێدارەدانیان لە ئارادایە.

هەروەها هێزە ئەمنییەکان زیندانییەکی مەزهەبیی تریان بە ناوی داوود جەباری لەگەڵ ئەم دوو کەسەدا لە بەندی زیندانییانی سیاسییەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستۆتەوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی ٤٠ ساڵان، خێزاندار و خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ١٢ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٦دا لە گوندێکی شاری شنۆ بە تەقەی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپا بریندار و دەستبەسەر کرا و پاشان گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێ و بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» کەوتە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدانی قورسەوە.

دادگای ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٧دا لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو و بەبێ پارێزەری دیاریکراوی خۆی بەڕێوە چوو و ڕۆژی یەکی ڕەزبەر لە زینداندا بە ڕەسمی پێی ڕاگەیەنرا کە بە تۆمەتی «بەغی» حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەر چووە. ئەم حوکمە دوای تانەلێدان نێردرایە بەردەم لقی ١٩ی دیوانی باڵای ئێران و لەبەر «ناتەواویی لێکۆڵینەوەکان» حوکمەکە هەڵوەشێنرایەوە و سەرلەنوێ نێردرایەوە بۆ لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ. ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ دووهەم جار لە بەفرانباری ١٣٩٨دا لە لایەن ئەم دادگایەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپایەوە.

مەحیەدین تازەوارد، زیندانیی مەزهەبیی کوردی سوننە، لە پووشپەڕی ١٣٩٩دا لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. مەحیەدین تازەوارد لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٧دا لە شاری شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرابوو.