هاووڵاتییەکی ٢٧ ساڵانی کوردی خەڵکی ورمێ بە ناوی شاهین وەساف، دوای زیاتر لە ساڵێک دەستبەسەربوون لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شاهین وەساف ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) لەگەڵ هاووڵاتییەکی تردا بە ناوی ناسر وەساف لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ورمێ دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆدەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.

ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ ماوەی چەند مانگ لەو دەستبەسەرگەیەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و قبووڵکردنی تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسراییل» لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بوون و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتیانە بەبێ پارێزراوی دیاریکراوی خۆیان لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو و ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ئەمساڵ (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە زینداندا حوکمەکەیان پێ ڕاگەیەنرا.

بەپێی ئەو حوکمە، شاهین وەساف بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. ناسر وەسافیش لەم حەفتانەی ڕابردوودا و دوای زیاتر لە ساڵێک بەندکران لە زیندان ئازاد کراوە.