مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینیی ٤٥ ساڵانی کورد کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە، بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض»، «زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی یان سەربەخۆیی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێ وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وتی: «دادگای مامۆستا خزرنژاد لە چوار کۆبوونەوەی کورتدا کە دواهەمینیان لە گەڵاڕێزانی ئەمساڵدا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) بوو، بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر بەڕێوە چوو و دادوەر بەبێ گوێگرتن لە ڕوونکردنەوە و بەرگرییەکانی تۆمەتبار و تەنها لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات، سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاندووە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، محەممەد خزرنژاد لە ماوەی دەستبەسەربووندا ٣ مانگ و نیو لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە و بە زۆر گرتەیەکی ڤیدیۆییان لە دانپیانانەکانی هەڵگرتووە و وەک بەڵگە لەسەر دۆسیەکەیان داناوە. ئەم مامۆستایە هێندە قورس ئەشکەنجە دراوە کە تەنانەت دوای گواستنەوەیشی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، ئاسەواری ئەشکەنجەکان بەسەر لەشیەوە دیار بوو.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «مامۆستا خزرنژاد سەرەڕای ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی دادگادا دەرفەتی پێویستی بۆ بەرگریکردن لە خۆی پێ نەدراوە، بەڵام هەموو تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە سەرجەم دانپیانانەکان، لەوانە گرتە ڤیدیۆییە تۆمارکراوەکە لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، بە زۆر و لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا لێی وەرگیراوە. هەروەها وتوویشیەتی لەبەر ئەوەی کە مامۆستای ئایینییە، دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئەهلییەتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی ئەوی نییە».

ئەم مامۆستا کوردە لە کاتێکدا لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ گرووپە مەزهەبییە توندڕەوەکاندا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە کە هەمیشە لە وتار و ئاخافتن و بایاننامەکانیدا ڕەخنەی لە هەرچەشەنە توندڕەوییەکی مەزهەبی گرتووە و بەردەوام پێداگریی لەسەر لێکبوردن و ئاسانگیریی ئایینی کردووە.

محەممەد خزرنژاد لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١دا (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان دەرگای ماڵەکەیان شکاندبوو و لەوپەڕی توندوتیژیدا پەلاماری مامۆستا خزرنژاد و ئەندامانی بنەماڵەکەیان دابوو. هەروەها یاسر خزرنژادی کوڕی مامۆستایشیان دەستبەسەر کرد کە دوای چەند ڕۆژێک ئازاد کرا.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد دوای ئەوە دەستبەسەر کرا کە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەسعەد ڕەحیمی، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە مزگەوتی ئیفتیخاریی بۆکاندا وتارێکی ڕەخنەگرانەی پێشکەش کرد. ئەم مامۆستایە دوای سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە کاناڵە تێلێگرامییەکەی خۆیدا کۆمەڵێک بۆچوون و بابەتی بۆ پشتگیریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان و یادکردنەوەی گیانبەختکردوان بڵاو دەکردەوە.

هەروەها لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠١دا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بەیاننامەی ٢٦٦ مامۆستای ئایینیی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنی سەرهەڵدانی جەماوەری و شەرمەزارکردنی سەرکوتی توندوتیژی خەڵک لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە بڵاو کرایەوە کە مامۆستا خزرنژادیش یەک لە واژۆکەرانی بوو. لە بەیاننامەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، وترابوو: «ئێمە وەک کۆمەڵێک لە مامۆستایانی سوننەی کوردستان، وێڕای ڕاگەیاندنی پاڵپشتیی تەواوی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەوا و یاساییەکانی خەڵک، توندوتیژی و دەستبەسەرکردن و کوشتاری خۆپیشاندەران بە توندی شەرمەزار دەکەین و پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی هەموو خەڵکی بوێر و ستەملێکراوی ئێران دەکەین».

مامۆستا خزرنژاد لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە ناچار کراوە واز لە ئەرکی بەرنوێژی لە مزگەوتە جیاوازەکانی سنە و بۆکان و گوندەکانی دەوروبەریاندا بهێنێت.