ڕۆژی هەینیی ڕابردوو تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ناوەندی عەبدوڕەحمان بوروومەند بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی هاوبەش باسیان لە مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی بڕینی چوار قامکی دەستی لانیکەم هەشت زیندانی کردووە.

بەپێی دوایین هەواڵێک کە لە زیندانی تارانی گەورەوە بە دەستمان گەیشتووە، دەمەوبەیانی ڕۆژی شەممە ٢١ی جۆزەردان (١١ی ژوەن) لانیکەم ٧ زیندانیی مەحکووم بە بڕینەوەی چوار قامکی دەست لە لایەن یەکەی تایبەتی جێبەجێکردنی حوکمەکانەوە گوازراونەتەوە بۆ ناو ئۆتۆمبێلی تایبەتی گواستنەوەی زیندانییان، بەڵام بە هۆی سەرپێچیکردنی چەند زیندانییەکی تری بەندی ٤ و تێکهەڵچوونیان لەگەڵ هێزەکانی یەکینەی تایبەتی زینداندا، گواستنەوەی ئەم زیندانییانە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانیان کەوتۆتە دواوە و زیندانییەکان گەڕاونەتەوە بۆ ناو بەندەکانی خۆیان.

ناسنامەی ئەم ٧ زیندانییە هادی ڕوستەمی، مێهدی شاهیوەند، مێهدی شەرەفیان، ئەمیر شیرمەرد، مورتەزا جەلیلی، یەعقووب فازڵیی کۆشکی و ئیبراهیم ڕەفیعی ڕاگەیەنراوە. ئەم زیندانییانە پێشتر بە تۆمەتی «دزی» مەحکووم کراون بە بڕینی چوار پەنجەی دەستی ڕاستیان.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەندامێکی یەکەی گواستنەوەی زیندانی تارانی گەورە بەم زیندانییانەی ڕاگەیاندووە کە بەپێی نامەی گواستنەوەکەیان ئەم حوکمە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج جێبەجێ دەکرێت.

ڕۆژی ڕابردوو ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەییش بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندبوو کە کاربەدەستانی ئێران سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ بڕینی قامکەکانی ئەم زیندانییانە. ئەم ڕێکخراوە داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی ئەم حوکمەی وەک بیرهێنانەوەی هەژێنەری سیستەمێکی دادی کەیفەری لە قەڵەم داوە کە ئەشکەنجەی کردۆتە شتێکی یاسایی.