هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شارۆچکەی نەوسوودی پاوە بە ناوی پەیام عەبدی کە چەند ڕۆژێک لەمەوپێش بە «تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان»ـەوە لە لایەن پۆلیسی هێزی ئینتیزامیی شاری کرماشانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە ژێر ئەشکەنجە و لە دەستبەسەرگەدا کوژراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بەفرانبار (٩ی ژانڤییە) ئەندامێکی پۆلیسی ئینتیزامی بە تەلەفۆن پێوەندیی بە بنەماڵەی پەیام عەبدییەوە کردووە و پێی ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەیان گیانی لە دەست داوە و بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی دەبێ سەردانی نەخۆشخانەی ئەرتەش لە شاری کرماشان بکەن. دوای ئەوەی بنەماڵەکەی دەچنە نەخۆشخانە، هێزەکانی پۆلیس لەسەر شێوەی گیانلەدەستدانی ئەم هاووڵاتییە کۆمەڵە قسەیەکی دژبەیەک دەکەن. یەکیان وتوویەتی تەرمەکەی لە شەقامێکی شاردا لە لایەن پۆلیسی ئینتیزامییەوە دۆزراوەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێچەوانەی بانگەشەی ئەوان، خزمانی پەیام عەبدی دەڵێن چەند ڕۆژێک لەمەوپێش لە لایەن پۆلیسی ئینتیزامییەوە لە شەقامێکی کرماشاندا دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی پۆلیس. بنەماڵەکەی هەروەها لە پزیشکیی دادی کرماشاندا ئاسەواری ئەشکەنجەیان لەسەر تەرمەکەی بینیوە، بۆ وێنە ئاسەواری شکان بەسەر قەفەزەی سینگ و سەریەوە دیار بووە.

ڕۆژی ڕابردوو تەرمی ئەم هاووڵاتییە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لە شارۆچکەی نەوسوود ئەسپەردەیان کردووە.

پەیام عەبدی، ٣٥ ساڵان، باوکی ٢ منداڵ و خەڵکی شارۆچکەی نەوسوودی پاوە بوو.