زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە زیندانی هەتاهەتایی کە ١٩ی گەڵاڕێزان بە شێوەیەکی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراو لە زیندانی کرماشانەوە دوور خرایەوە بۆ زیندانی یەزد، هێشتا هەر لە بەندی قەرەنتینەی ئە زیندانەیە و مافی تەلەفۆنکردن و دیداری بنەماڵەی لێ زەوت کراوە.
کەسێکی نزیکی زەینەب جەلالیان سەبارەت بە دوایین دۆخی ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «خانمی جەلالیان لەو کاتەوەی براوەتە زیندانی یەزد تەنیا یەک جار توانیویەتی بە کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بە تەلەفۆن پێوەندی بگرێت و لەو پێوەندییەدا ئاگاداری کردوونەتەوە کە لە لایەن بەرپرسی پاراستنی زیندانەوە پێیان وتووە کە بە شێوەی کاتی و تا زەمانێک لە باوەڕەکانی پەشیمان نەبێتەوە و لەگەڵ لێپرسەوە ئەمنییەکان هاوکاری نەکات، لە سەرجەم مافەکانی زیندانییان بێبەش دەکرێت».
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەی وتووێژەکەدا وێڕای ئاماژەکردن بە زەخت و هەڕەشەی دەزگا ئەمنییەکان لەسەر بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە، ڕایگەیاند کە باوکە بەساڵاچووەکەی زەینەب بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە ماکۆ دەستبەسەر کراوە: «ماوەیەک لەمەوبەر و دوابەدوای ئەوەی عەلی جەلالیانی باوکی زەینەب چەند وتووێژێکی لەگەڵ میدیاکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤفدا کردبوو، سەرەڕای ئەوەی بەساڵاچوو و نەخۆشە، دەستبەسەر کراوە و شەوێک لە ئیدارەی ئتلاعات لە ژێر لێپرسینەوەدا بووە و هەڕەشەی لێ کراوە، ناوبراو ئێستە بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە».
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی تیمێکی لێپرسینەوەی ئیدارەی ئیتلاعات کە لە ژێر ناوی «پارێزەرانی مافی مرۆڤ»دا کار دەکەن، کۆتایی جۆزەردانی ئەمساڵ لە زیندانی قەرچەک سەردانی زەینەبیان کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە تا کاتێک واز لە باوەڕەکانی نەیەنێت و لەگەڵ لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هاوکاری نەکات، ئەم دوورخستنەوە و زەخت و گوشارانە هەر بەردەوام دەبێت. یەک لەم کەسە ئەمنیەتییانە کە خۆی بە «سیروان ڕەحیمی» ناساندووە، ژمارە تەلەفۆنێکی بە زەینەب داوە بۆ ئەوەی ئەگەر هات و لەم هەڵوێستەی ئێستای پەشیمان بوویەوە و ویستی هاوکارییان بکات، پێوەندیی لەگەڵ بگرێت.
زەینەب جەلالیان لەم ٦ مانگەی ڕابردوودا ٤ جار دوور خراوەتەوە بۆ زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئێران. دوورخستنەوە بەردەوامەکانی زەینەب لە حاڵێکدایە کە لەبەر لێکەوتەکانی تووشبوونی بە پەتای کۆرۆنا و نەبوونی پێڕاگەیشتنی گونجاوی پزیشکی، لە دۆخێکی تەندروستیی ناجێگیردایە. ئەم زیندانییە سیاسییە کە بە هۆی ماوەی دوورودرێژی زیندانیببون و هەلومەرجی ئەستەم و نەگونجاوی زیندانەوە تووشی چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆر بووە، دوای ئەوەی لە زیندانی قەرچەک تووشی کۆرۆنا بوو، ئێستە تووشی هەناسەیەنگیش بووە.

زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له‌ ساڵی ١٣٦١ی هه‌تاوی له‌ گۆندی “دێم قشڵاق”ی سه‌ر به‌ شاری ماكۆ له‌ پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا له‌ دایك بووه‌. ناوبراو له‌ سه‌رماوه‌زی ساڵی‌ ١٣٨٦ی هه‌تاویدا له‌ كرماشان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و دوای چه‌ندین مانگ ڕاگرتن له‌ ژووری تاكه‌كه‌سیی ئیداره‌ی ئیتڵاعاتی ئه‌م شاره و‌ كه‌وتنه‌ ژێر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی فراوانەوە، له‌ لایه‌ن دادگای ئینقلاب ئیسلامیی ئەو شارەوە به‌ تۆمه‌تی هه‌وڵدان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و شەڕکردن لە دژی خوا لە ڕێگەی ئه‌ندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاک)دا، سزای سێداره‌ی بۆ دەر چوو. ئه‌م سزایه‌ دوای په‌سه‌ندکردنی له‌ دادگای پیاچوونه‌وەدا لە‌ ساڵی ١٣٩٠ی هه‌تاوی، پلەیەک كه‌م كرایه‌وه‌ و بوو بە زیندانی هه‌تاهه‌تایی. ناوبراو به‌ درێژایی ئه‌م ساڵانه‌ له‌ به‌ندیخانەدا‌ تووشی نه‌خۆشیی جۆراوجۆری وه‌ك كزیی چاو، ناخونەكی چاو و نەخۆشیی دەم بووه‌.
کۆمیتەی دەستگیرکردنە نایاساییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ١٣٩٥ و لە دووتوێی داواکارییەکی فەرمیدا داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد دەسبەجێ زەینەب جەلالیان ئازاد بکات و هەموو ڕێوشوێنەکان بۆ قەرەبووکردنەی ئەو خەسار و ئازارانەی بە سەریدا سەپاوە، بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان بگرێتە بەر. بە پێی داوانامەکەی ئەم کۆمیتە نێونەتەوەییە، بێبەشکردنی زەینەب جەلالیان لە مافی ئازادی، کارێکی سەرەڕۆیانەیە و پێچەوانی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە و دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەوانەی لە پێشێلکردنی مافەکانی ئەم چالاکڤانە سیاسییە کوردەدا دەوریان هەبووە، بخاتە بەر لێپرسینەوەی یاساییەوە.